دووەم: خاڵۆی شاعیر تا تەمەنی ١٨ ساڵی نەخوێندەوار بوو

:: PM:11:13:12/12/2017 ‌
ئەو (خاڵۆ)یەی هەتا تەمەنی 18 ساڵی هەر شوانی و شمشاڵژەنینی دەزانی، لە تەمەنی (55) ساڵیدا بوو بە کەسێکی واکە خوێندنەوە و نووسینی شیعر لەلای بووە جێگەی سەرنج و تێڕامانی کەسانی دەورووبەر. (خاڵۆ) بۆ بژێوی ماڵا و خێزانی چەند ئیشێکی کردووە لەوانە (شوانی بەنایی جۆڵایی کشتوکاڵکردن) کە لە هەریەکە لەم ئیشانەدا زۆر کارامە بووە و خۆی وەستای خۆی بووە و هەر ئیشێکی بکردایە زۆر بە دڵسۆزی بەئەنجامی دەگەیاند، تەنانەت لەشوانیشدا وەک نەریتێکی شوانانە شمشاڵژەنێکی زۆر لێهاتوو بووە. 

(خاڵۆ) گەلێک دەردەسەری و دەربەدەری چەشتووە و لە ژیانیدا گەلێک جاران خانەو لانەی پێکەوە ناوە و لێی تێکچووە سەرەتا هەر لە گوندی (نۆڕەباب) کە زێدی باب و باپیرانی بووە خانووی دروست کردووە لە ڕاگوێزانی ساڵی (1979ز) دا لە (نۆڕەباب) وە دێتە ئۆردووگای زۆرەملێی (کەناروێ‌) تا ساڵی (1985ز) لە ئۆردووگای کەناروێ‌ دەمێنێتەوە و پاشان دەچێتە ئۆردووگای (کارێزە) و ساڵێک دەمێنێتەوە واتە تا ساڵی (1986ز) دوای ئەوە دەچێتە (قەڵاچوالان) و ماوەی ساڵێک واتە تا ساڵی (1987ز) لەوێ‌ دەمێنێتەوە، دوای کاولکردنی هەریەکە لەو ئۆردوگایانە بەماڵەوە دێتە شاری سلێمانی و لە ساڵی (1987ز) و لە گەڕەکی (شەهیدانی ئازادی) دەبێتە کرێنشین بۆ ماوەی ساڵێک دوای ئەوە بارگەو بنەی دەپێچێتەوە بۆ ئۆردوگای (باینجان).

ماوەی سێ‌ ساڵا دەمێنێتەوە (1988 1991ز) واتە تاکاتی ڕوودانی ڕەوی بە کۆمەڵی گەلەکەمان وەک هەموو کەسێک بەخۆی و ماڵا و منداڵەوە بە ئاوارەیی ڕوو دەکاتە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دوای سێ‌ مانگ مانەوە لە گوندی (خەرجەک) دەگەڕێتەوە کوردستانی باشوور و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی (کەناروێ‌) هەتا ساڵی (1994ز) لەوێ‌ دەمێنێتەوەو بە کشتوکاڵکردنەوە خەریک دەبێت، دوای 15 ساڵ دابڕان لە پایزی (1994ز) دا دەگەڕێتەوە بۆ گوندی (نۆڕەباب) ی باووباپیرانی تاکۆچی دوایی دەکات لەوێ ‌ژیان بەسەر دەبات. (خاڵۆ) لە پایزی (1995ز) دا تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت و بەم دەردەوە دەمێنێتەوە هەتا ڕۆژی دووشەمی(8 -9-1996ز) لە سەعات سێ‌ و نیوی دوای نیوەڕۆ لە تەمەنی شەست و هەشت ساڵیدا بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک دەنێ‌ و ماڵئاوایی لە شیعر و هاوڕێ‌ و کەسوکار و یادگاری چەند ساڵەی تەمەنی دەکات.

هەر لە گوندی نۆڕەبابی زێدی باو و باپیرانی بەخاک دەسپێردرێ‌ و لە دواکاتەکانی ژیانیدا ئەم شیعرە دەڵێ‌: ژیانم هێند بە ئازارە خۆڕاگرتنم لەدەست داوە مەرگ فریاکەوە نامەرد ئەگەر تۆش غیرەتت ماوە ناڵەناڵم شەو لە ئێش و زامی دەردم کارییە خەڵکی دەورم وا ئەزانن ناڵەناڵی تارییە، هەتا لە ژیاندابوو ئاواتە خوازبوو کە بەرهەمەکانی بۆ زیاتر خزمەتکردن بە ئەدەبی کوردی بڵاو بکرێنەوە، کە ئەم ئاواتەی لە چوارچێوەی چوارینەیەکیدا بەم جۆرە دەربڕیبوو: 

ڕۆژ بۆهەوری بەسەردابێ‌
 خونچە بەرگی لەبەردا بێ‌
 بلوری وەک شیعری (خاڵۆ) 
ئەبێ‌ تاکەی لە گەردا بێ‌ 

خودا چی بكەم لە دەست نـاز و چاوی خوماری ئەمشەوی
لـە دەستـڕێـژی پـۆلـی بـژۆی بەبێ‌ ئـەژماری ئەمشەوی
وەك زنـجیری شـاهـانەیە دەست و قـاچم پێوەند ئەكا
بێ بـەزەیی سـزام ئـەدا زوڵـفی ڕەشـمــاری ئەمشەوی
بـە شمشێری تیغی بـرۆی جـەرگ و دڵم لەت لەت ئەكا
كـە بـە جـووتە هێرش ئەكەن توركان بەكاری ئەمشەوی
دەوای دەردم هەمـوو ئـەكا مـەلاریـا و سیل و نـۆبـەتـا
بە مەرجێ‌ دەستم لێـی كەوێ‌ مەمكی هـەنـاری ئەمشەوی
زایـەڵـەی مەل لـە چیمەنـا ئەمشەو بێ قەدر و قیمـەتـە
لــە ئیعـجـازی عیسـا ئەكـا ســۆزی وتــاری ئـەمـشەوی
گوڵزاری هیند نرخی شكــا لـە جوانی باخچـەی سینەكەی
عەنبەری چین مسكـی خووتەن ئەدا گـوڵـزاری ئەمشەوی
خـاڵـی لـە ڕووی ڕیـزكردووە ئەڵێی سەربـازی هینـدییە
كـوشتـاری لاو و پـیـر ئـەكــا تـیـپی هـەزاری ئەمشەوی
كـە ڕوو گـرژ و خوێـنـاویـیـە بـرینـی نـووكی خـەنجەری
بـزەی لێـوی ئـەرسـتـووە بـۆ بـریـنـداری ئـەمـشـەوی
بـەرز و بـاریـكـە هـەلـَچووە بەژنی وەك داری عەرعەرە
خەجـاڵـەتە سەرووی ڕەوان لە لـەنـجـە و لاری ئەمشەوی
بـۆ كـوشـتـاری خـاوەن دڵان بێ‌ بـەزەیی وەك خـۆی نییە
لە كردەوەی جـەنگیـز ئەكـا جەنگ و كوشتـاری ئەمشەوی
كـیژە كـوردی كـۆچـەریـیـە تـازە ڕەشـمـاڵـی بـەستووە
هـاوڕێـیـەكـی گـوێ‌ ڕایـەڵــم بـۆ نـۆ هـەواری ئەمشەوی
كـاتـی مـەرگ دەسـتـم كـەوێ‌ چـاكـە بـۆ ڕۆژی دادگـام
بیـَتـە ژێـر سـەرم دوو ڕانـی نـەرم و لـەبـاری ئەمشەوی
وێـران بـووە دڵـی (خـاڵـۆ) بـە لـەشـكـری ئـەویـنـەكـەی
بــا بـە نـازێـك ئـاوای بـكـا وێـرانـە شـاری ئـەمـشـەوی

سەرچاوە/ دیوانی خاڵۆ، مەهدی فاتیح عومەر، یەکەم چاپی ٢٠٠٩، لە چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری – هەولێر چاپ کراوە.



وشە - ژیڤان خۆرانی