فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی بۆ شانۆ لە هەولێر ساز دەكرێت

:: PM:07:18:13/12/2017 ‌
ماوەی چەند ڕۆژێكە بەڕێوەبەڕایەتی هونەری شانۆی هەولێر دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ شانۆكار و هونەرمەندان ساز دەکات بۆ ئامادەكاری بۆ سازكردنی فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە شانۆ لە شاری هەولێر.

ئەمڕۆ لەكاتی ئامادەكارییەكاندا، بۆ سازكردنی ئەو فێستیڤاڵە كە چەند ڕۆژێكی ماوە ساز بكرێت، هیوا سوعاد بەرێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر و سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێكە بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ سازكردنی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، دیدار و گفتوگۆی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین لەگەڵ هونەرمەند و شانۆكاران، بەرنامەكان ئامادە دەكەین و ئامادەكارییەكان دەكەین، ئەوانەی پسپۆرن لە تەكنیك و كاروباری فیستیڤاڵ بۆ ئەو فێستیڤاڵە و ئامادەكارییەكانی هەڵبژێردراون."

زیاتر گوتی: "لە ساڵانی ڕابردوودا سێ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ ساز كراوە و سەركەوتوانە كارەكانی بەڕێوە چووە. ئەو فێستیڤاڵەی ئەمساڵ ١٠ شانۆگەری تێدا نمایش دەكرێت و ئەزموونێكی تری شانۆیی دەخەینە سەر خزمەتكردن بە هونەر و شانۆی كوردی."

"بەشداریكردن لەو فێستیڤاڵە بۆ هەمووانە و تەنیا بەشداربووانی هەولێر ناگرێتەوە، بەڵكو بەشداربووان بە تیپ و گرووپ و شانۆكارانەوە لە وڵاتانی میسڕ و كوێت و ئەڵمانیا و پارێزگاكانی هەولێر و بەغدا و سلێمانی و دهۆك و كەركووك و هەڵەبجە بەشداری تێدا دەكەن و مێوانداری دەكرێن و بەرهەمە شانۆییەكان بە زمانە جیاوازەكانی كوردی و عەرەبی و ئەڵمانی نمایش دەكرێت." هیوا سوعاد وا دەڵێت.

ئاماژەی دا: "ژیان بەردەوامە و ئێمە بە هونەر بەرەنگاری گرفتەكان دەبینەوە و بە هونەر یەكڕێزی دەپارێزین، بە هونەر بە دنیا دەڵێین: ئێمە گەڵێكی زیندووین و مافەكانمان دەپارێزین. ئێستە بەشێكی زۆر لە ئامادەكارییەكان تەواو بووە و وەزارەتی دارایی پشتگیری مادی ئەو فێستیڤاڵە دەكات."

ئەو فێستیڤاڵە لە ١٧ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧ ساز دەكرێت و ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت، وەك ساڵانی ڕابردووش چەندان چالاكی جۆراوجۆری تێدا نمایش دەكرێت.

هەولێر/ شاخەوان شێخانی









وشە - ژیڤان خۆرانی