له‌ ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ری په‌تای ئه‌نفله‌وه‌نزای زستان بكه‌

:: PM:06:12:12/12/2017 ‌
كاتێك وه‌رزی زستان دێ، زۆرێك له‌ خه‌ڵكی تووشی ئه‌نفله‌وه‌نزای وه‌رزی ده‌بن و ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ وه‌رزییه‌ ته‌واو مرۆڤ شه‌كه‌ت ده‌كات و له‌ حاڵه‌تی خه‌وتن و پاڵكه‌وتن بێ یان هه‌ر جۆرێك بێ، ئازار و تا و له‌رز و گه‌روو ئێشه‌ و نه‌وه‌ستانی ئاو له‌ لووت به‌ ته‌واوی بێزارتان ده‌كات، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ وه‌رزییه‌ هیچ پێویست ناكات په‌نا بۆ پزیشك و ده‌رمانی كیمیایی ببه‌ن، له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی به‌ یه‌كجاری ئه‌و په‌تایه‌ به‌ كۆتا بێنن.

پزیشكان گرنگترین چاره‌سه‌ر سروشتییه‌كان كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌تانه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانن به‌سه‌ری زاڵ بن، بۆمان ده‌خه‌نه‌ ڕوو و داوا ده‌كه‌ن له‌جیاتی ده‌رمانی پزیشكی، ئه‌و ڕێگه‌چارانه‌ بگرینه‌به‌ر.

یه‌كه‌م: شۆربای سنگی مریشك و سه‌وزه‌وات، دروست كردنی شۆربایه‌ك به‌ سنگی مریشك و سه‌وزه‌وات، ڕێگه‌یه‌كی خێرا و گرنگ ده‌بێ، بۆ وه‌ستاندنی شه‌كه‌تی و گێژبوونی جه‌سته‌،  ئه‌م جۆره‌ شۆربایه‌ ڕێژه‌ی خڕۆكه‌ سپییه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و ڤایرۆسی په‌تاكه‌ له‌ناو ده‌بات، هه‌روه‌ها هه‌وكردن له‌ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان به‌ كۆتا دێنێت.

دووه‌م: زه‌نجه‌فیل: ڕه‌گی زه‌نجه‌فیل بكه‌نه‌ ناو ئاو و بیكوڵێنن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی وه‌ستاندنی سكچوون و هه‌وكردنی گه‌روو و مێشك ئارام ده‌كاته‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌نفله‌وه‌نزا له‌ناو ده‌بات، شه‌كه‌تی و گێژبوون ناهێڵێ و ده‌توانن به‌ ئاسایی كار و چالاكییه‌كانتان ئه‌نجام بده‌ن.

سێیه‌م: هه‌نگوین، تایبه‌تمه‌ندی زۆری به‌هێزی دژه‌ ڤایرۆس و میكرۆبه‌كانی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چای لیمۆ تێكه‌ڵی بكه‌ن ئه‌وا به‌ ته‌واوی هه‌وكردنی گه‌روو ناهێڵێ و سه‌رمابوون و هه‌وكردن له‌ناو ده‌بات، جیا له‌وه‌ سیسته‌می به‌رگری له‌ش به‌ ته‌واوی به‌رانبه‌ر به‌ڤایرۆسی په‌تاكه‌ به‌هێز ده‌كات و له‌ناوی ده‌بات.

چواره‌م:سیر،  ڕێژه‌یه‌كی باشی پێكهاته‌ی ئه‌لیسینی تێدایه‌ و دژه‌ میكرۆبێكی به‌هێزه‌ و به‌ تێكه‌ڵ كردنی له‌گه‌ڵ خواردن سه‌رمابوون له‌ناو ده‌بات و وا ده‌كات له‌ كه‌مترین كات له‌و په‌تایه‌ ڕزگارتان ببێ، بۆیه‌ پزیشكان پێشنیاز ده‌كه‌ن به‌ خێرایی په‌نا بۆ سیر ببه‌ن له‌وكاته‌ی تووشی په‌تای ئه‌نفله‌وه‌نزای زستانه‌ ده‌بن.

پێنجه‌م: حه‌مامی گه‌رم و شێدار، ڤایرۆسی ئه‌نفله‌وه‌نزا به‌ خێرایی له‌ ژینگه‌ی وشك و سارد گه‌شه‌ ده‌كات، كاتێك ده‌چنه‌ ژینگه‌یه‌كی گه‌رم و شێدار ئه‌وا به‌ ته‌واوی مه‌ترسی له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن و به‌ره‌و له‌ناوبردنی ده‌به‌ن، بۆیه‌ شاره‌زایان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ زستانان له‌ حه‌مامی گه‌رم و پڕ هه‌ڵمی شێدار خۆتان بشۆن یان بچنه‌ شوێنی تایبه‌ت به‌ بوخار و پڕ له‌ شێ، ئه‌مه‌ وا ده‌كات به‌ ئاسایی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ناو بچێ و ڕزگارتان ببێ.

سه‌رچاوه‌/ healthline



وشە - ئاوات ئازاد