مەسیحی و موسڵمانەكانی سۆران شانازی بە پێكەوەژیانیان دەكەن

:: AM:08:48:11/10/2016 ‌
بەشە كۆنەكەی شارۆكەی سۆران بە دیانا ناو دەبرێت، ناوەكە بۆ هەبوونی مەسیحی یان دیان لە ناوچەكەدا دەگەڕێتەوە. لە ناوەندی ئەو شارۆكەیە و چەند گوندێكی دەوروبەریدا، بەهەمان شێوە مەسیحی و موسڵمانەكان بەیەكەوە دەژین، ئەوان شانازی بەو پێكەوەژیانە دەكەن، گوتاربێژی مزگەوت و قەشەی ناوچەكە دووپات لەوە دەكەنەوە بەدرێژایی مێژووی پێكەوەژیانیان، رووداوێكی ئەوتۆ بەهۆی جیاوازیی ئاینی لە ناوچەكەیاندا تۆمار نەكراوە.

نیگار خالید باڵەكی كوڕی پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی هاودیانە لە سنووری سۆران، ئەو لەگەڵ دانیشتوویەكی بە ئاین مەسیحی گوندەكەیان، بەیەكەوە فرۆشگەیەك بەڕێوە دەبەن و تەواوی متمانەیان بە یەكتر هەیە، نیگار هاوكات پێشمەرگەیە و كاتێك بۆ راپەڕاندنی ئەركی پێشمەرگایەتی بۆ بەرەكانی جەنگ دەگەڕێتەوە، كۆی پرۆسەی كڕین و فرۆشتن لە فرۆشگەكەیدا رادەستی هاوبەشە مەسیحییەكەی دەكات.

ئەو هاوبەشییەی نیگار و هاوڕێ‌ مەسیحییەكەی لە كار و پێكەوەژیان دروستیان كردووە، نموونەی دەیان هاوبەشی ترە لە نێوان مەسیحی و موسڵمانەكانی سۆران، پێكەوەژیانێك كە خۆیان شانازی پێوە دەكەن.

باڵەكی دەڵێ‌، "پێنج ساڵە لەگەڵ هاوبەشە مەسیحییەكەم لە گوندی هاودیان فرۆشگەی كەلوپەلی كارەباییمان داناوە، ئێمە دراوسێی یەكتر بووین، كاتێك بۆ ئەركی پێشمەرگایەتی بۆ بەرەكانی جەنگ دەگەڕێمەوە، هاوبەشەكەم بە تەنیا هەموو كارەكانی فرۆشگەكە رادەپەڕێنێت و زیاتر لە خۆم متمانەم بەو هەیە".

لە شارۆكەی سۆران لە دیانا و هاودیان مەسیحییەكان بوونیان هەیە، ژمارەیان بە 300 خێزان دادەنرێت كە نزیكەی هەزار كەس دەبن، پیشەی سەرەكیی مەسیحییەكان لەو دەڤەرەدا، فەرمانبەری دامودەزگەكانی حكوومەت و ژمارەیەكیشیان كاسبكارن.

یەترون یونان داود قەشەی مەسیحییەكانی دەڤەری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "نزیكەی سەدەیەكە لەگەڵ موسڵمانەكان لە سۆران پێكەوە دەژین و تا ئێستە هیچ كێشەیەكمان نەبووە، بە پێچەوانەوە خەڵكی ئێمە لە هەموو بۆنە ئاینی و لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا لەگەڵ یەكترن و تێكەڵاوی زۆرمان هەیە و من خۆم لە پرسەكاندا سەردانی تەواوی مزگەوتەكانی سۆرانم كردووە".

پێكەوەژیانی ئاینی لە كوردستاندا، یەكێك لەو خاڵانەیە كە بووەتە جێگەی شانازی بۆ كوردستانییان، تەنانەت وای كردووە پێگەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرزتر بێت، ئەوە لەكاتێكدا كە لە عێراق و سووریا و ناوچەكە بەگشتی مەسیحی و پێكهاتەكانی ئاینی تر رووبەڕووی كۆمەڵكوژی و تیرۆر و تۆقاندن دەبنەوە، بەڵام لە كوردستاندا ژیانێكی ئارام دەژین. هەر ئەوەش وای كرد، كاتێك داعش پارێزگاكانی مووسڵی داگیر كرد، مەسیحییەكانی ئەو پارێزگایە پەنا بۆ كوردستان بێنن.

لە شارۆكەی سۆران 165 خێزانی ئاوارەی مەسیحی كە لە دەشتی نەینەوا و مووسڵەوە رایان كردبوو، نیشتەجێ‌ بوون و تێكەڵ بە ژیانی ئاسایی دانیشتووانی دەڤەرەكە بوون.

خالید عەبدوڵا باڵەكی گوتاربێژ و پێشنویژی مزگەوتی گەورەی هاودیان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ساڵانێكی زۆرە لەگەڵ مەسیحییەكان لە یەك گوند و ناوچە بەیەكەوە دەژین و دڵمان لە یەك نەشكاوە و كارێكی خراپمان لێیان نەبینیوە".

باڵەكی نزیكەی 40 ساڵە مامۆستای ئاینییە و وەك خۆی دەڵێ‌، "بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە، لە گشت خۆشی و ناخۆشی و بۆنەیەك، مەسیحییەكان لەگەڵ ئێمەی موسڵمانان بەشدارن و ئێمەش بە هەمان شێوە، لەسەر هیچ شتێك لە یەكتر دڵگران نەبووین، مەسیحییەكان كەسانی زۆرباش و بەوەفان، لە رووی ئەركە ئاینییەكانیشەوە هەردوولا زۆر رێزی یەكتر دەگرین".

پێوەندی بەهێزی نێوان مەسیحی و موسڵمانانی هاودیان لە ئاستی كۆمەڵایەتییەوە بۆ هاوكاری لە ئاستی ئەركە ئاینییەكانیشیان گواستراوەتەوە. ئەو زەوییەی ئێستە مزگەوتی هاودیانی لەسەر بونیات نراوە، لە بنەڕەتدا لەلایەن مەسیحییەكانەوە بەخشراوە.

گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی هاودیان دەڵێ‌، "ساڵانی رابردوو مەسیحییەكانی هاودیان رووبەرێكی زۆری زەوییان بۆ دروستكردنی مزگەوت بەخشی و مزگەوتێكی گەورەمان لەسەر بونیات نا، لەوكاتەدا موسڵمانەكان ئامادە نەبوون بستێك زەوی بۆ مزگەوتەكە ببەخشن. ئێمە و مەسیحییەكان ئەگەر بە رەنگ و روو جیا بكرێینەوە، دەنا كەس نازانێت كێ‌ موسڵمانە و كێ‌ مەسیحی". 

وەیسی سەعید بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، پێكەوەژیانی مەسیحی و موسڵمانانی دیانا و گوندی هاودیان بە "جوانترین نموونەی پێكەوەژیان لەسەر ئاستی كوردستان" وێنا دەكات.

ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "بەدرێژایی مێژووی پێكەوەژیانیان هیچ كێشەیەكیان بەهۆی جیاوازی ئاینییەوە نەبووە".

زیاتر دەڵێ‌، "موسڵمان و مەسیحییەكانی دەڤەری سۆران، خوێنیان تێكەڵی یەكتر بووە، بەیەكەوە لە دژی دوژمنێكی هاوبەش خەباتیان كردووە و شەهیدیان بەخشیوە و ئەوەش وای كردووە پێكەوەژیانی نێوانیان پتەوتر بێت".

مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پێوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە شانازییەوە باس لە پێكەوەژیانی ئاینی لە كوردستاندا دەكات.

ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "پێكەوەژیانی ئاینی لە كوردستاندا جێگەی سەرسامی هەموو دنیایە، بەهۆی ئەو پێكەوەژیانەیە ئێستە زیاتر لە 40 دەوڵەتی دنیا هاوكاری كوردستان و پێشمەرگە لە جەنگی داعشدا دەكەن".
  
 
وشە/ سۆران- مورشید برادۆستی 



وشە - وشه‌