بەهۆی كەمی ژمارەی مامۆستای میلاك و خوێندنكاران، لە ژمارەیەك گوندی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور، چەند خوێندنگەیەك داخران و بەشێكی تریشیان تێكەڵ كراون و قوتابیانیش نێردراون بۆ نزیكترین خوێندگە.
لەوبارەیەوە، مامۆستا محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارۆكەی شارەزوور، بە"وشە"ی راگەیاند، پێشتر بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان و لەهەر ناوچەیەكدا، ئەگەر خوێندنگەی گوندێك یان شوێنێك، كەمتر لە(15) قوتابی هەبێت، ئەوا دەبێت ئەو خوێندنگەیە دابخرێت و قوتابییەكانی بگوازرێنەوە بۆ نزیكترین خوێندنگە لێیانەوە.
زیاتر گوتی، بەو هۆیەوە بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندنی (2017 – 2018) وەك بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور، لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە بەشێك لە خوێندنگەكانی سنووری گوندەكانی ناوچەكەمان دەگرێتەوە، بۆیە ئێستە هەستاوین بەوەی كە بەشێك لەو خوێندنگەیانەی كە كێشەی كەمی میلاكی مامۆستا و هاوكاتیش ژمارەی قوتابیانیان كەمە، داخراون و بەشێكی تریشیان تێكەڵ كراون.
روونی كردەوە، ئەمساڵیش كێشەی كەمی میلاكی مامۆستایان هەیە و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانیشمان، دەمێكە سەرووی خۆیامانمان لێ ئاگەدار كردووەتەوە و چاوەڕوانی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەكەین.
بەرێوەبەری پەروەردەی شارۆكەی شارەزوور، ئاماژەی كرد، بۆ نموونە خوێندنگەی گوندی بێسەڵمێن، كە دەكەوێتە سنووری پەروەردەكەمانەوە، كێشەی كەمی قوتابییان نەبوو، بەڵكو كێشەی پسپۆڕییان هەبوو، ئەوان (21) قوتابییان هەبووە، بەڵام شەش مامۆستای بەكالۆریۆسیان بۆ دانرابوو، لەكاتێكدا لەناو شار قوتابخانە هەیە، (450) قوتابی هەیە و بە ناچاریش خوێندنی ئەو قوتابخانەیەشمان هەڵپەسارد و قوتابییەكانیشیان نێردراون بۆ نزیكترین گوند لێیانەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور، سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانییە و ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی ئەو پەروەردەیە لەكاتێكدایكە كە ئێستە بەشێكی زۆر لە خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستان، بەدەست كێشەی كەمی میلاكی مامۆستایانەوە دەناڵنێنن، ئەگەرچی ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ژمارەیەك مامۆستای وانەبێژ دانراون، بەڵام هێشتە ئەوە نەیتوانیوە چارەسەری ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی پەروەردە و خوێندن بكات، بەوەش چارەنووسی پەروەردە و خوێندن بەرەو ئاقارێكی خراپ دەڕوات.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی