ئاسانكاری لە گواستنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم دەكرێت

:: PM:09:05:12/12/2017 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە گواستنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی تر ئاسانكاری تێدا كراوە و ئێستە شۆفێران دەتوانن بە ئاسانی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر بگوازنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 12ی كانوونی یەكەم، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە بەپێی چەند ڕێنوێنییەك بە ئاسانی شوفێرانی هەرێمی كوردستان دەتوانن تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان لە پارێزگایەكەوە بگوازنەوە بۆ پارێزگایەكی تر.

ڕوونی كردەوە كە گواستنەوەی تابلۆ ئۆتۆمبێلی تاكسی و بارهەڵگر ناگرێتەوە و دەبێت مۆدیلی ئۆتۆمبێلەكەش لە 2000 كەمتر نەبێت.

گوتەبێژەكەی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەیش كرد كە ئەو رسووماتەی لە گواستنەوەی تابلۆ وەردەگیرێت تەنیا رسووماتی مامەڵەكەیە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاری كراوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پڕۆسەی گواستنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل پێشتر بە چەند رێوشوێنكدا تێدەپەڕی، بەڵام ئێستە گواستنەوەكە تەنیا پێویستی بە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكە و ناسنامە و رەگەزنامەی و ئامادەبوونی كەسەكە هەیە، سەرباری ئەوەی كە نابێ‌ ئۆتۆمبێلەكە غەرامەی زۆری هاتوچۆی لەسەر بێت.


 







وشە - سه‌رخێڵ هاشم