یەكگرتوو پرۆژەیەك بۆ باشبوونی دۆخی ئابووری كوردستان دەخاتەڕوو

:: PM:03:03:13/12/2017 ‌

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پڕۆژە یاسایەكی هەیە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پێشكەوتن و گەشەكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، خاڵی یەكەمی پڕۆژەكەشیان بریتی دەبێت لە گەڕانەوەی پێگەی ئابووریی كوردستان لە عێراقی فیدڕاڵ.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی كانوونی یەكەم، بەهزاد دەروێش سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە" وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو پڕۆژەیەی ئێمە هەمانە بۆ بەهێزكردنەوەی ئابووریی كوردستانە، هەروەها خاڵی یەكەم و ئامانجی سەرەكیی پێشكەشكردنی پڕۆژەكەمان گەڕاندنەوەی پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێمە لە حكوومەتی فیدڕاڵدا.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو گوتی، خاڵێكی تری پڕۆژەكەمان بریتییە لە دروستكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی لەناو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا و چارەسەركردنی كێشە دارایییەكانی هەرێم، بە تایبەتی مووچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەكەوت.

دەروێش ئاشكرای كرد كە ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەی شەش مانگە، بەو هۆیەوە حكوومەت دەتوانێت بە شێوەیەكی ڕاگوزەرانە جێبەجێی بكات و كۆمەڵێك كێشەی هەنووكەیی چارەسەر بێت.

دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی چوارشەمی نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكوومەت، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە نێوان شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران كرا و تێیدا دووەم ڕای گەیاند،  پێداچوونەوە بە دەرماڵەكان و مووچەی خانەنشینان و خانەنشینە پلەتایبەتەكان دەكرێ.



وشە - رامیار جەواد