بڕیاری ناساندنى قودسى وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ى باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ى بۆ ئه‌و شاره و لێكه‌وت و په‌رچه‌كرداره‌كانى له‌لایه‌ن وڵاتانى عه‌ره‌بی و زۆرینه مسوڵمانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، زۆر به وردی تاوتوێی كردووه و وای كردووه په‌رچه‌كرداره‌كان به‌رانبه‌ر وه‌ها بڕیارێكى مێژووى كه‌م ببێته‌وه.
چاودێرانى سیاسی پێنج هۆكار ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن كه سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رچاوى گرتووه پێش ده‌ركردنى بڕیاره‌كه، ئه‌وانیش باشتربوونى پێوه‌ندییه‌كانى میسر له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ره‌وشى ناوخۆى سعوودیه، گرێبه‌سته‌كانى تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانى كه‌نداو، سه‌رقاڵى ئێران و ره‌وشی ناوخۆى توركیا و باشتربوونى پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
یه‌كه‌م: سه‌رده‌مى زێڕ‌ینى نێوان میسر و ئیسرائیل له سه‌رده‌مى سیسی
دواى گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن عه‌بدولفه‌تاح سیسی له میسر و له ده‌سه‌ڵات هێنانه خواره‌وه‌ى محه‌مه‌د مورسیی سه‌رۆك، هه‌رزوو ئیسرائیل به به‌یاننامه‌یه‌ك پشتیوانى خۆى بۆ سیسی راگه‌یاند.
دواى ئه‌و رووداوه ئیسرائیل له مانگی ئه‌یلوولى 2015 جارێكى تر باڵوێزخانه‌ى خۆى له میسر كرده‌وه و ئاڵاى ئیسرائیل له قاهیره هه‌ڵدرایه‌وه و پێوه‌ندیى میسر و ئیسرائیل له‌سه‌رده‌مى سیسی چووه قۆناغێكى نوێ كه زۆرینه‌ى چاودێرانی سیاسی به مانگی هه‌نگوینى ناوى ده‌به‌ن، به تایبه‌ت دواى سه‌ردانى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى میسر بۆ ئیسرائیل و پاشانیش ئاماده‌بوونى له پرسه‌ى شه‌معوون پێرێز سه‌رۆكى پێشتری ئیسرائیل.
پێوه‌ندییه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته به‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو له بڕی دژایه‌تى سه‌ربازی، هاوكاری سه‌ربازی له‌نێوانیاندا دروست بوو، له‌مباره‌یه‌وه حاییم كورین باڵوێزی ئیسرائیل له میسر ده‌ڵێ، ئه‌مه باشترین ئه‌و قۆناغه‌یه كه ئیسرائیل پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌هۆى هاریكاری نێوان میسر و ئیسرائیل. هاوكات یائیر جولان جێگری سه‌ركرده‌ى گشتیى سوپاى ئیسرائیلیش ده‌ڵێ، هیچ كاتێك پێوه‌ندییه‌كانى ئیسرائیل له‌گه‌ڵ میسر هێنده‌ى ئێسته باش نه‌بووه.
پێوه‌ندییه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته له ئاستى هه‌واڵگریش له بری دژایه‌تى، ئێسته هاوكاری گرنگی یه‌كتری ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌شه وایكردووه میسر چه‌كى قورس بباته سینا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕۆكان و رێیش به فڕۆكه‌كانى ئیسرائیل بدات له سینا له چالاكه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بدات.
چاودێرانى سیاسی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بڕیاری ناساندنى قودس به پایته‌ختى ئیسرائیل له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، به ئاگاداری و ره‌زامه‌ندیی میسر و سعوودیه بووه، ئه‌گه‌رچى به‌رپرسانى ئه‌و دوو وڵاته له ئاستى میدیا و راى گشتى دژى بڕیاره‌كه ده‌وه‌ستنه‌وه.
چاودێران پێیانوایه هاوكێشه‌ى ململانێى ناوچه‌كه گۆڕاوه و ئێسته پرسی فه‌ڵه‌ستین پرسی سه‌ر مێز نییه، به‌ڵكو فراوانبوونى هه‌ژموونى ئێران له ناوچه‌كه پێویست ده‌كات هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كى نوێ دروست ببێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، ئه‌ویش هاوپه‌یمانیه‌تى وڵاتانى سوننه‌ى ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
به‌گوێره‌ى هه‌ندێك زانیاری، حكوومه‌تى میسر به‌شێك له‌و چالاكانه‌ى گرتووه كه دژى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ خۆپیشاندانیان كردووه و به‌شێكى تریش له ژێر چاودێرین. به‌ڵام سعوودیه وه‌ك میسر هیچ چالاكێكى نه‌گرتووه چونكه له سعوودیه خۆپیشاندان دژى بڕیاره‌كه ئه‌نجام نه‌درا.
دووه‌م: سعوودیه له ئیسرائیل نزیك ده‌بێته‌وه و سكاڵاش له ئێران ده‌كات
پێش ئه‌وه‌ى بڕیاره مێژوویییه‌كه بدات، تره‌مپ ئاماده‌كاری بۆ باشتركردنى پێوه‌ندییه‌كانى نێوان سعوودیه و ئیسرائیل كرد و به‌هۆیه‌وه رێككه‌وتنى تیران و سه‌نافیر ئه‌نجامدرا كه به‌هۆیه‌وه ره‌وشێكى نوێ له ده‌ریای سوور هاته كایه‌وه و كه‌شتییه ئیسرائیلییه‌كان ئێسته ده‌توانن به ئاسانى به‌وێدا تێپه‌ڕ ببن.
به‌گوێره‌ى میدیاكانى ئیسرائیل،پێوه‌ندییه نهێنییه‌كانى نێوان سعوودیه و ئیسرائیل له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان به‌رده‌وامى هه‌یه، بنیامین نه‌تانیاهۆ له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه ده‌ڵێ، ئه‌مه رووداوێكه پێشتر مێژوو به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه.
تره‌مپ هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو له گه‌شته‌كه‌ى بۆ سعوودیه، هێڵی ئاسمانى نێوان سعوودیه و ئیسرائیلی كرده‌وه، كاتێك به فڕۆكه تایبه‌ته‌كه له ریاز به‌ره‌و ته‌لئه‌بیب گه‌شتى كرد و دواى دابه‌زینیشی له فڕۆكه‌خانه‌ى ته‌لئه‌بیب رای گه‌یاند، هه‌ڵوێستى به‌رپرسانى سعوودیه له‌سه‌ر ئیسرائیل ئه‌رێنییه.
ئه‌وه‌ى زیاتر پێوه‌ندییه‌كانى نێوان سعوودیه و ئیسرائیلی له‌یه‌ك نزیك كرده‌وه، بوونى دوژمنێكى هاوبه‌ش بوو له ناوچه‌كه‌دا كه ئێرانه. یوفال شتاینچ وه‌زیری وزه‌ى ئیسرائیل له 20ى تشرینى دووه‌می ئه‌مساڵ له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه ده‌ڵێ، به‌رپرسانى سعوودیه دووپات له به نهێنى مانه‌وه‌ى ئه‌و پێوه‌ندی و هاوكارییه ده‌كه‌نه‌وه.
بوونى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، پاڵى به عه‌ره‌بستانى سعوودیه نا بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانیه‌تى سه‌ربازیی وڵاتانى ئیسلامى كه ئێران تێیدا ئه‌ندام نابێت و دژى ئیسرائیلیش نابێت، به‌ڵكو دژى گرووپه تیرۆریستییه‌كان ده‌بێت له وڵاتانى عێراق، سووریا، لیبیا، میسر و ئه‌فغانستان. وه‌ك میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینى پادشا ده‌ڵێ، ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه بۆ پاراستنى پیرۆزییه‌كانى ئیسلام نییه وه‌ك قودس.
شاره‌زایان پێیانوایه زیاتر مه‌به‌ست له هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هیلالی شیعه‌یه كه سعوودیه به تیرۆر ناوی ده‌بات، ئه‌مه‌شه وایكردووه میدیا ئیسرائیلییه‌كان بڵێن له عه‌ره‌ب مه‌ترسن، ئه‌وان به ئێرانه‌وه سه‌رقاڵن.
سێیه‌م: له گه‌شته‌كه‌یدا بۆ كه‌نداوی عه‌ره‌بی، تره‌مپ به بڕی 420 ملیار دۆلار گرێبه‌ستى كرد
پێش راگه‌یاندن و ناساندنى قودس به پایته‌ختى ئیسرائیل، تره‌مپ له گه‌شتى بۆ وڵاتانى كه‌نداو به به‌هاى 420 ملیار دۆلار گرێبه‌ستى ئابووری و چه‌كی واژوو كرد كه سعوودیه له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه بوو.
ئه‌و گرێبه‌سته مێژوویی و زه‌به‌لاحه ئه‌سته‌م بوو دواى راگه‌یاندنى ناساندنى قودس به پایته‌ختى ئیسرائیل ئه‌نجام بدرایه كه له مانگی ئایاری ئه‌مساڵ سه‌ردانى سعوودیه‌ى كرد و رێككه‌وتنى ماوه درێژى له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام دان، له ناویاندا رێككه‌وتنى پێفرۆشتنى چه‌ك به به‌هاى 110 ملیار دۆلار كه گه‌وره‌ترین گرێبه‌سته له مێژووى سعوودیه كرابێت.
دواى ئه‌و گرێبه‌سته و گه‌مارۆ خستنه سه‌ر قه‌ته‌ڕ له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه، قه‌ته‌ڕیش گرێبه‌ستى به به‌هاى 15 ملیار دۆلار له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ست بۆ كڕینى فڕۆكه‌ى جه‌نگی ئیف 15 و پاشانیش كوێت به به‌هاى پێنج ملیار دۆلار هه‌مان فڕۆكه‌ى كڕی و دواتریش به‌حرێن به به‌های سێ ملیار و 800 ملیۆن دۆلار ئیف 16ى كڕی.
دواى ئه‌و گرێبه‌سته، شاندێكى به‌حرێنى سه‌ردانى ئیسرائیلى كرد له چوارچێوه‌ى ئاشته‌وایی نێوان ئاینه‌كان كه ئه‌مه یه‌كه‌م سه‌ردانى فه‌رمى وڵاتێكى كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌بێت بۆ ئیسرائیل.
چواره‌م: ئێران سه‌رقاڵه به ئیداره‌دانى ململانێی هیلالی شیعه له وڵاتانى عه‌ره‌بی
بڕیاری ناساندنى قودس به پایته‌ختى ئیسرائیل له‌لایه‌ن تره‌مپ، له كاتێكدایه چاودێرانى سیاسی پێیان وایه ئێران كه خۆى به گه‌وره‌ترین دوژمنى ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌ناسێت و دروشمى مردن بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلی له‌سه‌ر باڵى فڕۆكه‌كانى نووسیوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى توندی له بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ گرت، به‌ڵام له واقیعدا سه‌رقاڵه به ململانێی شیعه‌گه‌رایی و هیلالی شیعه له ناوچه‌كه و وڵاتانى عه‌ره‌بی له رێى گرووپه میلیشیا چه‌كداره‌كانى كه راسته‌وخۆ بڕیار له عه‌لى خامه‌نه‌یی رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامى وه‌رده‌گرن.
هاوكات حزبوڵا و سوپاى پاسداران سه‌رقاڵن به مانه‌وه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا، میلیشیاكانى حه‌شد له عێراق سه‌رقاڵى ململانێی سیاسی و به‌شداریكردنن له هه‌ڵبژاردن و گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌ڵات، حووسییه‌كان له یه‌مه‌ن دژى عه‌بد ره‌به‌ی سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته له جه‌نگدان كه ئێسته بووه‌ته نزیكترین خاڵى شه‌ڕى به وه‌كاله‌ت له نێوان سعوودیه و ئێران.
ئه‌گه‌رچى له ئێران فه‌یله‌قى قودسی هه‌یه كه له هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو دامه‌زراوه و به ناوى ئه‌و شاره كراوه كه تره‌مپ به پایته‌ختى ئیسرائیلى ناساند، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و فه‌یله‌قه كه قاسم سلێمانى سه‌ركرده‌یه‌تى، یه‌ك فیشه‌كیشی دژ به ئیسرائیل و له‌سه‌ر قودس نه‌ته‌قاندووه. ئێسته ئه‌ركی ئه‌و فه‌یله‌قه زیاتر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سوننه‌ى مسوڵمانه له عێراق و سووریا به تایبه‌ت و زۆر له پرسی فه‌ڵه‌ستین و قودس دوور كه‌وتووه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت قاسم سلێمانى له‌سه‌ر ناساندنى قودس به پایته‌ختى ئیسرائیل له‌لایه‌ن تره‌مپ، هیچ لێدوانێكیشی نییه و ره‌خنه‌یشی نییه.
پێنجه‌م: توركیا..پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا ئاسایی ده‌كاته‌وه
"هه‌نگاوێكه زیانی زۆر به پێوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و توركیا ده‌گه‌یه‌نێت". ئه‌مه لێدوانى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیایه نه‌ك له‌سه‌ر ناساندنى قودس به پایته‌ختى ئیسرائیل، به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی وێنه‌ى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری په‌كه‌كه له رۆژئاواى كوردستان.
یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل كه شاده‌ماری هێزی سووریاى دیموكرات پێكده‌هێنن، دیارترین ناكۆكییه‌كانى نێوان واشنتن و ئه‌نكه‌ره‌ن كه ئه‌مه‌ریكا به باشترین دۆستى خۆى ده‌ناسێنێت له سووریا و پشتگیریی سه‌ربازیشی ده‌كات، به‌ڵام توركیا به گرووپێكى تیرۆریستیى ده‌ناسێنێت.
پێش دوو هه‌فته له ناساندنى قودس به پایته‌ختى ئیسرائیل، تره‌مپ دڵنیایی دایه توركیا كه چیتر یارمه‌تى سه‌ربازیی هێزی سووریاى دیموكرات ناكات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى تره‌مپ دواى رزگاركردنى ره‌قه دێت له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه, كه دواتر 400 سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكیشی له سووریا كشانده‌وه كه هاوكاری و راوێژى سه‌ربازییان پێشكه‌ش به هێزی سووریاى دیموكرات ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش جۆرێك له دڵنه‌وایی دایه به‌رپرسانى توركیا و پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و باشتر رۆیشت، بۆیه چاودێرانى سیاسی پێیان وایه توركیا له‌سه‌ر ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل، باشتربوونى پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا تێك نادات و به‌مه‌ش تره‌مپ توانى له نیگه‌رانی و تووڕه‌یی توركیا له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ى كه‌م بكاته‌وه، كه پێشتر له مانگى حوزه‌یرانى 2016 پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی كردبووه‌وه دواى شه‌ش ساڵ له پچڕان له‌سه‌ر هێرشى ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌شتى مه‌ڕمه‌ڕه‌ی توركی كه هاوكاری بۆ كه‌رتى غه‌زه له توركیا هێنابوو.
دواى ئاساییكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا، كشاندنه‌وه‌ى باڵوێزی خۆى له ئیسرائیل له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ، زیاتر زیان به توركیا ده‌گه‌یه‌نێت نه‌ك ئیسرائیل، بۆیه ته‌نیا وه‌ك لێدوان دژى بڕیاره‌كه وه‌ستایه‌وه، ئه‌مه‌ش نابێته كارتێكى گوشاری گه‌وره، ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێسته‌كانى توركیا زۆر كه‌متر بوو له‌و هه‌ڵوێسته‌ى دژى ئه‌مه‌ریكاى وه‌رگرت له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى ئۆجه‌لان له رۆژئاواى كوردستان. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا به رێژه‌ى هه‌ڵوێستى توركیا به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بی توندتر بووه و نه‌تانیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیلى نیگه‌ران كرد كاتێك رای گه‌یاند ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل، وا ده‌كات پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانى نێوان ئه‌نكه‌ره و ئیسرائیل بپچڕێت. گوتى "قودس نووری چاومانه و ناتوانین به‌جێى بهێڵین بۆ وڵاتێك كه منداڵ ده‌كوژێت".
هه‌ڵوێسته‌كانى ئه‌ردۆغان زۆر توندتر بوون له هه‌ڵوێستى وڵاتانى عه‌ره‌بی كاتێك ئیسرائیلى به وڵاتێكى تیرۆریست ناوبرد و رای گه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى پێشوازی له لووتكه‌ى وڵاتانى ئه‌نجوومه‌نى هاریكاری ئیسلامى ده‌كات.