ئەمڕۆ تیروپشكی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام دەدرێ

:: PM:12:11:11/12/2017 ‌

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم لەشاری نیۆنی سویسڕا رێوڕەسمی تیروپشك بۆ قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام دەدرێ.

16 یانەی ئەوروپی سەركەوتوون بۆ ئەم قۆناغە و بە دوو ئاستی یەكەم و دووەم دابەشبوون، ئەو یانانەی كە لە قۆناغی 32 بە یەكەمی كۆمەڵەكان سەركەوتوون لە ئاستی یەكەمدان و ئەوانەشی بە دووەم سەركەوتوون لە ئاستی دووەمدان.

یانەكانی ئاستی یەكەم برێتین لە: مانچستەر سیتی ئینگلیزی، بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بێشكتاشی توركی، مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، تۆتنهامی ئینگلیزی، رۆمای ئیتاڵی و لێڤەرپوولی ئینگلیزی.

یانەكانی ئاستی دووەم برێتین لە: بازلی سویسڕی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، چێڵسی ئینگلیزی، یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، پۆرتۆی پورتوگالی، ریال مەدریدی ئیسپانی، شاختار دۆنتیسكی ئۆكڕانی و سڤیلییەی ئیسپانی.

بەگوێرەی سیستەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا نابێت دوو یانەی وڵاتێك لە قۆناغی 16 رووبەڕووی یەكتر ببنەوە، هەروەها ناشبێت دوو یانەی یەك كۆمەڵەی قۆناغی 32 رووبەڕووی یەكتر ببنەوە.

یارییەكانی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش لە رۆژی 13 و 14 و 20 و 21ی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچن یارییەكانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 6 و 7 و 13 و 14ی مانگی دواتر ئەنجام دەدرێن.

جێی باسە ئەمڕۆ دووشەم هەر لە ئاهەنگی تیروپشكی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، تیروپشك بۆ یارییەكانی قۆناغی 32ی خولی ئەوروپاش ئەنجام دەدرێ.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م