كرێی ساڵانەی زەویەكەی یەك دۆلارە.. باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەكەوێتە كوێی قودس؟

:: PM:05:11:10/12/2017 ‌

رۆژی چوارشەمی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیب بۆ قودس راگەیاند و ئەو شارەی وەك پایتەختی ئیسرائیل دان پێدانا، بەمەش پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەكانی بردە ئاقارێكی تر، كە وێڕای رەتكردنەوەی بڕیارەكە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی، ئەوا ئەوروپییەكان و بەریتانیاش دژی بڕیارەكەن.

گواستنەوەی باڵوێزخانە لە شارێكی تەناهی ئاسا بۆ شارێكی مشتومڕ و كێشە لەسەر، پرسی دەستخستنی زەوییەكی گونجاو بۆ دروستكردنی بینای باڵوێزخانە و پاراستنی لە ڕووی تەناهی قسەو باس هەڵدەگرێت.

 ئیدارەی كۆشكی سپی پێشنیازی كردووە گواستنەوەی باڵوێزخانە بۆ قودس لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام شارەزایان پێیانوایە ئەوە ماوەیەكی كەمە.

ولیام بڕاون باڵوێزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل گرێبەستێكی كردووە بۆ بەكرێگرتنی پارچەیەك زەوی لە قودسی رۆژئاوا كە كرێی ساڵانەی یەك دۆلارە و گرێبەستەكەش بۆ ماوەی 99 ساڵە.

دانیال شابیرو باڵوێزی پێشتری ئەمەریكا لە ئیسرائیل دەڵێ گواستنەوەی باڵوێزخانە لە تەلئەبیب بۆ قودس پێنج تا 10 ساڵ دەخایەنێت.

شابیرو كە ئێستە لە پەیمانگەی توێژینەوەی ئاسایشی نیشتمانی لە تەلئەبیب وانە دەڵێتەوە، گەشبینە لە گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەی.
ئەو پارچە زەوییەی بۆ باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای قودس دەستنیشان كراوە دەگەڕێتەوە بۆ 28 ساڵ پێش ئێستە و لەسەردەمی رۆناڵد ڕیگان سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دەستنیشان كراوە، باڵوێزی ئەمەریكاش لە ئیسرائیل گرێبەستی بەكرێگرتنی زەوییەكەی واژوو كردووە بۆ ماوەی 99 ساڵ و كرێی ساڵانەی تەنیا یەك دۆلاری ئەمەریكیە كە دەكاتە هەزار و 250 دیناری عێراقی، كە پێشتر ئەو پارچە زەوییە لەلایەن حكوومەتی ئیسرائیل بۆ دروستكردنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەستنیشان كرا بوو.

پارچە زەوییەكە دەكەوێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگ و خواست لەسەر لە رۆژئاوای قودس، لە دەوروبەری گەڕەكەكانی (تەلبیوت و بعقەیە)، دەیڤید ماكوفسكی لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك كە پێشتر راوێژكاری جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بوو بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ ئەو ناوچەیەی دەستنیشانكراوە بۆ دروستكردنی باڵوێزخانە، ناوچەیەكی سەرنج راكێشە، كۆمەڵێك باڵەخانەی نیشتەجێبوونی لێ دروستكراوە كە دیارە پێشتر زانیاری هەبووە ئەو پارچە زەویە دەستنیشانكراوە بۆ دروستكردنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا.

ئەگەرچی لە ساڵانی نەوەتەكان قسە لەسەر دروستكردنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای قودس هەبوو، مەرجیش ئەوە بوو باڵوێزخانە بكەوێتە ناوچەیەك كە 30 مەتر لە شەقامی سەرەكی دوور بێت تا لە مەترسییەكانی تەناهی پارێزراو بێت بە تایبەت تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكرا، ئەم مەرجەش دوای تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا هات لە هەریەك لە وڵاتانی تەنزانیا و كینیا لە ساڵی 1998.

شابیرو دەڵێ پارچە زەوییەكە وەك ئەوەی پێویستە گەورە نییە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەكان رووبەڕی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای قودس لە نێوان حەوت تا 14 فدانە، كەچی باڵوێزخانەئ ئەمەریكا لە لبنان 43 فدانە.

فدان پێوەرێكە لە وڵاتانی میسر و شام و سودان بەكار هاتووە. لە میسر هەر فدانێك چوار هەزار و 200 مەتر دووجایە، كەچی لە سوریا و وڵاتانی شام لەنێوان دوو هەزار و 295 تا سێ هەزار و 443 مەتر دووجایە. بەو پێیەی باڵوێزخانەكە دەكەوێتە وڵاتانی شام زیاتر لێرە مەبەست پێوەری ئەو وڵاتانەیە كە هەر فدانێك بە نزیكەیی دەكاتە یەك دۆنم زەوی كە دوو هەزار و 500 مەتر دووجا دەكات.

پێدەچێت ئەمەریكا بژاردەی تر بەكاربهێنێت بە جۆرێك لە رۆژئاوای قودس چەندان باڵەخانەی هەیە كە وەزارەتی دەرەوە بۆ كونسڵخانە بەكاری هێناوە، كۆنترین كونسڵخانەی ئەمەریكا لە قودس ساڵی 1912یە كە دەكەوێتە نزیك شاری قودسی كۆن.

جگە لەمە، ئەمەریكا بینای باڵوێزخانەیەكی تری هەیە لە گەڕەكی ئارنونا لە قودس كە نزیكە لەو زەویەی بەكرێی گرتووە، بەڵام بینایەكە دەكەوێتە سەر سنووری ساڵی 1967.

چاودیران پێیانوایە ئیدارەی كۆشكی سپی لە جێگەی دروستكردنی بینایەكی نوێ یەكێك لە بیناكانی كونسڵخانەكانی خۆی لە قودس بكاتە باڵوێزخانە ئەمەش بژاردەیەكی خێرا و ئاسانە، بۆ ئەمەش زۆرینەی پێشبینیەكان پێیانوایە بینای كونسڵخانەی ئەمەریكا لە ئارنونا بكرێتە باڵوێزخانە بەو پێیەی زۆر گەورەترە لە بینای باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیب و دەتوانێت پێشوازی لەهەموو كارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیب بكات.

ئەگەرچی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە ژمارەی كارمەندانی كونسڵخانەی وڵاتەكەی لە كونسڵخانەكەی گەڕەكی ئارنونا ئاشكرا بكات، بەڵام بەپێی هەندێك راپۆرت ئەو بینایە تایبەت دروستكراوە بۆ باڵوێزخانەی ئەمەریكا و ژمارەی فەرمانبەرانیشی 582 فەرمانبەرە، كە لەناو باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیب تەنیا 960 فەرمانبەر هەن.

شابیرو نایشارێتەوە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا بۆ ناو بینای كونسڵخانە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە، دەڵێ رەنگە بە شێوەیەكی كاتی بۆ ئەوێ بگوازرێتەوە، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەو هەنگاو نانە بە دوور دەگرێت.

لای خۆیەوە ماكوفسكی ئاشكرای دەكات كە كۆشكی سپی رۆژی سێشەمی ڕابردوو پێیان راگەیاندووە كە دەیڤید فریدمان باڵوێزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل ناچێتە ناو بینای كونسڵخانە بۆیە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كە پارچە زەوییەكی نوێ بكڕدرێت كە تا ئێستە ئەو پارچە زەوییەش دەستنیشان نەكراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە هیچ زانیارییەك لەسەر گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەی بۆ قودس ئاشكرا بكات. ریكس تیلرسون وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ هەنگاوهەڵگرتن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانە كارێكی وەها ئاسان نیە، لە ئێستەشەوە گەڕان بەدوای پارچە زەوییەكی گونجاو دەستی پێكردووە.

سەرچاوە/ ساسە پۆست




وشە - فه‌رمان سادق