بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان عه‌بادی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی دانوستان ده‌كات

:: AM:10:58:13/12/2017 ‌
دوای ئەوەی ڕۆژی شەموو سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش لە عێراق ڕاگەیەنرا، فەرماندەی میلیشیاكانی ئەبو فەزلی عەباس گرووپە چەكدارەكانی هەڵوەشاندەوە و دووپاتی كردەوە كە ئەوان لە ژێر فەرمانی سەرۆك وەزیرانن، پاشان موقتەدا سەدریش لە پەیامێك ڕای گەیاند، میلیشیاكانی سەرایای سەلام چەك ڕادەستی حكوومەت دەكەنەوە، بەڵام سەرچاوەكان لە حكوومەتی عێراقی هێما بۆ ئەوە دەكەن، عەبادی لەگەڵ سەركردە باڵاكانی حەشد دەستی بە دانوستاندنی نهێنی كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و گواستنەوەی چەكدارەكان بۆ ڕیزی سوپا و هێزە تەناهییەكان و ڕادەستكردنەوەی چەك بە دەوڵەت، لە بەرانبەریش سەركردەكانی حەشدی شەعبی داوای پۆست و پێگەی و ئیمتیازی زۆر گەورەیان لە عەبادی كردووە، به‌شێك له‌ گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن هیچ كات ئاماده‌ نین خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، ئێران ئه‌مه‌ قبووڵ ناكات.

بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، عەبادی دانوستاندنی ئاشتییانەی لەگەڵ زۆر لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی كردووە و بەڵێنی پێ داون، كە چەكدارەكانیان بباتە ڕیزی سوپا و هێزە تەناهییەكانی تر، ڕەچاوی بڕوانامەی خوێندن بۆ وەرگرتنیان لەو هێزانە ناكات و هاوشێوەی هەر سەربازێكی سوپاش خانەنشینی دەیانگرێتەوە و پارچە زەوییان پێ دەدرێت، بەشێك لە گرووپە بچووك و مامناوەندەكان بەو پێشنیازەی عەبادی ڕەزامەند بوون و دەستیان بە هەنگاونان كردووە بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە.

ئەو بەرپرسەی بەغدا دەڵێ، لەو هەنگاوەی عەبادیدا مەرجەعیەتی باڵای شیعە بە تەواوی پشتیوانە و 12 سەركردەی باڵای حەشدی شەعبیش لە نەجەف لەسەر ئەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا كراوە، لە ڕۆژی یەكشەمی ئەم هەفتەیە، سیستانی داوای كردووە كە بەدەم داواكارییەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بچن.

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق حاكم زاملی كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی ئەحڕاڕی سەر بە ڕەوتی سەدرە لەوبارەوە گوتی، بەیاننامەكەی سەدر بە ڕادەستكردنەوەی چەك بە دەوڵەت لەلایەن هێزەكانی سەرایا سەلام، دەسپێشخەرییەكەی گەورەیە بۆ پشتیوانی حكوومەتی عێراق و پێشبینی ئەوەیش دەكات كە لە ماوەی داهاتوو میلیشیاكانی تریش وردە وردە خۆیان هەڵدەوەشێننەوە.

هەرچەندە میلیشیاكان ئەوانەی سەر بە عێراقن، پێ دەچێ بەرانبەر بەو دەسپێشخەرییە كاردانەوەی ئەرێنییان هەبێ، بەڵام چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو هێزە میلیشیایانەی كە ئێران لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی دروستی كردوون، بەهیچ شێوەیەك ناچنە ژێر باری دانوستاندن و دەسپێشخەری عەبادی و خۆیان هەڵناوەشێننەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د