بەرشەلۆنە بەرگریكارێكی نوێ دێنێ و ماسكیڕانۆش دەفرۆشێ

:: PM:01:02:12/12/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە گرێبەستكردن لەگەڵ بەرگریكارێكی نوێ نزیك بووەتەوە و بەمەش چاوەڕوان دەكرێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوودا خافێر ماسكیڕانۆی ئەرجەنتینی بفرۆشێ.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە بەشێكی زۆری كارەكانی گرێبەستكردنی لەگەڵ ییری مینای بەرگریكاری 23 ساڵی كۆڵۆمبی و یانەی پاڵمیراسی بەڕازیلی تەواو كردووە و چاوەڕوان دەكرێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوودا بەفەرمی پەیوەندی گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بكات.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە بەهاتنی ئەو بەرگریكارە لاوە، لاری نامێنێ لە رۆیشتنی ماسكیڕانۆی بەرگریكاری تەمەن 33 ساڵ كە لە یانەی هیپی فۆرچنی چینی بە بەهای 6 ملیۆن یۆرۆ داوا كراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستادا كێشەی هێڵی بەرگری هەیە بەهۆی پێكانی بەرگریكاری فڕەنسی ساموێل ئۆمتیتی و دووركەوتنەوەی بۆ ماوەی 2 مانگ، یانەكە ئێستا لە هێڵی بەرگریدا پشت بە تۆماس ڤێرمایلین و گیرارد پیكێ دەبەستێ.

پێشبینیش دەكرێ گرێبەستەكەی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ یانەی پاڵمیراس بۆ گواستنەوەی مینا بڕی 9 ملیۆن یۆرۆ بكەوێ و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەش هەردوولا بەفەرمی رێك بكەون.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م