نیمار بەنهێنی لەگەڵ ریال مەدرید بڕاندوویەتییەوە

:: AM:10:23:11/12/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد، یانەی ریال مەدرید بەشێوەی نهێنی لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی رێككەوتووە و گواستنەوەی بۆ ریزی یانەكە یەكلایی بووەتەوە.

نیمار لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوو پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو.

زانیارییە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا دەری دەخەن كە نیمار شێوازی رێككەوتنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بڕاندووەتەوە و لە ساڵی 2019 بەفەرمی پەیوەندی بەو یانەیەوە دەكات.

ماڵپەڕی (دیاری گۆڵ) ئاشكرای كرد كە نیمار تەنیا بۆ ماوەی 18 مانگ لە یانەی پاریس سان جێرمان دەمێنێتەوە و دوای ئەو وادەیەش دووبارە دەگەڕێتەوە ئیسپانیا.

ئامانجی سەرەكی نیمار بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی جیهانە، پێشیوایە تەنیا بە یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدرید دەتوانێ بەو ئامانجەی بگات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كردبوو لەچەند ساڵی داهاتوودا پلانی سەرەكییان گرێبەستكردن دەبێت لەگەڵ هەردوو ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان كیلیام مباپێی هێشبەری فڕەنسی و نیمار دا سیلڤا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م