ئەردۆغان داوا لە ئەوروپا دەكات بڕیاری كۆتا بدات

:: AM:10:05:15/11/2016 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆغان داوا لە یەكێتیی ئەوروپا دەكات تا كۆتای ئەمساڵ دوا بڕیاریان لەسەر دەستپێكردنی دانوستان بۆ وەرگرتنی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا بدەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی ئەوەی كرد، ئەگەر تا كۆتای ساڵی ٢٠١٦ یەكێتیی ئەوروپا بڕیاری یەكلایی لەبارەی وەرگرتنی توركیا و دەستپێكردنەی دانوستاندنەكان نەدات، ئەوا توركیا بابەتی بە ئەندامبوونی لە ئەوروپا دەخاتە ریفراندۆمەوە.

دووپاتی كردەوە، وەك سەرۆك كۆماری توركیا رای دەگەیەنم، ئێمە تا كۆتای ئەمساڵ دەتوانین دان بەخۆماندا بگرین و ئەگەر بڕیارێك نەدرا، ریفراندۆم دەكەین و رای خەڵكی توركیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا وەردەگرین.

هاوكات ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەیشی كرد، لە ریفراندۆمەكەدا چالاككردنەوەی سزای لەسێدارەدان دەخەینە راپرسییەوە و هاووڵاتییان دەنگ لەسەر گەڕانەوەی ئەو یاسایە دەدەن بۆ ناو دادگەكانی توركیا.

لەدوای كودەتا شكستخواردوەكەی ١٥ی تەموز/یۆلیۆی ئەمساڵ، بەهۆی سەركوت و گرتنی بەلێشاوی نەیارانی ئاك پارتی بە فەرمانی ئەردۆغان، پێوەندی نێوان یەكێتیی ئەوروپا و توركیا ساردییەكی زۆری بەخۆوە بینی، ئەوروپا حكوومەتی توركیای بەوە تاوانبار كرد كە بە پاساوی كودەتا دەستی داوەتە سڕینەوە و سزادانی نەیارە سیاسییەكانی خۆی.

لە دوا كۆبوونەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە برۆكسل، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە فەرمی هەڵوێستی وڵاتەكەی خستە روو و داوای كرد دانوستان لەسەر وەرگرتنی توركیا لە یەكێتییەكەیاندا بە یەكجاری كۆتای پێ بێت، هاوكات ئەڵمانیا و فڕەنسایش داوایان كردووە ئەو دانوستانانە بە مەرجی دەستبەرداربوونی توركیا لە كۆمەڵێك رەفتاری نامرۆیی لەگەڵ هاووڵاتییان و ركابەرانی ئاك پارتی دەست پێ بكاتەوە.

سەرچاوە/ دویچەوێلە – BBC


وشە - هیدایه‌ت جان