بەرپرسانی ناوخۆیی پارێزگای نەینەوا و ڕێكخراوە مرۆیییەكان ئاشكرایان كرد، نزیكەی 900 ئاوارەی عێراق لە ژن و منداڵ لە یەكێك لە كەمپەكانی باشووری مووسڵ لە ناوچەی حەمام عەلیلی 25 كیلۆمەتری باشووری مووسڵ، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە ڕاگیراون و ماوەی چەند هەفتەیەكە لەو دۆخە ماونەتەوە، بەهۆی پێنەبوونی بەڵگەی سەلماندن كە خەڵكی ناوچەكەن، بێ نان و پێداویستییە سەرەتایییەكانن و تووشی برسیەتی و گرفتی گەورە بوونەتەوە.
بەرپرسان ئاماژە بەوە دەكەن، كە برسیەتی خەریكە ئەو 900 ئاوارەیەی مووسڵ بەرەو مەرگ ڕاپێچ دەكات، جیا لەوەی پلەكانی گەرمایش ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن، ئەمەیش وای كردووە بەهۆی سەرما و برسیەتییەوە ژمارەیەكیان گیانیان لە دەست داوە و دۆخی منداڵانی ناو كەمپەكەیش زۆر خراپە و مەترسی مردنی زۆرینەی منداڵان لە ئارادایە.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە "
العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، نیوەی ئەو 900 ئاوارەیە ژنن و بەشێكی تریشیان منداڵن، لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە سەرجەمیان لە كەمپەكە دەستبەسەر كراون، بەهۆی پێنەبوونی ناسنامە بۆ سەلماندنی هاووڵاتیبوونی خۆیان كە ئەمەیش ڕێوشوێنی ڕۆتینییە و ناكرێ ئەو خەڵكە بەوهۆیەوە بەرەو مەرگ ببرێن، ڕێ نەدرێ بگەڕێنەوە ماڵەكانیان، چونكە ئەوان لە كاتی جەنگ تەنیا خۆیان و جلەكانیان هەڵاتوون و خۆیان ڕزگار كردووە و هیچی تریان پێ نییە، بۆیە پێویستە هێزەكانی عێراق بە پەلە ئازادیان بكەن و ڕێ بدەن كۆمەكیان پێ بگەیەنرێت.
زیاتر گوتی، ئەوان بە تۆمەتی ئەوەی كەسوكاری داعشن گرتوویانن، بەڵام سەرجەمیان هاووڵاتیی ئاسایی مووسڵن، ئەگەر كەسوكاریشیان لەناو داعش بن، ئەوان هیچ تاوانێكیان نییە و شایستەی ئەوە نین بخرێنە ناو گرتووخانەوە و بە برسیەتی و لە بەر سەرما گیان لە دەست بدەن، ئەمە كارێكی دوور لە ڕەوشت و بەها مرۆیییەكانە.
ئەحمەد عەبدولسەلام تائی ئەندامی لیژنەی ڕێكخراوی مووسڵ بۆ كارە مرۆیییەكان گوتی، ئەو سەدان هاووڵاتییە عێراقییە لەو شوێنە گیراون، بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێكی دادوەر و هیچ پشتیوانییەكی یاسایی بۆ ئەو كارەی هێزەكانی عێراق هەبێ. ئەگەر بیانووی هێزەكان پێ نەبوونی ناسنامەیە، ئەوا دەتوانن بانگی فەرمانگەی باری شارستانی مووسڵ بكەن و لە ماوەی چەند خولەكێك ناویان دەدۆزرێتەوە لە تۆمارەكانی ئەوان، بەڵام دیارە لایەن هەن لەو كارە سوودمەندن كە ئەو 900 كەسە لە سەرما و بە برسیەتی بهێڵرێنەوە، بۆیە سوورن لەسەر گرتنیان بەو شێوەیە.