راهێنەرە نوێیەكەی دۆرتمۆند لە یەكەم یاریدا سەركەوتنی تۆمار كرد

:: AM:08:57:13/12/2017 ‌

یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند شەوی رابردوو بەسەركردایەتی راهێنەرە نوێیەكەی لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 16ی خولی پلە یەكی ئەڵمانیا یەكەم سەركەوتنی بەسەر یانەی ماینز تۆمار كرد.

یارییەكە لە دەرەوەی یاریگەی یانەی دۆرتمۆند و بە ئامادەبوونی پیتەر شتوگەر راهێنەری نوێی یانەكە بوو و بە 2 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە، بەمەش ئەمە یەكەم سەركەوتنی یانەی دۆرتمۆندە لە ماوەی سێ مانگی رابردوو و دروست لە كۆتاییەكانی مانگی ئەیلوولدا.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هیچ كام لە یانەكان نەیانتوانی گۆڵی تیپی بەرامبەر بهەژێنن، بەڵام لە گێمی دووەمدا سۆكراتسی بەرگریكاری یۆنانی لە خولەكی 55 گۆڵی یەكەمی یانەی دۆرتمۆندی تۆمار كرد.

بەر لە تەواوبوونی یارییەكەش لە خولەكی 89 شینگی كاگاوای ئەستێرەی ژاپۆنی گۆڵی دووەمی یارییەكە و یانەی دۆرتمۆندی بەهاوكاری پییر ئێمریك ئۆبامیانگی هێرشبەری گابۆنی تۆمار كرد.

بەم سەركەوتنە یانەی دۆرتمۆند خاڵەكانی كردە 25 و بۆ ریبەندی چوارەمی یانەكانی خولی ئەڵمانیا سەركەوت، لەبەرامبەریشدا خاڵەكانی یانەی ماینز لە 16 راوەستاو و لە ریزبەندی 15ی یانەكان گیرسایەوە.

دوێنێ سێشەم هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 16ی خولی ئەڵمانیا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكەیان برێتی بوو لە: ڤوڵفسبۆڕگ 1-1 لایپزیگ، فرایبۆرگ 1-0 مونشنگلادباخ، هامبۆڕگ 1-2 فڕانكفۆڕت.

هەروەها ئەمڕۆ چوارشەمیش یارییەكان درێژەیان دەبێت و تێیدا یانەكانی هۆڤنهایم – شتوتگارت، بایرلێڤەركوزن – فێردەر بریمەن، بایرن میونشن – كۆڵن، هێرتا بەرلین – هانۆڤەر و شالكە – ئۆگسبۆڕگ رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م