زۆرێك لە خەڵكی بەدەست جۆرە جیاوازەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە دەناڵێنن، كە یەكێكە لە نەخۆشییە درم و درێژخایەنەكان و مەرگی مرۆڤی لێ دەكەوێتەوە، پزیشكان و شارەزایان بەردەوام بە دوای چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشیەیە لە گەڕان و توێژینەوەدان، لە دواترین لێكۆلێنەوەیش چەند ڕووەكێكیان دەستنیشان كردووە، كە بە هەموو شێوەیەك دژایەتی شێرپەنجە و لەناوبردنی دەكەن، ڕێگری سەرسەختیشن لە تووشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە.
سەوزەی كروسیفەرۆس كە جۆرەكانی سەوزەی برۆكلی وكەلەرم، قەرنابیت، شێلم، كوزەڵە دەگرێتەوە، ئەم سەوزانە پێكهاتەی گلۆكۆسینۆلاتسی تێدایە كە ئاوێتەیەكی دژە ئۆكسیدە و گۆگردیشی تێدایە، توێژینەوەكان سەلماندوویانە كە ئەو جۆرە پێكهاتەیە بەرگری لە شێرپەنجە دەكات و تەندروستی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن بەرەوپێشەوە دەبات.
جیا لەوە ئەو سەوزانە ئاوێتەی سولفۆراپهانیشیان تێدایە كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر گرێی شێرپەنجەیی دادەنێن و لەناوی دەبەن، بەڵام پێویستە وریا بن بە كوڵاندن و گەرم كردنی ئەو جۆرە سەوزانە، ئەو ئاوێتەیە لەناو دەچێ و سوودەكەی بە جەستە ناگات، پێویستە ئەو جۆرە سەوزانە بە تازەیی بیخۆن، ئەوكات سوودە سیحرییەكەی ئەو پێكهاتەیە بە لەش دەكات.
توێژەران دەڵێ، بە ترشاندن و خواردنیان وەكو شەربەت هیچ لە پێكهاتە خۆراكییەكانی ئەو سەوزانە كەم نابێتەوە، دەتوانن كەموون یان تۆوی گژنیژ و گەڵای سیلانترۆ لەگەڵ ئەو سەوزانە تێكەڵ بكەن، وەك زەڵاتەیەك ئامادەی بكەن، ئەمە سوودەكانیان زۆر زیاتر دەكات و ڕێگرێكی سەرسەختی شێرپەنجە و لەناوبەری گرێ شێرپەنجەییەكان دەبن، جیا لەوەیش مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن دەپارێزن.