رۆناڵدۆ پێش میسی كەوتەوە و بووە گۆڵكاری مۆندیالی یانەكان

:: AM:09:30:14/12/2017 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهان توانی پێش ركابەرەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی بكەوێتەوە و ببێتە گۆڵكاری مێژوویی جامی مۆندیالی یانەكان.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە قۆناغی پێش كۆتای مۆندیالی یانەكاندا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لە یانەی جەزیرەی ئیماڕاتی بردەوە، گۆڵی یەكەمی یانەی شاهانە لەلایەن رۆناڵدۆ لە خولەكی 53ی گێمی دووەمدا هاتە تۆماركردن.

بەم گۆڵە رۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەكانی كردە 6 گۆڵ و بەفەرمی بووە گۆڵكاری مێژوویی جامی مۆندیالی یانەكان و پێش هەریەك لە ركابەرەكانی لیۆنێل میسی و لویس سوارێزی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە بكەوێتەوە.

رۆناڵدۆ ئەو 6 گۆڵەی لە 7 یاری جامی مۆندیالی یانەكان لە سێ پاڵەوانیەتیی جیاوازدا تۆمار كردووە، گۆڵی یەكەمی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد بوو لە قۆناغی پێش كۆتایی بەرامبەر یانەی گامبا ئۆساكای ژاپۆنی لە ساڵی 2008، دواتر لە قۆناغی پێش كۆتایی پارساڵ بەرامبەر یانەی ئەمەریكای مەكسیكی گۆڵێكی تری تۆمار كردبوو دواتریش  لە یاریی كۆتاییدا توانیبووی 3 گۆڵ بەرامبەر یانەی كاشیمای ژاپۆنی تۆمار بكات.

ئەمە چوارەمین پاڵەوانیەتیی جامی مۆندیالی یانەكانە رۆناڵدۆ بەشداری تێدا دەكات، جاری یەكەم لە ساڵی 2008 بوو لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد، دواتریش لە ساڵانی 2014، 2016 و 2017 لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە پاڵەوانیەتییەكەدا یاریی كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م