یەکەم: چوارینەبەندێکی ئەحمەدی خانی بە چوار زمان بۆ یەکەم جار بخوێنەوە

:: PM:10:52:13/12/2017 ‌
ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٧) شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد بووە. خانی لە یەکەم کەسانێک دادەنرێت کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیویەتی. بە ناوبانگترین بەرھەمی کتێبی شیعری "مەم و زینە" کە چیرۆکێکی دڵدارانە دەگێڕێتەوە لە ساڵی ١٦٩٢ بە شێوەزاری کرمانجی نووسراوە.

ناوی ئەحمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم بووە. لە ساڵی ١٠٦١ی کۆچی مانگی بەرانبەر بە ١٦٥٠ یان ١٦٥١ زاینی لەدایک بووە. نازناوی شیعری لە ھۆزی خانیان وەرگرتووە، بەشێکی ئەم ھۆزە لە دەورووبەری ناوچەی بۆتان بوون، بەڵام بنەماڵەی شاعیر باریان کردووە بۆ شاری بایەزید. لە "مەم و زین"ەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە خانی لە جزیرە‌ ژیاوە. خانی یەکێک بووە لە مەلا گەورەکانی سەردەمی خۆی و شارەزاییەکی چاکی لە فەلسفە و زانستەکانی تردا ھەبووە. خانی لە دێڕێک لە هۆنراوەکانیدا باسی لەدایکبوونی خۆی دەکات و دەڵێت:


لەو ڕا کو دەما ژ غەیب فەک بوو 
تەئریخ هەزار و شەست و یەک بوو

وەک لە سەرچاوەکانی ژیانی و کردەوە ئەدەبییەکانی شاعیر دەردەکەوێ باب و باپیرانی لە ڕووی داراییەوە ژیانیان ئاسان بووە و بە بەختیاری ژیاون. ئەحمەدی خانی ھەموو ژیانی بۆ خوێندەواری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی سیاسی خەرج کردووە لە کۆمەڵی کوردەواریدا. ئەمە دوو لایەنی ڕووناکی بووە، یەکەمیان بەرھەم ھێنانی داھێنانی ئەدەبی، واتە شیعری، دووەمیان فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵان و لاوی کورد لە ڕووی خوێندەوارییەوە.


شاعیر لە مەڵبەندی لەدایکبوونی، شاری بایەزید، لە ساڵی ١٧٠٧ (١١١٩ی کۆچیی مانگی) کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.

لە کتێبی دیالۆگ – ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نووسراوە: «ئەحمەدی خانی ھەر لەسەرەتاوە دەیزانی کە کەلووپەلی کوردی بازاڕیان نییە، واتە ئەو کتێبانەی کە بە کوردی نووسیبوونی نەیاندەتوانی بگەنە ژمارەیەکی زۆر خوێنەر». ئەمەش بۆ دوو ھۆ دەگەڕێتەوە. لە لایەک ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئەحمەدی خانی تێدا دەژیا، بەشی ھەرەزۆریان نەخوێندەوار بوو و لە لایەکی ترەوە زمانی نووسین و خوێندنی ئەو سەردەمە زیاتر بە زمانی عەرەبی و فارسی بوو، نووسەرانی ڕۆژەھەڵاتی ناوین بە نووسەرانی‌ کوردیشەوە بەو زمانانە کتێبیان نووسیوە.


ئەحمەدی خانی یەکەم شاعیرە کە گلەیی لە سەرۆک ھۆزەکانی کورد دەکات کە یەکناگرن و پشت بە نەیارانیان دەبەستن، دەنا دوژمنانی کورد غوڵامێتیان بۆ کورد دەکرد و دەڵێت :


گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
روم و عەرەب و عەجەم تەمامی ھەمیا ژ مە تا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت

ئەحمەدی خانی، گرنگییەکی زۆری بە زمانی کوردیی داوە و کاتێک بە زمانی کوردی شیعری نووسیەوە تەنیا ھەر بۆ ئەوە نەبووە کە بەو زمانە بنووسێت، بەڵکو بە کوردیی نووسینی، وەکو ھەڵوێسەیەک لە دژی دەستەڵادارن و زمانەکەیان بەکار ھێناوە، ھاوکات وەکو ڕەخنەیەکیش لە کوردەکان خۆیان، چونکە خانی پێی وابووە کە زوو خۆیان دەدەن دەست، ئاغا و دەستەڵادارە بێگانەکان. کوردەکان ئازا و دلێر بوون، شاسووار، وەفادار، جێیمتمانە بوون، بەڵام ئەوە بەدەردی چی دەخوات، کاتێک خۆیان پەرش و بڵاو بن و نەتوانن یەکبگرن تا خۆیان کەیخودای خۆیان بن؟ زمانی نووسین دەتوانێت ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھەست بکەن کە ئەوانیش‌ نەتەوەیەکن وەهەروەها هانی کوردانی داوە بۆ ڕوو بەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەران.

سەرچاوە/ دیوانا کرمانجی، بەرهەڤوک عەبدوڕەقیب یوسف، یەکەم چاپی چاپخانەی (الاداب) لە نەجەف لە ساڵی (١٩٧١) چاپ کراوە.



وشە - ژیڤان خۆرانی