فێستیڤاڵێکی کولتووری لە زانکۆی ڕاپەڕین به‌ڕێوه ‌چوو

:: PM:10:49:13/12/2017 ‌
سه‌ره‌تا بڕیار بوو ڕۆژی سێشەم 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، ئینستیوتی کەلەپووری کورد، بە ھاوکاری زانکۆی راپەڕین فێستیڤاڵ و سیمیناری کولتووری ڕێک بخەن و پیشانگەی کتێب و فۆتۆگرافی تێدا بکرێتەوە، به‌ڵام ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ چوو.

ئه‌مڕۆ هەر ڕێبوارێک بگەشتایەتە دەروازی زانکۆی ڕاپەڕین، ئەوا گوێی پڕ دەبوو لە دەنگی ڕەسەنی کوردی و چاوی بە وێنەی جۆراوجۆر و کتێبی کوردی دەکەوت، ئەمانە بەشیك بوون لە فێستیڤاڵێکی کولتووریی کە لەلایەن ئینستیوتی کەلەپووری کوردەوە ئامادە کرابوو.

ئەو فێستیڤاڵە ئامانج لێى، ناساندن و ئاشناکردنی مێژووی کەلەپووری کوردە بە ئامادەبووان. 

بێجگە لە پێشاندانی کارە هونەرییەکان، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا بە بەشداری هونەرمەندی بەناوبانگ مەزهەری خالقی، سیمینارێکیش بەڕێوە چوو.

بەشیکی گەورە لە فێستیڤاڵەکە تەرخان کرابوو بۆ گوتنی لاوک و حەیران و مەقام لەگەڵ پێشاندانی لایەنە جۆربەجۆرەکانی ژیانی کوردەواریی لە هەرچوار پارچەی کوردستان.

لە بەشێکی تری فێستیڤاڵەکەدا، پێشانگەی فۆتۆگرافی لەبارەی (جوانی کولتوور لە ژیانی کوردەواریدا) و (مێژووی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە 1875)دا كرایه‌وه‌. دواتریش نمایشی فیلمی بەڵگەنامەیی پێشانی ئامادەبووانی فیستیڤاڵەکە درا.

ھەر لە فێستیڤاڵەکەدا کۆڕێک لەبارەی (کولتووری کورد لە کۆڕێکی شارەزایاندا) بۆ ھەریەک لە (مەزھەری خالقی، د. محه‌مه‌د دلێر و م. مستەفای سەید مینە) بەڕێوە چوو.

ئەنستیوتی کەلەپوری کورد وەک ناوەندێکی ناحکومی لە ساڵی 2003 وە لەلایەن هونەرمەند مەزهەری خالقییەوە دامەزراوە و کار بۆ کۆکردنەوە و دووبارە ساغکردنەوەی بەرهەمە کەلەپوورییەکانی کوردەواریی دەکات و یەکەمجارە چالاکییەکی وا گەورە لە دەڤەری ڕاپەڕین ئەنجام دەدات.



وشە - محەمەد میران