بەرشەلۆنە بە 2 گۆڵ بەربەستی یانەی ڤیاڕیالی بڕی

:: AM:09:12:11/12/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنە بە دوو گۆڵی بێ وەڵام بەربەستی یانەی ڤیاڕیالی بڕی و جێگەی خۆی لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا قایمتر كرد.

شەوی رابردوو لە درێژەی ركابەرییەكانی هەفتەی 15ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا، یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی لاسیرامیكا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ڤیاڕیالی سەرسەختی بردەوە.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هیچ كام لە یانەكان نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بكەن و هەرچەندە یانەی بەرشەلۆنە بەتەواوی كۆنتڕۆلی یاریگەی كردبوو.

لە گێمی دووەمیشدا لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی لە خولەكی 72 گۆڵی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنەی تۆمار كرد، دواتریش لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە خولەكی 83 گۆڵی گۆڵەكانی یانەی بەرشەلۆنەی بۆ 2 زیاد كرد.

بەم سەركەوتنە یانەی بەرشەلۆنە گەڕایەوە سەر هێڵی سەركەوتنەكان دوای ئەوەی لە 2 یاریی رابردوویدا بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا (1-1) و سێلتا فیگۆ (2-2) یەكسان ببوو.

یانەی بەرشەلۆنە بەم سەركەوتنە ژمارەی خاڵەكانی بۆ 39 بەرز كردەوە و بەجیاوازی 5 خاڵ لەگەڵ یانەی ڤالێنسیا جێگەی خۆی لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا قایمتر كرد، هەروەها خاڵەكانی یانەی ڤیاڕیالیش لە 21 و لە ریزبەندی شەشەمی یانەكان جێگیربوون.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م