رۆناڵدۆ چۆن خەڵاتی باڵۆن دۆڕی بردبووەوە؟
رۆژی پێنجشەمی رابردوو كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی بۆ پێنجەمجار خەڵاتی باڵۆن دۆڕی وەك باشترین یاریزانی 2017ی جیهانی بەخشی بە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
كۆوارەكە ساڵانە ئەم خەڵاتە بە رێژەی دەنگدان بە باشترین یاریزانی جیهان دەبەخشێ و ئەوەی ئەمساڵیش خەڵاتی 62مین بوو.
كۆوارەكە ئاشكرای كرد كە ئەمساڵ رۆناڵدۆ توانیبووی رێژەی هەرە زۆری دەنگەكان بەدەست بێنێ و پێش هەردوو ركابەرەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بكەوێتەوە.
لە دەنگدانی ئەمجارەی خەڵاتەكەدا تەنیا رۆژنامەنووسان دەنگیان دابوو و راهێنەر و كاپتنی هەڵبژاردەكانی جیهان دوور خرابوونەوە، كۆی گشتی ئەو رۆژنامەنووسانەش كە دەنگیان دابوو برێتی بوون لە 173 رۆژنامەنووس لەسەر ئاستی جیهان.
هەر رۆژنامەنووسێك بۆی هەبوو بە ریزبەندی 3 یاریزان بۆ خەڵاتەكە بپاڵێوێ، دەنگی یەكەم 5 خاڵی كۆ دەكردەوە و دەنگی دووەمیش 3 خاڵ و دەنگی سێیەمیش تەنیا یەك خاڵ.
رۆناڵدۆ توانیبووی دەنگی 133 رۆژنامەنووس بەدەست بێنێ و بە ریزبەندی یەكەمی باشترین یاریزانی جیهان دیاری بكەن، واتە توانیبووی دەنگی 75.6%ی سەرجەم دەنگەكان بباتەوە.
میسی كە بە دووەم باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان كرابوو توانیبووی تەنیا دەنگی 40 رۆژنامەنووس بەدەست بێنێ.
جێی باسە رۆناڵدۆ ئەمە پێنجەمجارە خەڵاتی باڵۆن دۆڕ وەك باشترین یاریزان دەباتەوە و پێشتریش لە ساڵانی 2008، 2013، 2014 و 2016 خەڵاتەكەی بەدەستهێنابوو، بەمەش لەگەڵ میسی بوونە یەكەم یاریزان لە مێژوودا زۆرترین خەڵاتی باڵۆن دۆڕ ببنەوە كە پێنجارە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم