حكوومه‌ت: ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی مافی مرۆڤ بێ ئینسافه‌ به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌

:: PM:11:02:14/11/2016 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ  دەداتەوە و دەڵێت بێ ئینسافی بەرامبەر بە پێشمەرگە و لایەنگیریی تیرۆریستانی تێدایە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م، لیژنه‌ی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەڵامی راپۆرتێكی رێكخراوی چاودێریی جیهانی مافەكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ)ی دایەوە.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌یه‌:

لە شەشی نوڤەمبەری 2016 رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی لەژێر ناوی هێزە كوردییەكان گوندە عەرەبنشینەكان دەكەنە ئامانج بڵاو كردووەتەوە، كە بێ ئینسافی بەرانبەر بە پێشمەرگە و لایەنگیریی تیرۆریستانی تێدایە و لە وەڵامی راپۆرتی ئەم رێكخراوە رادەگەیێنین كە:

یەكەم: بە داخەوە راپۆرتەكە زانیاری و ئەنجامگیری و لێكدانەوەی نادروست و لایەنگیری و حوكمی پێشوەختەشی تێدایە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ واقعدا ناگونجێت.

دووەم: تایتێڵ و ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە لەشوێن خۆی نییە و جێگەی سەرسووڕمانی ئێمەیە. ئەگەر سیاسەت و نەهجی هەرێمی كوردستان دژایەتیكردنی عەرەب بێت ئەدی بۆچی ڕێگە دراوە ملیۆنێك و پێنجسەد هەزار ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ ببن. پرسیار ئەوەیە بۆچی لە ڕاپۆرتەكەیاندا باسی میوانداری و سینگفراوانیی خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر سەدانهەزار ئاوارەی عەرەب ناكرێت كە ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

سێیەم: ناكرێ ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ بە ڕاپۆرتی لەم جۆرە ببێ بە پارێزەری داعش و زەمینەبۆ چاوپۆشیكردن لە تاوانی ئەو كەسانە ساز بكرێت كە دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و كچ و ژنی ئێزیدییان ڕفاندووە و كار بۆ بەخشینی داعشەكان بكرێت.پێشتر و ئێستا و لە ئاییندەیشدا ئەوە سیاسەتی ئێمە بووە و دەبێ، كە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و لەناوبردنی داعش و لایەنگران و هاوكارەكانیان ئەنجامی دەدەین.

چوارەم: تەحەددا دەكەین ئەگەر تەنانەت یەك حاڵەتیش هەبێ كە كەسێكی بێگوناە و مەدەنی بە ئەنقەست كوژرابێت، با ڕێكخراوەكە ئاماژەی پێ بكات و ئێمەیش ئامادەین بۆ هەموو ئیجرائاتێكی پێویست.

پێنجەم: لە ماوەی دووساڵی شەڕدا تەنانەت یەك شوێنی سڤیلیش لە لایەن پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان نەكراوەتە ئامانج. ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا كراوە خەڵكی لێ نەبووە و تەنیا مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش بووە.

شەشەم: لەبری ئەوەی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ پشت بەو كەسانە ببەستن كە زانیاریی هەڵە و چەواشەكارانەیان بۆ دەهێنن با بڕۆن گوێ لە خەڵكی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بگرن بۆ ئەوەی بزانن مامەڵەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هاووڵاتیانی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بە چ شێوەیەك بووە.

 لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕونكردنەوەی زیاتر دەدات وەك لە هاوپێچدا هاتووە ئەمە دەقەكەیەتی:

سەبارەت بە وێرانكردنی ئەم ناوچانەی كە لە راپۆرتەكاندا باس دەكرین و لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە رەوشی ئەم ناوچانە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێكەوتی 4/4/2016 بڕیاریدا بە دامەرزاندنی (لیژنەی دەرخستنی راستییەكان) بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ناوەڕۆكی راپۆرتی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ (HRW) و چەند لایەنێكی دیكە، كارەكانی سێ مانگی خایاند و لە میانەی كارەكانی لیژنەكە دەركەوت كە خاپوور كردنی خانووەكان بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ مینڕێژكردنی خانوو و شەقامەكان لەلایەن تیرۆریستانی داعش، رووبەرووبوونەوەی نێوان هێزە ئەمنییەكان و داعش و بەكارهێنانی بەشێك لەو خانووانە وەك مۆڵگە لەلایەن داعشەوە بووە.

سەبارەت بە ناوچەی زوممار دەركەوت كە وێرانكردن و خاپووركردنی خانووەكان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو ئەوانیش: قۆناغی كۆنتڕۆڵكردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی بۆردوومانی، ئینجا قۆناغی كۆنتڕۆڵكردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، لە رۆژی 2/8/2014 ناوچەی زوممار و ژمارەیەكی زۆر لە گوندەكانی كەوتنە ژێردەسەڵاتی داعش بۆیە سەنتەری زوممار بووە ئامانجی هێزەكانی پێشمەرگە لە رێگای بۆمب بارانكردن بە چەكی قورس وەك موشەك و هاوەن، چونكە لە زۆر لاوە لەلایەن هێزی پێشمەرگە دەورە درابوو، دوای ئازادكردنەوەی زوممار و دەوروبەری لە سەرەتادا نەتواندرا وەك پێویست كۆنتڕۆڵی نیگەرانی و توڕەیی خەڵكی بكەن بۆیە لە هەندێك شوێن كاولكاری روویداوە، هەروەها هەندێكی دیكەش بە هۆی كێشەی شەخسییەوە وێرانكراون بۆ نموونە وێرانكردنی خانووی هاوڵاتیانی سڤیل لە گوندی (خانی خەراب) ئەم خانووانە بە بوونی هاوسۆزی لەگەڵ داعش خراپكراون.

تا ئێستا لە سەنتەری شاری زوممار زیاتر له هەزار خانوو تێكدران بە هۆكاری جیاجیا بەمشێوەیە: نزیكەی (330) خانووی كارمەندانی ئاسایش، كادرانی حزبی و پۆلیس و لەشكەری لەلایەن داعشەوە تێكدراون و هەموویان لە دادگا سكاڵایان تۆمار كردووە، دەوروبەری (300) خانوو لە كاتی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش تێكدراون، (280) خانوو بە هۆی مینڕێژكردنیان دوای پاككردنەوەی تەقێندرانەوە.

زۆربەی ئەو شوێنانەی لە راپۆرتەكەدا باسیان لێوەكراوە كەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس وەك گوندی حەمەد اغا (گوندی عەرەب نشینە) و یەكەم هێڵی تەماسە (120) خانووی بەهۆی شەڕو پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و بۆردومانی داعش لە 15/8/2014 خاپوور كراون، هەندێكیان لە ئەنجامی شەڕ بۆ نموونە گوندی (بەردییە) كە پێكهاتووە لە (1124) خانوو پێكهاتووە لەوانە (83) خانوو بە هۆی شەڕ خاپوور كراوە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەی زوممار تا ئێستا نزیكەی (2000) خێزان لە كورد و عەرەبی ناوچەكە لە موسڵ و لە وڵاتی سوریا هاتوون و لە ناوچەكە نیشتەجێ كراون دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دەزگا ئەمنیەكان و هێزی پێشمەرگە، هەروەها لە فەرمانگە حكوومییەكانی ناحییەی زوممار نزیكەی ١٣٨ هاووڵاتی عەرەب كار دەكەن ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە رێگری لە هاتووچۆی خەڵكەكە ناكرێت. و بەشێك لە گوندەكان خەڵكەكەی پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و تێوەگلاون و ناتوانن بگەڕێنەوە لەوانە گوندی (ئەسكی موسڵ) كە نزیكەی (100) كەسیان چەكداری داعشن، گوندی هزیمە (40) كەسیان چەكداری داعشن،گوندی تەل زەهەب (20) كەسیان چەكداری داعشن، هەروەها بەشێك لەو عەرەبانەی كە لە زوممار نیشتەجێن لە كاتی ڕزگاركردنیدا لەگەڵ داعشدا ڕۆیشتن بۆ نموونە دانیشتوانی گوندی (گركاڤڕ) نزیكەی (98%) یان پەیوەندیان بە ڕیزەكانی داعش كردووە و ئامادە نین بگەڕێنەوە، بەڵام ڕێگریان لێناكرێت.

لەلایەكی دیكەوە تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین سەر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان كرد بە هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە شەقام، كۆڵانەكان، دوكان و بارەگا حكومییەكان، بەداخەوە ژمارەیەك پێشمەرگە بوونە قوربانی لە كاتی پاككردنەوەی ناوچەكە لە مین و تەقەمەنی، هەروەها ژمارەیەك خانووی پێكەوە گرێدراو تێكدران، هەروەها هەندێك لە گوندەكانی ناوچەكە وەك (خراب التبن و خراب العاشق) تێك نەدراون سەرەڕای ئەوەی شەڕی زۆریان تێدا رووداوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئێستا نزیكەی (80 %) خاوەن دوكان و ئەوانەی لە بازاڕدا كار دەكەن لە سەنتەری شاری زوممار و  بەشێوەیەكی ئاسایی ژیانی رۆژانەی خۆیان دەكەن.

سەبارەت بە ناوچەی كەركوك لە هەندێك راپۆرتەكان باس لە چەند گوندێكی دەڤەری كەركوك كراوە گوایە بە بلدۆزەر تێكدراون بێ ئەوەی هیچ شەڕ و پێكدادانی تێدا رووبدات وەك گوندەكانی (گوبیبە، ادریس خزعل، ادریس خباز، بای حسن، مكتب خالد، هندیەی كۆن، هندیەی نوێ و چەند گوندێكی دیكە)، بە ڵام بەپێی قسەی خودی خەڵكی ناوچەكە بەشی هەرەزۆری وێرانكاری خانووەكان لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش و خۆحەشاردانی تیرۆریستیان داعش و بۆمبڕێژكردنی خانووەكانی لەلایەن داعش بووە و زیانێكی زۆریان بە گوندەكان گەیاندووە تەنانەت لەو خانووانەی كە داعش تەقاندویەتەوە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

گوبیبە یەكێكە لەو گوندانەی كە زۆر باس لە تێكدانی دەكەن، ئەوەی راستی بێت گوندی (گوبیبە) بەر لە شەڕ پێكهاتبوو لە (200) ماڵ، لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن هەموویان (فدائی سەدام) بوون و دوای رووخانی رژێمی سەدام پەیوەندییان بە رێكخراوی تیرۆریستی (القاعدە)ـەوە كرد و بارەگای سەرەكییان لەوێ بوو، ئێستاش خەڵكەكەی هاوكارییەكی زۆری داعش دەكەن و هەر لەو گوندەوە (65) رۆكێتی كیمیاوییان هێنا بۆ ئەوەی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەی بدەن.

لەم گوندەوە خەڵكیان ئامادە كردووە و راهێنانیان پێكردوون سەبارەت بە چۆنیەتی خۆتەقاندنەوە. بەشی هەرە زۆری خانووەكانی ئەم گوندە بە تەواوی رووخاوە لە ئەنجامی شەڕ لەو گوندەدا و داعش خۆیان تێیدا حەشاردابوو. كۆمەڵێك بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەردەستدایە كە چۆنیەتی رووخانی خانووەكانی ئەم گوندە دەردەخات.، بەڵام گوندی (بای حسن) سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەك لە دانیشتوانی هاوسۆزی داعشن و هاوكارییان دەكەن، بەڵام خانووەكانیان تێكنەدراوە و چەند رێكخراوێك هاتن سەردانیان كرد هەرچەندە (8) كەسی خۆكوژ خۆیان لەو گوندە حەشاردا بوو یەكێكیان ئەو تیرۆریست بوو كە تەقینەوەكەی (دبس) ی ئەنجامدا و لە دوای هێرشی داعش بەشێك لە خەڵكی گوندی (بای حسن) هاتن بۆ ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی هەرێم و بەشێكی دیكەشیان خۆیان داعش بوون و ئێستا لە ریزەكانی داعشەوە شەڕ دەكەن.

گوندی (ادریس خزعل) لە (84) ماڵ پێكدێت و لە 1/2/2015 لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد كرا، یەكێكە لەو گوندانەی كە لە ئەنجامی شەڕەوە زۆرترین زیانی بەركەوتووە، چونكە نزیكەی (75 %)ی ماڵەكان تێكدراون، گوندی (ادریس خباز) نزیكەی (120) خێزان دەبین و لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكەمان خەڵكی گوندەكە ماڵی خۆیان جێ هێشت و تەنیا چەند كەسێكی بەساڵاچوو لە گوندەكەدا مانەوە، دوای گەڕانەوە و ئەو شەڕەی كە روویدا لەو ناوچەیە 70 خانوو تێكدران، ئەوانەی خانووەكانیان تێكدراوە هەموویان گەڕاونەتەوە، گوندی هندیەی نوێ هیچ خانوویەكی تێكنەدرا، بەڵام دوای ئەوەی داعش هێرشیان كردە سەر ناوچەكە پێشمەرگە لەو گوندە جێگیر بوون بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێرشەكانی داعش بدەنەوە و بە پێی قسەكانی خەڵكی گوندەكە هێزە ئەمنییەكان پێشێلكارییان لەم گوندەدا ئەنجام نەداوە داعش هەندێك خانووی تێكدابوو. ئێستا خەڵكی گوندی هندیەی كۆن گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هیچ گرفتێكیان نییە.

بەشێكی دیكە لەو گوندانە ناوچەی شەڕن وەك (خالد) كە بەشی هەرە زۆری خەڵكەكەی پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و بەشێكی خانووەكانیان تێكدراوە، چونكە لە ساڵی 2014 لە (وحدە و سعد) هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تر، شەڕێكی گەورە روویدا  و 23 پێشمەرگە بە دیل گیراون، لە گوندی (تل الورد) شەڕێكی گەورە لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان لەو گوندە روویدا و تیرۆریستانی داعش تۆنێلێكیان هەڵكۆڵی بە درێژایی 180 مەتر لەژێر قوتابخانەیەكی گوندی (تل الورد) و مەبەستیان بوو لەژێر ئەم تۆنێلەوە بێن بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، لە گوندەكانی (سمایلاوە و منصوریە) بڕێكی زۆر (TNT) و مین دەستی بەسەردا گیراوە تەنانەت لە هەندێك شوێن كارگەی درووستكردنی تەقەمەنییان هەبووە. لەگوندی (سید خلف) یەك ترێلە كە بە (TNT) بۆمبڕێژكرا بەمەبەستی تەقاندنەوە دەستی بەسەرداگیرا، كە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئامادە كرابوو.

 هەروەها راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن هەندێك لەو گوندانە هیچ خەڵكی مەدەنی تێدا نەبوو و ئێستاش چۆڵن و خەڵكەكەی نەگەڕاونەتەوە بێ ئەوەی تێك بدرێن بۆ نموونە گوندی (مریەم بەگ) هیچی تێكنەدراوە، بەڵام ئێستا كەسی تێدا ناژی، هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نزیكە لە هێڵی تەماس و دەكەوێتە ناوچەی نێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگە و پرۆژەی ئاودێری كە بە (مشروع ری صدام) ناسراوە واتە لە پشت سەنگەرەكانی پێشمەرگەیە و زۆر جار لەلایەن داعشەوە بە هاوەن بۆمب باران دەكرێ بۆیە گەڕانەوەی خەڵكەكەی زۆر زەحمەتە، چونكە لەلایەك ژیانیان دەكەوێتە مەترسی لە لایەكی دیكەشەوە كار و ئۆپەراسیۆنەكانی پێشمەرگە زەحمەتتر دەكەن، بە هەمان شێوە گوندی (نهروان) كە ئەویش دەكەوێتە هەمان ناوچەوە لە ئەنجامی شەڕدا وێران بووە و ئێستا كەسی تێدا ناژی.

هەروەها بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان زۆر جار هێزە ئەمنییەكان داوا لە خەڵكەكەی دەكەن چۆڵی بكەن بۆ نموونە گوندی (مكتب خالد) بەشێكی خەڵكەكەی چوونەتە حەویجە یان هاتوونەتە كەركوك و بەشێكی دیكەشیان چوونەتە نێو داعش، لەم گوندەدا شەڕی قورس لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش روویداوە. هەر لە گوندی (مكتب خالد)ــەوە تیرۆریستان 4 ئۆتۆمبێلی بومبڕێژكراویان بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە نارد  هەر دواتر رۆژی 20/11/2015 لە رێگای ئەم گوندەوە هێرش كرایە سەر گوندی (تل الورد). لە جاری دووەم هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردەوە نیو كاتژمێر بەر لە هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان داوایان لە خەڵكی كرد گوندەكە چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چونكە پێشمەرگە بۆردومانی مۆڵگەكانی داعش دەكەن، جگە لەمە تیرۆریستانی داعش گشت خانووەكانیان وەك زنجیرەیەك بۆمبڕێژ كردبوو، هەروەها (4-5) ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراویان تەقاندەوە كە بووە هۆی وێران كردنی ژمارەیەكی زۆری خانووەكان.

لەلایەكی دیكەوە خەڵكی ژمارەیەك لە گوندەكان هاوكاری داعشیان كردووە و لە كاتی هێرشەكانیان پێشوازییان لێیان كردووە، لەوانە خەڵكی  هەردوو گوندی (قوتان و قاشقایا) لەو دوو گوندە مەفرەزەكانی داعش چەندین جار هێرشیان كردۆتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، ئەم دوو گوندەش لە بنەرەتدا گوندی تەعریب كراون و خاوەنە رەسەنەكانی كورد و توركمانن و ئێستا داوای زەوییەكانیان و قەرەبوو كردنەوە دەكەن.

لە گوندی قوتان (68) خانوو هەبووە لەوانە (32) تێكدراوە و هۆكاری تێكدانەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشاردابوو و شەڕی پێشمەرگەیان كردووە و ئەو خانووانە بەشێوەیەك ئامادە كرابوون كە قەناس بە دەستەكانی داعش تێیاندا پێشمەرگەیان كردۆتە ئامانج بۆیە لە كاتی شەڕدا خانووەكان دووچاری وێران كردن بوونەتەوە بەهۆی بۆردوومانی سەربازییەوە. بۆیە ئێستا بەشێكی خەڵكەكەی لە كەمپەكان نیشتەجێ كراون و بەشێكی دیكەشیان روویان لە شاری كەركوك كردووە بۆ سەلامەتی خۆیان و نەهێشتنی مەترسی لەسەر هێزەكان لە بەرەكانی جەنگ. سەبارەت بە گوندی (قاشقایا) هیچ خانووەكی تێكنەدراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانەی چەكدارانی داعش هاتوونەتە نێو ئەو گوندەوە و بە زۆر هەوڵیانداوە خەڵكی گوندەكەیان بۆ مەرامی سەربازی تایبەتی خۆیان بەكاریان هێناوە، بۆیە بۆ دەرباز بوون لە كاریگەرییەكانی داعش لەسەریان بە رەزامەندی خەڵكی گوندەكە خۆیان گواستراونەتەوە بۆ كەمپەكان و بەشێكیان لە نێو شاری كەركوكن.

لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان
ئەنجوومەنی وەزیران
حكومەتی هەرێمی كوردستان
 14/11/2016


وشە - كوردۆ شابان