ریال مەدرید لەگەڵ كیپا رێككەوتووە رێك نەكەوێ

:: AM:11:38:11/12/2017 ‌

یانەی ریال مەدرید لەگەڵ كیپا ئەرێزابالاگا رێككەوتووە لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بیلباو رێكە نەكەوێ.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە: یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوودا بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ كیپا ئیمزا دەكات دوای ئەوەی پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بیلباو دەدات.

رۆژنامەكان ئاشكراشیان كرد كە یانەی ریال مەدرید بەشێوەی نهێنی لەگەڵ بەڕێوەبەری كارەكانی كیپا رێككەوتووە ئیمزا لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەیان لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بیلباو نەكەن كە كۆتایی وەرزی داهاتوو بە كۆتا دێت.

یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا 20 ملیۆن یۆرۆی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی كیپا دەدات بە یانەی ئەتلەتیك بیلباو و بەفەرمی ئەو گۆڵپارێزە دەهێنێتە ریزی یانەكەیەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە رەنگە یانەی ریال مەدرید دەستەوارەكە بۆ 25 ملیۆن یۆرۆ بەرز بكاتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە مێژووییەكەی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بیلباو تێك نەچێ.

رۆژنامەكە جەختیشی كردبووەوە كە یانەی ریال مەدرید سەرجەم كارەكانی گرێبەستكردنی لەگەڵ كیپای تەواو كردووە و ئەو گۆڵپارێزە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا پەیوەندی بە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆوە دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م