بژاردەی سەربازییان بەلاوە نەناوە
مەسروور بارزانی: بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە

:: PM:02:46:11/12/2017 ‌
مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانییەكانیش لەم رۆژانەدا ئەوە دەردەخەن كە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی سەربازییان بۆ یەكلاكردنی كێشەكان بەلاوە نەناوە.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی كانوونی یەكەم، لە میانەی دیدارێكی نێوان مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و سیریل نۆن باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری، دواین رەوشی دەڤەرەكە و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كراون.

مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانییەكانیش لەم رۆژانەدا ئەوە دەردەخەن كە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی سەربازییان بۆ یەكلاكردنی كێشەكان بەلاوە نەناوە كە ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەڕەشە لە سەر سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دروست دەكەن.

ڕوونی كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیارە هەرچی زووترە دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بكاتەوە، گوشار و ئابڵۆقەكانی سەر هەرێم لا بدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا جێگیر ببێت.

هاوكات باڵوێزی ئەڵمانیا هەڵوێستی وڵاتەكەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێكردنی دانوستانەكان لەسەر بنەمای دەستوور دووپات كردووەتەوە و ڕای گەیاند، هەوڵەكانمان بۆ دەربازكردنی رەوشەكە لەم چەقبەستوویییەی ئێستە چڕ دەكەینەوە تا بەكردەوە دانوستانەكان دەست پێ بكات.

زیاتر گوتی، ئەڵمانیا پشتگیریی هەرێمێكی كوردستانی بەهێز و پێشكەوتوو و دەستەبەربوونی مافە دەستوورییەكانی كوردستان لە عێراقدا دەكات.

هاوكات مەسروور بارزانی، رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتگیریی و هاوكاریی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاندووە و دووپاتی لەسەر كاریگەریی رۆڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یەكلاكردنەوەی كێشەكانی ناوخۆی عێراق كردووەتەوە و گوتی، هەرێمی كوردستان خوازیارە هەڵەكانی رابردوو لە عێراقدا دووبارە نەكرێنەوە، چونكە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەكەوێتەوە و زەوینە بۆ گەشەكردنەوەی تیرۆر دەڕەخسێنێتەوە، ئەمەش كێشەی زیاتری بۆ ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ دەكەوێتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم