پێنج كوردی ئێزیدی لە دەستی داعش ڕزگار كران

:: PM:01:09:13/12/2017 ‌
نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی كوردی ئێزیدی لە دەست تیرۆریستانی داعش، توانییان پێنج كوردی ئێزیدیی تر لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكەن و بیانگەڕێننەوە ناو كەسوكاریان لە شاری دهۆك.

حوسێن قائیدی بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی كوردی ئێزیدی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەمڕۆ پێنج هاووڵاتیی تری كوردی ئێزیدی لە ڕێی ئێمەوە لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرانەوە و گەیەنرانە پارێزگای دهۆك و بە كەسوكاری خۆیان شاد بوونەوە.

زیاتر گوتی، ئەو پێنج كەسە خەڵكی گوندی كۆجۆ، گرعوزێر و سولاخی سەر بە شارۆكەی شنگالن و تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ 15 ساڵان بوو، لە 2014ەوە لەوكاتەی تیرۆریستان پەلاماری ناوچەكانی كوردستانیان دا، كەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش و تا ئێستە چارەنووسیان دیار نەبوو، بەڵام ئێمە توانیمان بیاندۆزینەوە و ڕزگاریان بكەین.

ئاماژەی دا، هەڵمەتەكانمان بۆ ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی كوردی ئێزیدی بەردەوامە و لە سووریا و عێراقیش لە پێوەندیدان بۆ ئەوەی هەرچی زووە تەواوی كوردانی ئێزیدی كە لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون ڕزگاریان بكەن و بیانگەڕێننەوە ناو كەسوكاری خۆیان.

جێی باسە لە سەرەتای هاتنی داعش بۆ ناوچەكانی شەنگال و دەوروبەری زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی بێسەروشوێنن، تا ئێستە توانراوە سێ هەزار و 214 كەسیان بدۆزرێنەوە و ڕزگار بكرێن، بەڵام تا ئێستە زیاتر لە سێ هەزار كەسی تریان ماون و تا ئێستە چارەنووسیان یەكلا نەبووەتەوە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.


وشە - باز ئه‌حمه‌د