بەرپرسێكی حەشدی شەعبی لە كەركووك هاتە رفاندن

:: PM:11:29:12/12/2017 ‌

سەرچاوەیەك لە هیزە تەناهییەكانی شارۆكەی خورماتوو رای گەیاند كە ئەم ئیوارەیە جێگری بەڕێوەبەری شەهیدان و لێقەوماوانی دەستەی حەشد شەعبی لە باشووری كەركووك هاتووەتە رفاندن و دەست كراوە بە لێكۆڵینەوەی توند بۆ دۆزینەوەی.

سەرچاوەكە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو جێگری بەڕێوەبەری شەهیدان و لێقەوماوانی دەستەی حەشد شەعبی لە باشووری كەركووك، دكتور حوسێن حەكیم و برایەكی بە ناوی حەسن حەكیم و شوفێرەكەیان بە ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی خویان لە سەر ڕیگەی گشتیی كەركووك- بەغدا لە سنووری شارۆكەی خورماتوو نەماون، ئێستەش هەموو هەوڵەكان خراونەتە گەڕ بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسیان.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئەو بەرپرسە لە كاتێكدا لە سلێمانییەوە دەگەڕایەوە بۆ بەغدا و لە ناو شاری كەركووكەوە پێوەندی بە كەسوكارییەوە كردووە و پاشان هیچ هەواڵێكیان نازانن و موبایلەكانیان داخراوە  و تا ئیستەش هیچ سۆراغێكیان نییە و پێ دەچێت رفینرابن.

لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە یارمەتی باڵێكی ناو پارتێكی سیاسی كوردستان، ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانیان كۆنترۆڵ كرد، لەو ناوەدا لەكانی هەڵمەتەكە و دوای ئەوەش ژمارەیەك هاووڵاتی كورد بە دەستی هێزەكانی عێراق بوونە قوربانی، جیا لەو پێشێلكارییانەی كە دەكرێت، سیاسەتێكی رێكی تەعریب و بەشیعەكردن دەستی پێ كردووە.

كەركووك/ ئارام شێركۆ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل