شەوی ڕابردوو سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتینەوە بۆ هات و بەیەكەوە تاوتوێی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و رێزگرتنی دوولایەنە و گفتوگۆی بەردەوامیان كرد.
لە بەیاننامەیەكی كۆشكی كرملیندا هاتووە، پوتین بۆ ترەمپی ڕوون كردووەتەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆی رژد، لە پێناوی بەدیهێنانی هاوبەشەیاتی لەگەڵ ئەمەریكا، لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوو لایەنە و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی یەكتر.
ئاماژە دراوە كە، لە میانەی گفتوگۆكەدا پوتین و ترەمپ هاوڕا بوون لەسەر گەیشتن بە رێككەوتن و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر لە دنیادا.
ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییەی ڤلادیمێر پوتین، دوای ئەوە دێ هەفتەی ڕابردووش دوای دەرچوونی ترەمپ برووسكەیەكی پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كرد بەبۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردن و بوونی بە 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا.
رۆژی هەشتی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڵبژاردن بۆ 45ەمین سەرۆكی وڵات ئەنجام درا و كاندیدی هەردوو پارتی كۆمار و دیموكراتەكان دوای ململانێیەكی توند، لە كۆتادا كاندیدی كۆمارییەكان توانی سەركەوتنێكی چاوەڕواننەكراو بەدەست بهێنێت.
دیموكراتەكان هیلاری كلینتن هاوسەری 42ەمین سەرۆكی ئەمەریكا بیل كلینتن كاندیدیان بوو، كە لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامادا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە، بەڵام لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی سەركەوتوو بێ و هەرزوو دانی بەشكستی خۆیدا نا.
كۆمارییەكان، دۆناڵد ترەمپی بەڕەگەز ئەڵمانی كاندیدیانە، ئەو بە لێدوانە سەیرەكانی هەمووانی شۆك كردبوو و زۆرێك لە سەركردەكانی حزبەكەی خۆی داوایان لێ دەكرد دەست لە كاندیدبوونی بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكێشێتەوە، بەڵام بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ترەمپ هەمووانی تووشی شۆك كرد و توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت و ببێتە 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، وڵاتێكی كۆماری دەستووری سەرۆكایەتی فیدراڵییە و لە 50 ویلایەت و پایتەختێكی فیدراڵی پێك دێت، ڕووبەڕووی وڵاتەكە نۆ ملیۆن و 83 كیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانی 320 ملیۆن كەس دەبێ بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2015، لە رۆژی چواری تەمووز/یۆلیۆی ساڵی 1776 سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە و پێش ئەو كاتە لەلایەن بەریتانیاوە داگیر كراوە، لە سێی ئەیلوول/سێپتێمبەری 1783 بەڕەسمی دانی پێدا نراوە و لە 21 حوزەیران/یۆنیۆی 1788 دەستووری وڵاتەكە خراوەتە كارەوە و تا ئێستەش بەردەوامە.