عێراق و ئێران رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنى نه‌وتی كه‌ركووك بۆ كرمانشان. ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ڵێ ئه‌نجوومه‌ن بێ ئاگایه، پسپۆڕێكیش پێی وایه پێچه‌وانه‌ى ده‌ستووره. سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و گازی په‌رله‌مانى عێراقیش پێیوایه رێككه‌وتنه‌كه ته‌واوكردنى رێككه‌وتنى ستراتیجیى نێوان هه‌ردوو وڵاته دواى رێككه‌وتنى ستراتیجى سیاسی و سه‌ربازی. راوێژكارێكى سیاسیی نزیك له یه‌كێتیش ده‌ڵێ، به‌رپرسانى یه‌كێتى تاران و به‌غدایان هان داوه تا كۆتا به هه‌ژموونى پارتى به‌سه‌ر نه‌وتى كه‌ركووك بهێنن.
حكوومه‌تى عێراق رێككه‌وتنى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران ده‌خاته بواری جێبه‌جێكردن و له قۆناغی یه‌كه‌میشدا رۆژانه 30 تا 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به رێى تانكه‌ره‌وه ره‌وانه‌ى كرمانشانی ده‌كات. وه‌زیری نه‌وتى عێراقیش ده‌ڵێ له داهاتووی نزیكدا به بۆڕى نه‌وته‌كه هه‌نارده‌ى ئێران ده‌كرێت.
جه‌بار لعێبی وه‌زیری نه‌وتى عێراق رایگه‌یاند، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه رۆژانه 30 تا 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به تانكه‌ر له رێى خانه‌قین ره‌وانه‌ى ئێران ده‌كرێت تا ئه‌و كاته‌ى كاری دروستكردنى بۆڕیى نه‌وتى نێوان عێراق و ئێران كۆتای دێت. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد ئه‌و بڕه‌ى ئێسته ده‌گوازرێته‌وه به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه ده‌كرێت زیاتر بكرێت.
كۆمپانیاى به بازاڕكردنى نه‌وتى عێراق (سۆمۆ) رۆژى هه‌ینى رابردوو هه‌شتى كانوونى یه‌كه‌م، له شاری به‌غدا رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ لایه‌نى ئێرانى واژوو كرد له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركووك له رێى تانكه‌ره‌وه. به پێى رێككه‌وتنه‌كه حكوومه‌تى عێراق نه‌وته‌كه تا سنووری عێراق ئێران له خانه‌قین به تانكه‌ر ده‌گوازێته‌وه و حكوومه‌تى ئێرانیش هه‌مان بڕ له‌سه‌ر سنوور وه‌رده‌گرێت و ده‌یگوازێته‌وه بۆ پاڵاوگه‌ى كرمانشان.
لعێبی ده‌ڵێ، ئه‌و رێككه‌وتنه هاوكاری باشی عێراق ده‌كات له ساغكردنه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك و پته‌وتركردنى پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانى نێوان عێراق و ئێران. گوتى "له داهاتوودا واژوو له‌سه‌ر ره‌شنووسی كۆتای رێككه‌وتنه‌كه له ئێران ده‌كرێت. عێراق پێداگیره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ باشتر بكات، له داهاتووشدا به نیازین پڕۆژه‌ى نه‌وتى ستراتیجی له‌گه‌ڵ توركیا، ئوردن، كوێت، سعوودیه و سووریاش ببه‌ستین".
عه‌لا یاسری سه‌رۆكى كۆمپانیای سۆمۆ ده‌ڵێ، كۆمپانیاى سۆمۆ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نیشتمانییه‌كانى ئێران گه‌یشتووه‌ته گفتوگۆی رژد له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى فرۆشتنى نه‌وتى عێراقی به پاڵاوگه‌كانى نه‌وت له پارێزگاى كرمانشان، هاوكات گفتوگۆكانی پێوه‌ست به راكێشانى بۆڕیى نه‌وتیش به‌رده‌وامى هه‌یه.
عه‌لا ئاشكراى كرد به‌م نزیكانه یه‌كه‌م كاروانی نه‌وتى كه‌ركووك به تانكه‌ر ره‌وانه‌ى كرمانشان ده‌كرێت.
چاودێرانى سیاسی و شاره‌زایان پێیانوایه رێككه‌وتنی هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران دواى تێپه‌ڕبوونى پێنج هه‌فته به‌سه‌ر هێرشی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر كه‌ركووك و داگیركردنى شاره‌كه، ئامانج لێى پته‌وكردنى پێوه‌ندییه ئابووریی و نه‌وتییه‌كانه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق دواى ئه‌وه‌ى ئێران هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر بڕیاری سیاسی و سه‌ربازیی عێراق سه‌پاندووه. به دیوێكى تریش گورزێكى ئابووری ده‌بێت بۆ توركیا كه به‌شى زۆری به‌رهه‌می نه‌وتى كه‌ركووك له رێى بۆڕی پێش هاتنى داعش ره‌وانه‌ى به‌نده‌ری جه‌یهان ده‌كرا و گورزێكى سیاسیش ده‌بێت له هه‌ژموونى ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر عێراق، به تایبه‌ت دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، هه‌ژموونى فه‌یله‌قی قودس به سه‌رۆكایه‌تیى قاسم سلێمانى له عێراق به ئاشكرا ده‌ركه‌وت.
شاره‌زایانى سیاسی و نه‌وتى پێیانوایه سوپاى پاسداران رۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌یه له رێككه‌وتنه‌كه و به‌شداریش بووه له گفتوگۆكانى. ره‌زا موسه‌وی ته‌بته‌بائی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای (ENEXD) كه باره‌گاكه‌ی له له‌نده‌نى پایته‌ختى به‌ریتانیایه، ده‌ڵێ هه‌موو دانوستاندنه‌كانى پێوه‌ند به بازرگانى نه‌وت له‌نێوان ئێران و عێراق، ده‌بێت به ره‌زامه‌ندی سوپاى پاسداران بێت نه‌ك وه‌زاره‌تى نه‌وتی ئێران.
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئه‌و جۆره وه‌به‌رهێنانه نووسینگه‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئێران سه‌رپه‌رشتى ده‌كات و سه‌ركرده‌كانى سوپاى پاسدارانیش جێبه‌جێ و ئیداره‌ى ده‌ده‌ن. گوتى "رێككه‌وتنه‌كه وه‌ك پاداشتێك وایه له‌لایه‌ن سوپای پاسداران بۆ كورده‌كانى هاوكارییان پێشكه‌ش كردوون بۆ كۆنتڕۆڵكردنى كه‌ركووك".
شێرزاد یابه راوێژكاری سیاسی نزیك له یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌ڵێ، یه‌كێتى هه‌وڵیدا پارتى رازی بكات كه هه‌ولێر و سلێمانى به‌یه‌كه‌وه ئیداره‌ى كێڵگه نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیان كرده‌وه.
شێرزاد كه بۆ رۆیته‌رز قسه‌ى كردووه، نایشارێته‌وه كه به‌رپرسانى یه‌كێتى تاران و به‌غدایان هاندا له‌سه‌ر راكێشانى بۆڕییه‌كى نه‌وتی بۆ گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ به‌نده‌ر عه‌باسی ئێرانی، ئه‌مه‌ش بۆ كۆتا پێهێنانى هه‌ژموونى پارتى بوو له‌سه‌ر نه‌وتى كه‌ركووك.
جێى باسه عێراق و ئێران رێككه‌وتنه‌كه‌یان له مانگی شوباتى ئه‌مساڵ رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژوو كرد، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی جێبه‌جێكردنیان بۆى نه‌هاوێشتووه، به‌ڵام دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر دۆخه‌كه له بار‌و گونجاوه بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه.
ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و غازی په‌رله‌مانى عێراق و سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێ، عێراق و ئێران ده‌مێكه كار له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك له رێى بۆڕییه‌وه بۆ ئێران ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت كار له‌سه‌ر راكێشانى بۆڕییه‌ك ده‌كرێت له‌نێوان به‌سڕه و عه‌بادان، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له ستراتیجیى حكوومه‌تى عێراق بۆ زیادكردنى ده‌روازه‌كانى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت.
ئارێز ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌كات ئه‌مه به‌شێكه له ستراتیجیى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك وڵاتانى هه‌رێمی پێى نیگه‌رانن و گوتى، "هیچ گومان نییه له‌وه‌ى عێراق له ئێران نزیكتره نه‌ك توركیا، ده‌یانه‌وێت پێوه‌ندییه‌كانیان به‌هێزتریش بێت. ره‌نگه له دواڕۆژدا پێوه‌ندییه‌كه به ئاستێك گه‌وره بێت، بۆیه وڵاتانى ناوچه‌كه پێى نیگه‌رانن".
ئارێز ره‌تى كرده‌وه رێككه‌وتنه‌كه پاداشتێك بێت بۆ رۆڵی سوپای پاسداران و گوتى، "شته‌كان بچووك مه‌كه‌نه‌وه، پێوه‌ندییه ستراتیجییه‌كانى عێراق و ئێران زۆر له شه‌ڕی داعش گه‌وره‌تر و قووڵترن، هه‌ردوو وڵات پێوه‌ندییه سیاسی و سه‌بازییه‌كانیان به‌هێزن، ده‌یانه‌وێت له ئابووریشدا به‌هێزی بكه‌ن".
حكوومه‌تى عێراق له كۆتای 2013ه‌وه تا ئێسته هیچ بڕه پاره‌یه‌كى پترۆدۆلاری نه‌داوه به حكوومه‌تى خۆجێى كه‌ركووك، له دواى شه‌ڕى داعش له پاى فرۆشتنى نه‌وتى كێڵگه‌كانى بای حه‌سه‌ن و ئاڤانا له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، مانگانه بڕی 10 ملیۆن دۆلاری پاره‌ى پترۆدۆلاری پێده‌دان.
له دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك نه‌یتوانیوه كۆببێته‌وه و په‌كى كه‌وتووه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌پێی ماده‌ى 140ى ده‌ستووری عێراق هه‌ر گرێبه‌ستێك له ناوچه‌كانى سنووری ماده‌ى 140، ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نى ئه‌و شاره پێى ئاگادار بێت، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك وه‌ك ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و گازى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ڵێ هیچ ئاگاداری رێككه‌وتنه‌كه نین.
عه‌سكه‌ری ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد،كه‌ركووكییه‌كان له‌وه‌ته‌ى هه‌ن ته‌نیا دووكه‌ڵه‌كه‌ىان هه‌ڵمژیوه و داهاتی نه‌وته‌كه‌شی بۆ ئه‌وان نه‌بووه. گوتى "نه‌وتى كه‌ركووك له هه‌ر جێیه‌ك فرۆشرابێت، داهاته‌كه‌ى بۆ خه‌ڵكى شاره‌كه نه‌بووه، ئه‌گه‌رچى حكوومه‌تى هه‌رێم مانگانه 10 ملیۆن دۆلاری پترۆدۆلاری به كه‌ركووك داوه، به‌ڵام به به‌راورد به‌و رێژه‌یه‌ى لێى هه‌نارده ده‌كرد كه‌متر بوو، حكوومه‌تى عێراقیش له 2013ه‌وه هیچ بڕیار پاره‌یه‌كى پترۆدۆلاری بۆ شاره‌كه خه‌رج نه‌كردووه".
عه‌سكه‌ری ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو بێ ئاگایی ئه‌نجوومه‌نه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌نجوومه‌نه‌كه ناتوانێت كۆببێته‌وه تا داوا بكات ئاگاداری رێككه‌وتنه‌كه ببێت. گوتى "بێگومان رێككه‌وتنه‌كه به‌شێكى پێوه‌نداره به‌و پێوه‌ندییه سیاسیی و سه‌ربازییه‌ى نێوان عێراق و ئێران هه‌یه".
بێوار خنسی شاره‌زا و پسپۆڕی نه‌وتى ده‌ڵێ، رێككه‌وتنه‌كه پێشێلی ماده‌ى 140ى ده‌ستووری عێراقه كه ده‌بێ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن، بۆیه رێككه‌وتنه‌كه زیاتر دیوێكى سیاسیی هه‌یه.
خنسى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد كه رێككه‌وتنه‌كه دواى ئه‌وه دێت حكوومه‌تى عێراق پلانى هه‌بوو بۆڕیى نه‌وتى كه‌ركووكی به‌نده‌ری جه‌یهان نۆژه‌ن بكاته‌وه، نه‌یتوانى، ویستى هه‌نارده‌ى ئوردنى بكات، نه‌یتوانى ئه‌وه‌ش بكات، كه‌چى له بڕى ئه‌وه‌ى له رێى بۆڕیى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان هه‌نارده‌ى توركیای بكات، دێت به تانكه‌ر له كه‌ركووك بۆ خانه‌قین و له‌وێشه‌وه بۆ ئێرانى هه‌نارده ده‌كات كه ئه‌گه‌ر رۆژانه 30 هه‌زار به‌رمیل بێت، ئه‌وا ده‌بێت 450 تانكه‌ر به درێژایی 410 كیلۆمه‌تر له كه‌ركووك بۆ خانه‌قین رێ بكه‌ن كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژینگه‌ى ناوچه‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی دروست ده‌كات و تێچووشی زیاتره له گواستنه‌وه‌ى به بۆڕى.
خنسی ئاماژه‌ى به پلانى بودجه‌ى 2018ى عێراق كرد كه ده‌بێت رۆژانه هه‌رێمى كوردستان 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رێى به‌نده‌ری جه‌یهان بخاته بازاڕه‌كانه‌وه، له‌م بڕه‌ش 300 هه‌زاری به‌رهه‌مى نه‌وتى كه‌ركووك ده‌بێت، بۆیه رێككه‌وتنه‌كه وا ده‌كات نه‌توانرێت پلانى بودجه جێبه‌جێ بكرێت.
گوتى "ئه‌وه‌ى هه‌یه رێككه‌وتنێكى سیاسییه، بۆیه بنه‌ما ئابوورییه‌كانى تێدا ره‌چاو نه‌كراوه" و زیاتر گوتى، "كۆى رێككه‌وتنه‌كه به‌شێكه له ته‌واوكردنى هیلالی شیعه، دواى ئه‌وه‌ى ئێران كۆنتڕۆڵی سیاسه‌ت و سه‌ربازی عێراقی كرد، به‌مه كۆنتڕۆڵی ئابوورییه‌كه‌شی ده‌كات".