هێزێكی نادیار دوای دانانی بازگەیەكی نایاسایی لە نزیك شارۆكەی خورماتوو، سێ شوفێری گواستنەوەی نەوت دەگرن و دوای سووتاندنی ئۆتۆمبێلەكانیان، هەرسێ شوفێرەكە گولەباران دەكەن و شوێنەكە جێ دەهێڵن.
ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی كانوونی یەكەم، سەعید عزەدین ئەندامی ئەنجوومەن لە لیژنەی رۆشنبیری لە پارێزگای دیالە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لەسەر ڕێگەی نێوان خورماتوو- داقوق لە نزیك فڕۆكەخانە بازگەیەكی كاتیان دانابوو، سێ تانكەریش كە شۆفێرەكانیان خەڵكی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بوون بەو بازگەیەدا تێپەڕیوون، ئەوانیش دەستبەجێ شۆفێرەكان كوشتووە و تانكەرەكانیشیان سووتاندووە و شوێنەكەیان جێ هێشتووە.
عزەدین زیاتر گوتی، شەوانە كوشتن و ڕفاند لە و ڕێگەیە بووەتە شتێكی ئاسایی و چەندین گرووپی جۆراوجۆر دروست بوونە كە بازگە دروست دەكەن و ئێستە پێنج شوفێری تر لەماوەی ئەو هەفتەیە ڕفێندراون چارەنووسیان دیار نییە.
دوای خیانەتەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر بەدەستەوەدانی خورماتوو و پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان لەلایەن باڵێكی خیانەتكاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئێستەش بەشێك لە سەركردەكانی ئەو باڵە خیانەتكارە دەڵێن سنوورەكە ئارامە و هیچ كێشەی نییە، كە ڕۆژانە زیاتر لە چەندین كەس دەكوژرێن و بەرەنگاربوونەوەی نێوان هێزە خۆبەخشەكان و میلیشیای حەشد بەردەوامی هەیە لە ناو شاری كەركووك.