حكوومەت پلانی دابین كردنی مووچەی شەش مانگی ساڵی داهاتوو دادەنێت

:: PM:02:55:11/12/2017 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كراوە و هەوڵ دەدرێت پلانی شەش مانگی ساڵی داهاتوو بۆ دابینكردنی مووچە دابنرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی كانوونی یەكەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی كرد كە بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، یەكێك لە تەوەری گفتوگۆكان دابینكردنی مووچەیە بۆ فەرمانبەران.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەت لەباری مووچە گفتوگۆی كردووە و هەوڵ دەدرێت پلانی دابینكردنی مووچەی شەش مانگی ساڵی داهاتوو دابنرێت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەكە، دانانی ئەو پلانە لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە، چونكە تا ئێستە هەرێم لە هەوڵی زیادكردنی هەناردەی نەوتی كوردستاندایە.

سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوتە، بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەرێم بڕێكی زۆری بیرە نەوتی لە دەست داوە و تا ئێستەش بەغدا ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمدا بكات.

دوێنی د. نووری عوسمان بەرپرسی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و پێوەندییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو كە حكوومەت گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێك دەكات.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر ڕای گەیاندبوو كە هەركاتێك حكوومەت نەتوانێت مووچە دابین بكات، ئەوە بە ئاشكرا ڕای دەگەیەنێت، بەڵام تا ئێستە لە توانایاندا هەیە.

بیركردنەوەی حكوومەت لە دابینكردنی مووچەی شەش مانگی ساڵی داهاتوو بۆ فەرمانبەران بەپێی داهاتی نەوت، لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی رای دەگەیەنێ، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە بیرێكی كێڵگەی تاوكێ بۆ سێ هێندە زیادی كردووە و ئاشكرای دەكات، لە 11 ناوچەشدا گەڕان بە دوای گازی سروشتی دەستی پێ كردووە.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم