مووچەی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتارەكان راگیرا

:: PM:05:48:11/12/2017 ‌
لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند "حكومەت مووچەی هەندێك پەرلەمانتار و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی راگرتووە".

 ئەمڕۆ دووشەم  زانا سەعید ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند: "حكومەت مووچەی خانەنشینی ژمارەیەك وەزیر و پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری خوولەكانی پێشووی راگرتووە".

لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئەم پەرلەمانتارە دەڵێ‌: "یاسای خانەنشینی لە عێراق كۆمەڵێك بنەما و دوو مەرجی سەرەكی هەیە، ئەم دوو مەرجەیش بریتین لە تەمەن و خزمەت، ئەوانەی موچەیان راگیراوە تەمەنیان نەگەیشتووەتە ٥٠ ساڵ، یان ساڵانی خزمەتیان لە 15 ساڵ كەمترە، بۆیە وەك خانەنشین هەژمار ناكرێن و مووچەیان پێنادرێت."

ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی زۆر ئەندام پەرلەمان و وەزیر بە مووچەیەكی زۆر خانەنشین كراون، سەرەڕای ئەمانیش وەك سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان باسی دەكەن، ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی تر بە ناونیشانی وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون، ئەمەیش ناڕەزاییەكی زۆری لێكەوتووەتە، دابەشكردنی مووچە لە عێراق بە نادادپەروەرانە هۆكارێكە لەوەی عێراق بخاتە لیستی وڵاتانەی گەندەڵ لە دنیادا.


 






وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل