بوومەلەرزەكەی هەرێمی كوردستان قوربانی لێ‌ كەوتەوە

:: PM:08:52:11/12/2017 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 11ی كانوونی یەكەم، بوومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچە جیا جیاكانی هەرێمی كوردستان گرتەوە و بەوهۆیەیشەوە ژمارەیەك هاووڵاتی گەیەنرانە نەخۆشخانەكان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند: "سەعات 5:10 ئەم ئێوارە بوومەلەرزەیەك بە دووری 21 كیلۆمەتر بەقوڵایی 10كم لە پارێزگای هەڵەبجەدا رووی داوە و بوومەلەرزەكەیش لە چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستانیش هەستی پێ كراوە."

ڕوونی كردووەتەوە: "بوومەلەرزەكە لە شاری سلێمانی و گەرمیان و كەركووك و هەولێر هەستی پێ كراوە، پلەكەیشی 6.0 پلە بووە بەپێوەری رێختەر، ئەمەیش هەر لە درێژبوونەوەی بومەلەرزەكەی مانگی رابردووە، كە لە 12ی تشرینی دووەمی رابردوودا رووی دا، كە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە."

ئاشكرایش كراوە كە بۆ جاری دووەم ئەمڕۆ سەعات 5:43 بوومەلەرزەیەكی تر بە دوری 15 كیلۆمەتر بەقووڵایی 10 كیلۆمەتر لە پارێزگای هەڵەبجە رووی دا و پلەكەیشی 4.9 بەپێوەری رێختەر.

لای خۆیەوە نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "بوومەلەرزەكەی ئەم ئێوارەیە چەند كیلۆمەترێك لە سەنتەری شاری هەڵەبجە دوور بووە، بەڵام هیچ حاڵەتێكی مردن نەبووە تەنیا بەهۆی باری دەرونییەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون، هاوكات منداڵێكیش لە كاتی بوومەلەرزەكە كەوتووە و قاچی شكاوە."

هاوكات بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لە شارۆكەی دەربەندیخان دوو هاووڵاتی برینداربوون و دوو هاوڵاتی تریش بەهۆی باری دەروونییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.

بەڕێوەبرایەتیی تەندروستی سلێمانیش ئاشكرای كردووە، كە لە سنووری سلێمانی و شارەزوور نزیكەی 60 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە.

لە لایەكی ترەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕای گەیاند: "تاقیكردنەوەی قوتابیانی سنوورەكە بەهۆی ئەو بوومەلەبەرزەیەوە دوا دەخرێت، بەهۆی ناجێگیری باری دەروونی قوتابیان."

لە مانگی ڕابردووەوه‌ بە بەردەوامی بوومەلەرزەی بچووك و گەورە لە ناوچە جیا جیاكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەدات و پێشتر زیانی زۆری گیانی و مادی لێ‌ كەوتەوە.

سلێمانی/ یەحیا و هۆشیار



وشە - سه‌رخێڵ هاشم