بەرشەلۆنە: پێشبینیمان دەكرد رووبەڕووبوونەوەی چێڵسی ببینەوە

:: AM:10:10:12/12/2017 ‌

نوێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە تیروپشكی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئاشكرای كرد كە پێشبینییان دەكرد لەم قۆناغەدا رووبەڕووی یانەی چێڵسی ئینگلیزی ببنەوە.

ئێوارەی دوێنێ دووشەم یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) تیروپشكی بۆ یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام دا و تێیدا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و چێڵسی بەر یەك كەوتن.

لەمبارەیەوە گۆیلرێمۆ ئامور بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یانەی بەرشەلۆنە كە نوێنەری یانەكەی بوو لە تیروپشكەكەدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی (یوفا) رایگەیاند: پێشبینیمان كردبوو بە رادەیەكی زۆر لە قۆناغی 16 رووبەڕووی یانەی چێڵسی ببینەوە و بەڕاستیش ئەمە روویدا، بۆیە ئێمە پێشوازی لە تیروپشكەكە دەكەین.

زیاتر گوتی: ئەگەر بتەوێت ناسناوێك ببەیتەوە دەبێت لەسەرجەم یانەكان ببەیتەوە، پێشبینیش دەكەم قۆناغی 16 بەهێزبێت لەنێوان یانەكاندا و ئێمەش لای خۆمانەوە گەشبینین و بڕوای تەواومان بەخۆمان هەیە لە سەرجەم یارییەكاندا سەركەوتن بەدەست دێنین.

جێی باسە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێوان هەردوو یانەی چێڵسی و بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ لە رۆژی 20ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێ، دواتریش یاریی گەڕانەوە لە رۆژی 14ی مانگی دواتر لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەڕێوە دەچێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م