بۆ پەرەدان بە كەرتی گەشتیاری لە وەرزی زستان و بە ئامانجی ڕاكێشانی گەشتیاران و بووژانەوەی ئابووریی ناوچەكە، لە سنووری شارۆكەی ئامێدی و لە چیای گارە و دەڤەری بەرواری باڵا، بەفرێكی زۆر باریوە و ئەمەیش ڕێخۆشكەرە بۆ دانانی ماتۆڕسواری سەر بەفر، تا خەڵك بۆ بەسەربردنی كاتەكانیان ڕوو لە ناوچەكە بكەن.
بێوار محەمەد هاووڵاتییەكی شارەدێی سەرسەنگی سەر بە شارۆكەی ئامێدییە بۆ "وشە" گوتی، ئەمساڵ لە ڕێی كەرتی تایبەت بۆ یەكەمجار ماتۆڕ و ئۆتۆمبێلی سەركێشی ناو بەفر هێنرایە چیایی گارە و هەفتانە یەك ڕۆژ سەركێشییەكانی سەر بەفر تا گەیشتن بە وەرزی بەهار دێتە ئەنجامدان.
هاوكات لە دەڤەری بەرواری باڵای سەر بە شارۆكەی ئامێدی بەهەمانشێوە كەرتی تایبەت، كۆمەڵێك ماتۆڕسكیلی سەر بەفریان هێناوە و ڕۆژانە خەڵكی دەتوانن بچنە ناوچەكە و یاریی خلیسكان و سەركێشی سەر بەفر ئەنجام بدەن.
سەربەست ئاكرەیی بەڕێوەبەری شارەدێی كانی ماسێی دەڤەری بەرواری باڵا بۆ "وشە" گوتی، ئامانج لە كردنەوەی ئەو دوو شوێنە بۆ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسواری لەسەر بەفر، بۆ ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیارانە تا لە وەرزی زستانیش ڕوو لە ناوچەكەمان بكەن و كاتی خۆش بەسەر ببەن، لە دەڤەری بەرواری باڵا توانیومانە لە 10 شوێنی جیاجیا ماتۆڕسواری سەر بەفر دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی هەموو گەشتیارانی زستان بتوانن چێژ لە ساتەكانیان لە ناوچەكەمان وەربگرن.
زیاتر گوتی، ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە ناوخۆ و لە توركیاوەش دێنە ناوچەكەمان، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ یارییەكی سەر بەفر نامێننەوە و دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، بۆیە ڕۆژانە لە ڕێی مەرزی سەرزێڕی نێوان كوردستان و توركیا، خەڵك دێنە ناوچەكە و بەشداری لە یارییەكانی سەر بەفر دەكەن.
دەڤەری بەرواری باڵا یەكێكە لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان لەگەڵ توركیا و دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر باكوری شارۆكەی ئامێدی، ڕێژەی بەفربارین لەو ناوچەیە ساڵانە دەگاتە زیاتر لە دوو مەتر و نیو، ههزار و 500 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دوای شارۆكەی حاجی ئۆمەران، بە دووەم ساردترین شوێنی كوردستان دادەنرێت و نزیكەی 70 گوندی بەسەرەوەیە.
ئامێدی/ نەوزاد هلۆری.