كۆچبه‌ر هه‌ر له توركیا چوار جار ده‌فرۆشرێ
زۆرجار قاچاخچی دڵنیایه له‌وه‌ی وه‌جبه‌كه‌ی ده‌مرن و ره‌وانه‌یشیان ده‌كات
یه‌كێك له‌و كوردانه‌ی ماوه‌ی ١٥ ساڵه كاری قاچاخچێتی ده‌كات له توركیا، له دیدارێكی ڤیدیۆیدا له‌گه‌ڵ "وشه"، باس له جۆری مامه‌ڵه‌كردنی قاچاخچی به هاووڵاتییانه‌وه ده‌كات و نایشارێته‌وه كه گێچه‌ڵی سێكسی به ژنان له رێدا و به زۆر هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی لێ جیا ده‌كرێته‌وه یان له‌گه‌ڵیان ڕێك ده‌كه‌ون.
"جه‌مال جه‌نجاڵ" ناوی خوازراوی ئه‌و قاچاخچییه‌یه كه زۆر ورده‌كاری له‌باره‌ی رێیه‌كانی چوون به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیار ده‌خاته ڕوو و بێ سڵكردنه‌وه ده‌ڵێت، "زۆرجار قاچاخچی دڵنیایه نه‌فه‌ره‌كانی له رێدا ده‌مرن و هه‌ر ده‌یاننێرێ". ئاماژه به‌وه‌یش ده‌دات كه هه‌ر كۆچبه‌رێك تا له توركیا به‌ڕێ ده‌كرێ، "چوار جار ده‌فرۆشرێ".
گه‌یشتن به قاچاخچییه‌كان له توركیا چۆنه و كۆچبه‌ر چۆن ئێوه ده‌دۆزنه‌وه؟
ناوچه‌ی ئه‌كسه‌رای له ئیستانبوڵ پڕ له قاچاخچییه كه زۆربه‌ی قاچاخچییه‌كان له چایخانه‌كانی ئه‌وێ داده‌نیشن، ئه‌و كه‌سانه‌یشی ده‌یانه‌وێ به ڕێی قاچاخ گه‌شت بۆ ئه‌وروپا بكه‌ن، دێنه لامان و له‌وێ مامه‌ڵه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین. زۆر جاریش له كوردستانه‌وه به رێی ته‌له‌فۆن و ناوبانگی قاچاخچییه‌كان خه‌ڵك ده‌نێرن و خۆیان دێنه لامان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ نییه به چه‌ندان فێڵی جیاواز و پاره لێخواردندا تێده‌په‌ڕێت تا ده‌گاته لای قاچاخچی سه‌ره‌كی، به‌پێی قاچاخچیش هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌و كه‌سه كه ئایا لای ده‌مێنێته‌وه تا كاتی به‌ڕێكردن یان كه‌سه‌كه خۆی شوێن ده‌گرێت.
وا باوه كه ئێوه گه‌ره‌نتی به‌و كه‌سه‌كانه ده‌ده‌ن بۆ گه‌یاندنیان به شوێنی مه‌به‌ست، به‌ڵام نایانگه‌یه‌نن، ته‌نانه‌ت له سه‌عاتی گه‌شتكرنیشدا ناڕاستن له‌گه‌ڵیان، ئه‌مه چۆنه؟
به‌ڵی هه‌موو قاچاخچییه‌ك گه‌ره‌نتی ده‌دات، به‌ڵام ڕاستی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه، چونكه ڕێی قاچاخ هیچ كات گه‌ره‌نتی تیادا نییه، هه‌ندێك جار زۆر باش ده‌شزانین مه‌گه‌ر ئه‌جه‌لیان نه‌هاتبێت، ئه‌گه‌ر نا مردنی كۆچبه‌ره‌كان مسۆگه‌ره، ئێمه هه‌موو كات پێیان ده‌ڵێین به دوو سه‌عات یان سێ و هه‌ندێ جار زۆر كه‌متریش ده‌گه‌ن به شوێنی مه‌به‌ست، به‌ڵام وا نییه، هه‌ندێك جار زیاتر له شه‌و و ڕۆژێكیان پێ ده‌چێت.
بازرگانی به‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه ده‌یانه‌وێ گه‌شت بكه‌ن، ئه‌مه چۆن و بۆچی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن؟
به‌ڵی بێگومان ئه‌وه ڕاسته، كاری قاچاخچیه‌تی هه‌موو كڕین و فرۆشتنی ئه‌و كه‌سانه‌یه، هه‌موو كه‌سێك تا ده‌گه‌یه‌نرێت به شوێنی مه‌به‌ست، چوار تا پێنج جار دێته فرۆشتن. بۆ نموونه كه‌سێك دێته لای من دوو هه‌زار دۆلاری لێ وه‌رده‌گرم، ته‌له‌فۆن بۆ قاچاخچییه‌كی هاوڕێم ده‌كه‌م ده‌ڵێم كه‌سێكم لایه بۆم ڕه‌وان بكه به (١٧٠٠$) ئه‌ویش وه‌ری ده‌گرێت و ڕاده‌ستی قاچاخچییه‌كی تری ده‌كات به (١٥٠٠$)، ئه‌ویش به كه‌سێكی تری ده‌فرۆشێت تا ده‌گات به قاچاخچی ڕێبه‌ر كه ئه‌و خۆی ده‌یانگه‌یه‌نێت به خاڵی دیاریكراو، كاره هه‌ره گه‌وره‌كه ئه‌و قاچاخچییه ده‌یكات، به‌ڵام بۆ هه‌ر كه‌سێك بڕی (٣٠٠$ ) وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه وه‌رناگیرێت تا كه‌سه‌كه نه‌گات به جێی خۆی و پێوه‌ندی به خێزانه‌كه‌یه‌وه نه‌كات و كۆدی نهێنی بڵێت.
ئه‌ی ئه‌وه چۆنه زۆرجار كۆچبه‌ر نه‌گه‌یه‌نراوه به جێی مه‌به‌ست و پاره‌كه‌یشی خوراوه؟
به‌ڵی ئه‌وه‌ش ڕووی داوه و ڕوو ده‌دات به‌رده‌وام، هه‌ندێك جار بزانین كه‌سه‌كه هیچ شاره‌زایییه‌كی نییه، به چه‌ند ڕێیه‌كی جیاواز ده‌یبه‌ن بۆ شوێنێك و ده‌ڵێن ئێره یۆنانه، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌ر شوێنێكی تره له توركیا، له‌وكاته‌دا به ژماره ته‌له‌فۆنێكی یۆنانی كه ئێمه ده‌یده‌ینێ پێوه‌ندی به كه‌سوكاری ده‌كات و ده‌ڵێ گه‌یشتووم و ئێمه‌ش پاره‌كه وه‌رده‌گرین.
له‌و حاڵه‌ته‌دا دووباره ئه‌و كه‌سه به‌خۆتان ده‌فرۆشنه‌وه تا بیگه‌یه‌نن به شوێنی داواكراو؟
به‌ڵی دووباره به‌خۆمانی ده‌فرۆشین، چونكه ئه‌وكاته پێی ده‌ڵێین ده‌بێت ٢٠٠$ یان ٣٠٠$ی ترمان بده‌یتێ تا ده‌تگه‌یه‌نین به شوێنێكی پارێزراو، له‌وێش له‌گه‌ڵ نزیكی 40 كه‌سی تر ده‌یخه‌ینه ناو چووپێكی نۆ مه‌ترییه‌وه جا خۆی چانسی خۆی، ده‌گات یان ده‌مرێت، به‌ڵام بمێنێ یان بمرێ ئه‌و پاره‌یه قاچاخچییه‌كه پێشه‌كی هه‌ر وه‌رگرتووه.
ده‌گوترێ كاری ساخته‌كردنی به‌ڵگه‌نامه هه‌یه، ئه‌وه چۆن ده‌كرێ له كاتێكدا به نه‌فه‌ر ده‌ڵێن به ڕێی فڕۆكه و به ڤیزا ده‌یاننێرن؟
زۆر كه‌س دێن پاره‌یه‌كی باشیان پێیه و له ڕێیه‌كانی وشكانی و ئاوی ده‌ترسن، داوای ڕێی ڕه‌سمی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش هه‌ر ته‌زویره له‌لای ئێمه، بۆ ئه‌م رێیه بۆ یه‌ك كه‌س زیاتر له شه‌ش هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گیرێت، ئێمه ڤیزه‌یان بۆ ته‌زویر ده‌كه‌ین و ده‌یاننێرن بۆ فڕۆكه‌خانه، له‌وێ ناویان ده‌رناچێت له سیسته‌م و ده‌گیرێن و دوای دوو مانگ سنوورداش ده‌كرێنه‌وه، هه‌ندێك خێزانیش تا ئێسته ده‌ستبه‌سه‌رن و سنوورداش نه‌كراونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌یش رووی داوه له 200 كه‌س یه‌ك دانه‌یان به‌و رێیه‌ی فڕۆكه‌خانه‌دا ده‌رچووه و ده‌رنه‌كه‌وتووه كه به‌ڵگه‌نامه‌كانی ساخته‌ن.
باسی قاچاخچی رێكه‌وتم بۆ بكه، ئه‌وه چۆنه؟
زۆربه‌ی زۆری ئه‌و قاچاخچییانه‌ی ئێسته له توركیان، قاچاخچی رێكه‌وتن، چونكه كه‌سیان پێشینه‌یان نییه، به‌ڵكو هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شت بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی چوار پێنج جار خۆیان له ڕێیه‌كه داوه و به ده‌یان قاچاخچی كڕین و فرۆشتنی پێوه كردوون و ده‌رنه‌چوون، ئیتر ده‌ستیان هه‌ڵگرتووه له ڕۆیشتن و له‌ناو هاوڕێ و كه‌سوكاریان ده‌ڵێن چووم و هاتمه‌وه توركیا، ڕێ ئاسانه وه‌رن با ئێوه‌ش بنێرین، ئیتر ئاوا ده‌ست پێ ده‌كات، دواتر ئه‌ویش ده‌ست ده‌كات به كڕین و فرۆشتنی به ئێمه كه قاچاخچی به ئه‌زموونین و چه‌ندان ساڵه كار ده‌كه‌ین و شاره‌زاییمان هه‌یه.
چ زانیارییه‌كت هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ی كه ٧٠ كه‌س گیانیان له ده‌ست دا، ئایا ئه‌و قاچاخچییانه گیراون؟
ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌وانی لێ مردن شوێنێكی پڕ مه‌ترسی بوو، ئه‌و قاچاخچییانه به‌و مه‌ترسییه‌یان ده‌زانی، ئه‌وه‌ی باس كرا و به ئێمه گه‌یشت، ئه‌وه‌بوو كه له‌ناو یه‌ختێكی "هه‌شت به 12 مه‌تریدا" نزیكی ٨٠ كه‌سی لێ بار كردبوو، ئه‌وانه‌ی به‌چاوی خۆیان بینیبوویان ده‌یانگوت له جیاتی بۆ پێشه‌وه بڕوات، یه‌خته‌كه بۆ دواوه ده‌گه‌ڕایه‌وه و به پشتدا نقوم بووه، قاچاخچییه‌كان ئێسته له ئیسته‌نبوڵ خۆیان حه‌شار داوه و نایه‌نه ناو خه‌ڵك، چونكه سكاڵایان له دژ تۆمار كراوه و حكوومه‌تی توركیا به‌داوایانه‌وه‌یه. له‌ناو خۆماندا ده‌گوترێ به دوای ڕێیه‌كدا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به یه‌كجاری بڕۆنه ده‌ره‌وه و له توركیا نه‌مێنن، به‌ڵام له دوای خنكانی ئه‌وانه، زیاتر له دوو هه‌زار كه‌س و خێزان له توركیاوه گه‌ڕانه‌وه كوردستان، ترسیان لێ نیشت و له كۆچكردن بۆ ئه‌وروپا په‌شیمان بوونه‌وه.
ڕێیه‌كان چه‌ندیان تێده‌چێت؟
ڕێی ئیتاڵیا له پێنج هه‌زار دۆلار ده‌ست پێ ده‌كات تا حه‌وت هه‌زار دۆلار، بۆ منداڵی خوار ته‌مه‌ن 10 ساڵ به سێ هه‌زار دۆلاره. له‌وێشه‌وه بۆ ڕۆمانیا و دواتر نه‌مسا و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا، ئه‌و سێ ڕێیه‌ش كه ببڕیت بۆ هه‌ر كه‌سێك شه‌ش هه‌زار دۆلاری تری ده‌وێت. په‌ڕینه‌وه له ئاوی ئیجه له 200 دۆلاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر كه‌سێك، به‌ڵام گه‌ره‌نتی نییه. ئه‌و نرخانه به‌پێی خێرایی و خاوی، مه‌به‌ستم ماوه‌ی گه‌شتنه‌كه‌یه، ده‌گۆڕێت.
له‌و چه‌ند ساڵه‌ی كۆتادا ئه‌وانه‌ی كه كۆچ ده‌كه‌ن، زیاتر كام چینن؟
ساڵانی پێشوو زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ڕۆیشتن گه‌نج بوون، به‌ڵام ئه‌م سێ ساڵه‌ی دوایی زۆربه‌یان خێزانن، ده‌توانم بڵێم ئێسته ڕێژه‌ی خێزان و گه‌نج زۆر له‌یه‌ك نزیكه بۆ ڕۆیشتن به‌ره‌و ئه‌وروپا، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دێن ده‌زانن كه 100% دیار نییه ده‌رده‌چن یان نا، به‌ڵام هه‌ر ده‌ڕۆن و ده‌ڵێن بمرین باشتره له‌و ژیانه‌ی هه‌مانه. ساڵی ٢٠١٥ له لووتكه‌ی ڕۆیشتنی خه‌ڵك بوو، ئه‌وكات كاری ئێمه زۆر باش بوو، ساڵی ٢٠١٦ كه‌متر و ٢٠١٧ له هه‌ردووكیان كه‌متر بووه‌ته‌وه.
ئێوه‌ی قاچاخچی گێچه‌ڵێ سێكسی به ژنان ده‌كه‌ن؟
به‌ڵێ بێگومان زۆر شتی وا كراوه و به به‌رده‌وامیش ده‌كرێت، زۆرجار ژنه‌كان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، یان له‌گه‌ڵیان ڕێك ده‌كه‌ون، زۆر جاریش چه‌ند قاچاخچییه‌ك به چه‌كه‌وه و به زه‌بر ژنی خاوه‌ن مێرد و منداڵ ده‌به‌ن، ئێسته به‌شێك له‌و ژنانه له توركیا ماونه‌ته‌وه و هه‌ر جاره و به‌ده‌ستی قاچاخچییه‌كه‌وه‌ن، هه‌ندێكیشیان به هه‌زار ده‌رده‌سه‌ری ڕۆیشتوون. هه‌یشن گه‌ڕاونه‌ته‌وه كوردستان، زۆرجار له‌ناو یه‌خت و چووپه‌كان جیایان ده‌كه‌نه‌وه یان له شوقه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌چنه سه‌ریان، به‌ناو ناوی هه‌موو ئه‌و قاچاخچییانه‌م لایه كه ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن، جاری وایش هه‌یه ژن و مێرد له‌وێ جیا ده‌بنه‌وه و له نێوانیان ناخۆشی دروست ده‌بێت.
پۆلیسی توركیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ قاچاخچی چۆنه؟
پۆلیسی توركیا واته پاره. هه‌ر جارێك بمانگرن پێش ئه‌وه‌ی پاسپۆرتمان لێ وه‌ربگرن، ده‌ست به گیرفاندا ده‌كه‌ن و پاره ده‌ردێنن و به‌ڕێمان ده‌كه‌ن، من خۆم چه‌ندان جار به‌سه‌رم هاتووه ئه‌وه. جارێك به دوو پاس نه‌فه‌ره‌وه گیرام، سه‌ره‌تا زۆر توند بوون و داوای غه‌رامه‌ی زۆریان ده‌كرد، داوای 10 خوله‌ك ده‌رفه‌تم كرد قسه بكه‌ین، له‌و ماوه‌یه‌دا به 100 دۆلار رازیم كردن و نه‌فه‌ره‌كانیشم به‌ڕێ كرد، ته‌نانه‌ت كاتێك ده‌برێین بۆ بنكه‌ی پۆلیس، پێش ئه‌وه‌ی بتخه‌نه گرتووخانه‌وه، ئه‌گه‌ر پاره بده‌ی، یان زوو به‌رت ده‌ده‌ن یان دوایی سنوورداشت ده‌كه‌ن.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان