خواردنی بەسەرچوو لە تیرۆر مەترسیدارترە
زیاتر 40% خۆراك لە عێراق بەسەرچوو و زیانبەخشن

:: AM:11:57:10/12/2017 ‌
بەگوێرەی داتای نەخۆشخانەكانی عێراق لە سەرانسەری وڵات مانگانە زیاتر لە 100 حاڵەتی ژەهراوی بوون بەهۆی خواردنی خراپ و بەسەرچوو دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەكان، بەلایەنی كەمەوە دوو تا سێ كەسیش بەم هۆكارەوە مانگانە كۆتا بە ژیانیان دێ و بەشێكیشیان لە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری دەمێننەوە، بۆیە دوای تیرۆر و تاوان و كوشتن و بڕین و ڕووداوی هاتوچۆ، خواردنی بەسەرچوو و دەرمانی خراپ بە سەرەكیترین هۆكارەكانی مەرگ لە عێراق دادەنرێت.

سەرچاوە پزیشكییەكان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرایان كرد، گرووپی گەندەڵی زۆر گەورە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی بارزگانی و ناوخۆ و دەستەی دەروازە سنوورییەكان هەیە، كە هەمووان هاوئاهەنگی زۆر بە هێزیان لە نێواندا هەیە، بۆ بەردەوامی ڕێگەدان بە هێنانی خواردنی بەسەرچوو و خراپ بوو.

بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای كرد، تەنیا لە مانگی 11 زیاتر لە 149 حاڵەتی ژەهراویبوون گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكانی عێراق و سێ لەو حاڵەتانە كە منداڵ بوون گیانیان لە دەست داوە، 50 حاڵەتی تریشیان خراونەتە ژێر چاودێری چڕەوە، زۆرترینی حاڵەتەكانیش لە بەغدا و بەسرە و نەجەف و كەربەلا و بابل بوون، لەلایەن بازرگانە سیاسییەكانەوە ئەو خۆراكە بەسەرچوو و خراپبووانە دەهێنرێنە عێراق و كەسانی كەمدەرامەت و بێ تاوانیان پێ دەكوژرێت.

ئەوان دوای هێنانی ئەو خواردنە بەسەرچووانە بە شێوەیەكی زۆر ژیرانە ڕێكەوت و مێژووی نوێی لەسەر دەنووسن و لە بازاڕەكان بڵاوی دەكەنەوە، زۆرینەی ڕەهای خۆراكە بەسەرچووەكانیش لە ئێرانەوە دەهێنرێن و لە بازاڕەكانی عێراق بڵاو دەكرێنەوە.

عاسم شەمەری پسپۆڕ و پزیشك لە بواری خۆراك لەوبارەوە دەڵێ، زیاتر 40% ئەو خۆراكانەی لە بازاڕەكانی عێراقن هیچ پێوەرێكی سەلامەتی و تەندروستییان نییە و زۆرینەی ڕەهایان خواردنی بەسەرچوون و لە ئێرانەوە هێنراونەتە عێراق و ڕێككەوتی بەسەرچوونیان دەسكاری كراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، عێراق ڕیزبەندی یەكەمی وڵاتانی گرتووە لە زۆری ڕێژەی گەندەڵی، هاوكات ڕیزبەندی یەكەمیشی گرتووە لە سپیكردنەوەی پارە و ساغكردنەوەی تەواوی كەلوپەلە بەسەرچوو و خراپبووەكان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د