وەزیری راگەیاندنی داعش كوژرا

:: AM:09:27:11/10/2016 ‌
رێكخراوی تیرۆریستی داعش، كوشتنی بەرپرسی راگەیاندنی رێكخراوەكەی لە پارێزگای رەقەی سووریا لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكە ئەمەریكییەكان پشتڕاست كردەوە.

مانگی ڕابردوو هێزەكانی ئەمەریكا كوشتنی بەرپرسی ڕاگەیاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان ڕاگەیاند، بەڵام تا ئەمڕۆ سێشەم، لەلایەن تیرۆریستانەوە ئەو زانیارییانە پشتڕاست نەكرایەوە.

رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە پێگە ئەلیكترۆنییەكانی بە رەسمی كوشتنی ئەو بەرپرسەی خۆی دووپات كردەوە و ئاشكرای كرد، وائیل عادل حەسەن سەلمان فەیاز كە بە "ئەبو محەمەدی فرقان" ناسراوە و پلەی ئەمیری دیوانی ڕاگەیاندنی داعشی هەبووە، كوژراوە.

رۆیتەرز وردەكاری ڕاگەیەنراوەكەی داعشی بڵاو كردەوە، بەڵام تیرۆریستان كات و شوێنی كوشتنی ئەو ئەمیرەی رێكخراوەكەیان ڕانەگەیاندووە.

پێشتر گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" پیتەر كۆك ئاشكرای كرد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆكانی كوشتن و لەسێدارەدانی دیلەكان دەكات، لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمەریكاوە پێكراوە و كوژراوە.

هەروەها گوتی، ئەو بەرپرسە كەسی دووەمی ڕاگەیاندنی داعش بووە دوای كوشتنی ئەبو محەمەد عەدنانی گوتەبێژی داعش لە 30 ئاب/ئۆگستسی ڕابردوو، وەك وەزیری نوێ و شوێنگرەوەی محەمەد عەدنانی ناوی هاتووە.

وشە/سكای نیوز، و:باز ئەحمەد.




وشە - باز ئه‌حمه‌د