حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە لە ڕێگەی پڕۆژەیەكەوە، كۆكردنەوەی پارەی ئاو و كارەبا بداتە كەرتی تایبەت، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاوی سلێمانیش دەڵێت، حكوومەت تاوتوێی ئەو پڕۆژەی كردووە.
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە بۆ پێدانی كۆكردنەوەی پارەی ئاوی ماڵان و شوێنەكانی تر.
زیاتر گوتی، حكوومەت تاوتوێی ئەو پڕۆژەیەی كردووە و چیتر كۆكردنەوەی پارەی ئاو لە دەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودا نامێنێت و دەدرێتە كەرتی تایبەتەوە.
پڕۆژەكەی حكوومەت بەو شێوەیە كە دەبێت سەرجەم ماڵ و هاوبەشەكانی ئاو پێوەری زیرەك ببەستن، بە پێچەوانەوە هەر كەسێك نەیبەستێت تووشی غەرامە دەبێت. ئێستە كۆكردنەوەی پارەی ئاوی ماڵان بە دوو مانگ جارێك دەبێت و وەرگرتنی پارەش بەپێی مەتری خانووەكەیە، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، پارەی ئاو نادەن.
پڕۆژەكەی حكوومەتیش بە هەمان شێوەی كارەبا دەگرێتەوە و كۆكردنەوەی پارەی كارەباش دەدرێتە كەرتی تایبەت.
وشە، چەندجارێك پێوەندی بە سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی و سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕأگەیاندنی كارەبای سلێمانی كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندیەكانیان نەدایەوە.
لە شاری سلێمانی بڕێكی زۆر لە هاووڵاتییان و شوێنەكانی تری وەك هاوبەشەكانی حكوومەت و پیشەسازی و كشتوكاڵی و بازرگانی قەرزداری كارەبان، كە نزیكەی 180 ملیار دینار دەبێت و نزیكەی 20 ملیار دیناریش قەرزداری ئاون.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی