داهاتی نەوتی هەناردەكراوی عێراق راگەیەنرا

:: PM:04:10:01/10/2016 ‌

وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند كە قەبارەی هەناردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو، زیاتر لە 98 ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتی فرۆشتنی نەوتەكە لەو مانگە گەیشتووەتە زیاتر لە 3.822.286 ملیار دۆلار.

عاسم جیهاد گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، قەبارەی هەناردەكراوی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی رابردوودا، گەیشتووەتە 98.285.239 ملیۆن بەرمیل كە رۆژانەی 3.276 ملیۆن بەرمیل هەناردە كراوە.

قەبارەی هەناردنی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئاب گەیشتە 100.1 ملیۆن بەرمیل و تێكڕای رۆژانەی هەناردنیش 3.230 ملیۆن بووە.

جیهاد دەڵێت كە قەبارەی نەوتی هەناردەكراو لە بەندەرەكانی بەسرە گەیشتووەتە 97.349.969 ملیۆن بەرمیل لەو كاتەی 935.270 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جیهانی توركیا هەناردە كراوە.

بەپێی قسەی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، داهاتی فرۆشتنی نەوت لەو مانگەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 3.822.286 ملیار دۆلار و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاویش 38.890 دۆلار بووە. 

وشە/شەفەق نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل