خاڵۆی شاعیر ناوی تەواوی (محەمەد مارف عەلی) یە لەبەر ئەوەی تاقانە بووە لەناو خەڵکیدا بە (محەمەد دەروێش) ناسراوە. لە گوندی (نۆڕەباب) کە گوندێکە لە بناری شارباژێڕو دامێنی سیوەیل لەدایک بووە، سەبارەت بە ساڵی لەدایکبوونی زۆر ڕوون و ئاشکرانییە بەڵام وەک (خاڵۆ) خۆی لە هۆنراوەیەکدا ڕوونی کردووەتەوە لە ساڵی ١٩٢٨زاینیدا، لەدایک بووە، لە هۆنراوەکەدا دەڵێت :
بەرواری هاتن بۆ نـــــــــــــــاو جیهانم
نەبوو بەڕوونی زۆر چــــــــــاک بزانم
بەڵام خـــــــــــــۆم دامنا بەئەقڵا و قیاس
نۆسە و بیست و هەشت درۆبێ یا ڕاس
هەروەها شاعیر خۆی لە زۆر دانیشتن و کۆبوونەوەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەر لە ساڵی (1928 ز) لەدایک بووە. خاڵۆ لە ژیانیدا دووجار خێزان پێکەوە دەنێت، ژنی یەکەم لە ساڵی (1946 ز) دەهێنێت و دوو ساڵ ژیان بەیەکەوە بەسەر دەبەن و خێزانەکەی لە ساڵی (1948 ز) کۆچی دوایی دەکات و هیچ منداڵێکی لێی نابێت و دواتر لە ساڵی (1951 ز) ژنی دووەم دەهێنێ کەهەر خوشکی ژنی یەکەمی بووە و لەم ژنەی پێنج منداڵ (دوو کوڕو سێ کچ) ی دەبێت. (خاڵۆ) هەتا تەمەنی 18 ساڵی هیچ خوێندەوارییەکی نەبووە و تاکە پاڵنەری خوێندەواری (خاڵۆ) هەر تەنیا هەوڵ و کۆششی خۆی بووە و هەمیشە خۆی سەرزەنشت دەکرد و بیری لەوە دەکردەوە کە ئەم ژیانەی ئەو بەبێ زانست و زانیاری هیچ مانایەکی نییە.
بۆیە ئیتر بەتەواوی خۆی بۆ فێربوون و خوێندەواری تەرخان دەکات و سەرچاوەی ڕۆشنبیریی و خوێندەوارییەکەی سەرەتا هەر (جزمی عمّ) بووە کە جارجارە مەلای گوندەکەی چەند ئایەتێکی پێ گوتووە، دوای ئەوە بەهەوڵ و کۆششی خۆی بەتەواوی (جزمی عمّ) فێربووە و بەئاسانی خوێندوویەتییەوە وای لێهاتووە کە جێگەی مەلای گرتووەتەوەو وانەی بە فەقێکانی مەلاش گوتووەتەوە. ئیتر هەر لەوکاتەوە وەک خۆی دەڵێت خووی زانست و زانیاری خزاوەتە مێشکییەوە و فێربوونی پیتێکی لە هەموو کارو کاسبییەک پێ باشتر بووە و لای بەنرختر بووە لە هەموو سەروەت و سامانێک، کە لەم بارەیەوە (خاڵۆ) خۆی دەڵێت:
پێم خۆشبوو فێربم ئەلفێک لەگەڵا نوون
نەم ئەویست بمبێ مەخزەنی قاروون
دوای فێربوونی (جزمی عمّ) بەتەواوی ئینجا هەوڵی پەیداکردنی دیوانی شاعیرە کوردەکان دەدات وەکو دیوانەکانی (نالی و ناری و ئەدەب و پیرەمێرد و کوردی و گۆران و بێکەس و فانی و صافی و مەولەوی و وەفایی و هێمن و تاهیر بەگی جاف) و بەتایبەتی زۆر چێژی لە خوێندنەوەی (چوارینەکانی خیام) دەبینی، کە هەژاری شاعیر کردبوونی بە کوردی و بگرە ژمارەیەکی زۆری چوارینەکانی لەبەرکردبوو کە هەر ئەمەش زیاتر بووە هۆی ئەوەی نووسینی چوارینە لەلای (خاڵۆ) خۆشەویست بکات، (خاڵۆ) دێڕبەدێڕی ئەم دیوانانەی بە تاسەو تامەزرۆییەوە دەخوێندەوە، سەرەڕای دیوانی شاعیرە کوردەکان تەفسیری قورئانی پیرۆزی دەخوێندەوە وەک (تەفسیری خاڵا) و تەفسیرەکانی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) ئیتر (خاڵۆ) دەبێتە تاکە خوێندەورای گوندەکەیان و هەر نامەیەک بهاتایە دەبوایە (خاڵۆ) بیخوێندایەتەوە و خەڵکەکەش وەک ڕێبەرو مەلای خۆیان سەیریان دەکرد.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە (خاڵۆ) زمانی عەرەبی بەباشی زانیوە و کەمێکیش سەری لە زمانی فارسی دەرکردووە. (خاڵۆ) هەر لە سەرەتای شەستەکانەوە بەهرەی شیعر نووسینی تێدا دەرکەوتووە و هۆنراوەی وتووە، بەڵام گوێی پێ نەداون و نەینووسیونەتەوە، بەو شێوەیە بڕوای بەخۆی نەبووە و لە توانای خۆی دڵنیا نەبوو هەتا کۆتایی ساڵانی حەفتاکان هەروا ماوەتەوە دوای ئەوە هەستی بەوە کردووە کە پێویستە لەمەولا بیری باوەڕ بەخۆنەبوون لە مێشکیدا دەرکات.
هەر هۆنراوەیەکی وت بەلایەوە پەسەند بێت لای خۆی تۆماری بکات و لە کۆتی خۆبەکەمزانین و بڕوابەخۆنەبوون خۆی دەرباز بکات وەک لە هۆنراوەیەکدا باسی دەکات : لەو دەردانەی کە سامناکە باوەڕ بەخۆنەبوون تاکە ئەوەی بڕوای بەخۆی نەبێ هەر لەژێر باری هیلاکە، ئیتر لێرەوە خاڵۆ بەتەواوی بڕیار دەدات کە چیتر ئەو زیانە کاریگەرە لەخۆی و لەقەڵەمە بڕشتەکەی نەدات و هەرشیعرێکی وت زوو بەزوو بیخاتە ناو دەفتەری.
سەرچاوە/ دیوانی خاڵۆ، مەهدی فاتیح عومەر، یەکەم چاپی ٢٠٠٩، لە چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری – هەولێر چاپ کراوە.