تەنگژەی دارایی پێشانگەی كتێبی لە دهۆك دواخست

:: PM:01:15:11/12/2017 ‌
ساڵانە لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە شاری دهۆك دەكرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ وادەی كردنەوەی تێپەڕیوە و تا ئێستە پێشانگەكە نەكراوەتەوە، بەرپرسانی پارێزگاكەیش هۆكاری دواخستنی بۆ تەنگژەی دارایی و تەواونەبوونی ئامادەكارییەكان دەگێڕنەوە. 

بورهان یەحیا بەرپرسی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەبوو شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە دهۆك لە ڕۆژانی سەرەتای ئەم مانگە بكرێتەوە، بەڵام كۆمەڵێك هۆكار وایان كرد كردنەوەی پێشانگەكە چەند مانگێك دوا بكەوێ.

زیاتر گوتی، تەنگژەی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست و تەواونەبوونی ئامادەكارییەكان و هەندێ حاڵەتی لەناكاوی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان، هۆكاری سەرەكیی دواخستنی پێشانگەكەن، جیا لەوەیش ئامادەكارییەكان تەواو نەبوون، بەڵام 20 خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ناوخۆ و عەرەبی و بیانی ناویان تۆمار كردووە تا بەشداری لە پێشانگەكە بكەن.

ئاماژەی دا، خوێنەرانی شاری دهۆك دڵنیا دەكەینەوە سەرەڕای ئەو گرفتانە، بەڵام پێش مانگی نیسان/ئەپریلی ساڵی داهاتوو بە دڵنیایییەوە پێشانگەكە دەكەینەوە.

لە ساڵی 2012ەوە لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب بە بەشداریی دەیان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە لە شاری دهۆك دەكرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، پێشانگەكە لە وادەی خۆی نەكراوەتەوە و چەند مانگێك دوا خراوە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د