هوشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی مه‌كته‌بی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌یه‌ك وڵات به رژدی له‌سه‌ر هێڵن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و نایشارێته‌وه "عه‌بادی كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌په‌رست و عیناده، به‌ڵام رێی تر نییه و هه‌ر ده‌بێت هه‌ڵوێستی بگۆڕێت".
سیوه‌یلی له دیدارێكی "وشه"دا باس له پێوه‌ندییه‌كانی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان ده‌كات كه نه‌گه‌یشتوون به‌هیچ ئه‌نجامێك له‌باره‌ی پشتگیریكردنی حكوومه‌ت و ئه‌وه‌یش ده‌خاته ڕوو، "یه‌كێتیی نیشتمانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌بێت خۆی لێپرسینه‌وه له‌وانه بكات كه هۆی كه‌وتنی كه‌ركووكن".
هۆی چییه تا ئێسته گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستی پێ نه‌كردووه؟
ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه داوامان كردووه كێشه‌كان له رێی گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر بكرێن و چاره‌سه‌ره‌كانیش به‌پێی ده‌ستوور بێت، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا داواكاری ئێمه‌یه، به‌ڵكو داواكاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشه كه كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌غدا تا ئێسته ئاماده‌ی گفتوگۆ نییه و سه‌رۆك وه‌زیران جگه له عینادی و غروور، هیچی تری لێ ناخوێنینه‌وه له‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌یه‌تی. هیوادارین به خۆیدا بچێته‌وه و كێشه‌كان له رێی ئاشتی له‌گه‌ڵ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكات، چونكه هه‌ر هه‌وڵێك له ده‌ره‌وه‌ی ئاشتی، كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات و له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كیش نییه.
ئایه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پشتی به‌چی به‌ستووه وا بێمنه‌ته و ئاماده‌ی گفتوگۆ نییه؟
به‌داخه‌وه ئه‌مه سروشتی سیاسه‌توانانی عێراق بووه هه‌ر له كۆنه‌وه، كاتێك خۆیان به‌هێز ده‌بینن یاسا و ده‌ستوور و رێككه‌وتنه‌كان پشتگوێ ده‌خه‌ن. خاڵی دووه‌م ره‌نگه پێوه‌ندی به هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه بێت كه لایه‌نه سیاسییه‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی نه‌یه‌وێت بێته پێشه‌وه له‌به‌ر حیساباتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو. خاڵی سێیه‌م هه‌ڵوێستی سه‌رۆك وه‌زیران خۆیه‌تی كه ئه‌جیندایه‌كی تایبه‌تتری هه‌یه و كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌په‌رسته، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نادۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌بێت، به‌ڵام دواجار رێی تر نییه و پێویسته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات، چونكه بۆچوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر گۆڕاوه و هه‌وڵ و گوشاره‌كانیان له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكه‌ن و له هه‌موویشی گرنگتر یه‌كڕیزیی گه‌لی كورده، چونكه ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌بینین هه‌نگاوێكی دروسته له عێراق ده‌كرێت له یه‌كگرتنی فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر بودجه و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له ناونه‌هێنانی هێزی پێشمه‌رگه له كۆتاهاتنی شه‌ڕی داعش، ئه‌گه‌ر ئێمه به یه‌كگرتوویی گوشار له‌سه‌ر عێراق دروست بكه‌ین، ده‌بێت به كارتێكی به‌هێزتر .
پێت وایه وڵاتان به رژدی هاتبنه سه‌ر هێڵ له كاتێكدا تا ئێسته گوشاره‌كان ئه‌نجامی باشی نه‌بووه؟
وڵاتان له رێی كه‌ناڵه دیپلۆماسیه‌كانی خۆیانه‌وه به‌رده‌وامن له هه‌وڵ و گوشار بۆ سه‌ر عێراق به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌رێی گفتوگۆوه، ره‌نگه له میدیا زۆر شت باس نه‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگادارین ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی رژد له‌سه‌ر هێڵن.
چ وڵاتێك زیاتر له‌سه‌ر هێڵه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان؟
وڵاتان به‌گشتی له‌سه‌ر هێڵن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی زیاتر كاریگه‌رییان هه‌یه فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیان، هه‌ریه‌كه له‌وان به‌پێی كاریگه‌ریی خۆیان له پێوه‌ندی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ عێراق بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و ئێمه گله‌ییمان له به‌ریتانیا هه‌بوو له دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ڵام ئێسته باڵوێزه‌كه‌یان گۆڕاوه و یه‌كێكی نوێ هاتووه به رژدی هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن .
توركیا و ئێران پشتگیری له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن و دژی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوون، ئێسته‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه؟
توركیا و ئێران دوو وڵاتی دراوسێی گرنگن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عێراق هه‌یه، به‌ڵام ئێسته هه‌وڵ و گوشاره‌كان له‌لایه‌ن وڵاتانی تره‌وه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، پێویسته هه‌وڵه‌كانی رووسیاش له‌بیر نه‌كه‌ین كه هه‌وڵی رژدی داوه و داواكاره كێشه‌كان به ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌وڵی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی هه‌یه بكه‌وێته سه‌ر رێچكه‌یه‌كی راست و دروست و ئاسایی.
چ شتێك بووه‌ته به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی له به‌رده‌م ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له نێوان هه‌رێم و به‌غدا؟
ئه‌وان كۆمه‌ڵێك داواكارییان له كوردستان هه‌یه كه ده‌ستووری نین، یه‌كێك له‌وانه خاڵه سنوورییه‌كان له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتیان بێت، ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره كه ده‌ستنیشانی كردووه به‌هاوبه‌شی به‌ڕێوه ببرێن، ئێمه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه ده‌ستوور بنه‌ما بێت و ئه‌وانیش له میدیاوه هه‌مان قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام له كرداردا هیچ هه‌نگاویان نه‌ناوه پشت به‌ده‌ستوور ببه‌ستێت، به‌ڵام چاره‌ی تر نییه جگه له گفتوگۆ.
به‌ڵام ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شێته‌وه و باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌مه داوكاری سه‌ره‌كییه بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ؟
ریفراندۆم له‌لایه‌ن سێ ملیۆن كه‌سه‌وه ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه، هیچ حكوومه‌ت و لایه‌نێكی سیاسی ناتوانێ ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و پێویسته حكوومه‌تی عێراق ئه‌وه باش بزانێت و له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش سوورین، سه‌رۆك بارزانی خۆی باسی له‌وه كردووه هیچ حزب و لایه‌نێك ناتوانێ ئه‌نجامی ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، بۆیه پێویسته حكوومه‌تی عێراق ئه‌مه چاك بزانێت .
ئێوه پێشتر ئاماژه‌تان به گرنگی یه‌كهه‌ڵوێستی كورد دا بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام له ناوخۆی كوردستان تا ئێسته لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كێشه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك، هۆی چییه؟
ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه باسمان له‌وه كردووه پێویسته ناوماڵی كوردی رێك بخرێته‌وه و پارتی هه‌وڵی بۆ ئه‌مه داوه، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆ بووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق به یه‌كگرتوویی گفتوگۆ بكه‌ین و هاوكات یه‌كهه‌ڵوێست بین به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی ئێسته‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی به باشی به‌ڕێوه ببات و پشتگیری بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته به تایبه‌ت گۆڕان نه‌هاتووه‌ته پێشه‌وه و پڕۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌شی پارتی كردووه كه باس له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئێسته ده‌كرێت و دروستكردنی حكوومه‌تی كاتی، ئێمه پێمان وایه كاتی زۆرمان له به‌رده‌ست نییه حكوومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و دروست بكرێته‌وه، بۆیه باشتره پشتگیری له حكوومه‌تی ئێسته بكرێت.
كه‌واته نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ گۆڕان؟
نه‌خێر تا ئێسته نه‌گه‌یشتووین به ئه‌نجامێك.
پێوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆنه، به‌تایبه‌ت دوای رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر؟
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له حكوومه‌ت به‌شدارن و به ئاشكرا پشتگیری له حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كیشه‌یه‌ك هه‌بێت پێوه‌ندی به یه‌كێتی خۆیه‌وه هه‌یه، ئه‌وان له ناوخۆیاندا كێشه‌یان هه‌یه و ناتوانن وه‌ك ناوه‌ندێكی یه‌كگرتوو بێنه پێشه‌وه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌وه‌ی له ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر رووی دا هۆكاری هه‌موو شكسته‌كانی تر بوو، چونكه ئه‌گه‌ر رووی نه‌دایه كاره‌ساته‌كه به‌و شێوه‌یه گه‌وره نه‌ده‌بوو و پێش ئه‌وه‌ی ئێمه باسی بكه‌ین، په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و باسه‌ی كردووه و پێویسته روو بكه‌ینه یه‌كێتی خۆی و لێپرسینه‌وه له‌و كه‌سانه بكه‌ن كه بوون به‌هۆی ئه‌و رووداوانه.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق به‌شداری ده‌كه‌ن؟ پێشتر قسه هه‌بوو له‌سه‌ر به‌شداری نه‌كردن.
هێشتا بڕیاری كۆتا نه‌دراوه كه پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌كات یا نا، به‌ڵام ئێمه ماده‌م به‌پێی ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌رده‌وام ده‌بین تا ئه‌وكاته‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد بڕیاری خۆی ده‌دات، چونكه زۆر بژارده‌مان له به‌رده‌ستدایه، كشانه‌وه‌ی كورد به‌ته‌واوی له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، چونكه ئه‌گه‌ر كورد به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هیچ پێشكه‌وتنێكی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی، بێگومان لایه‌نه سیاسییه‌كان بژارده‌ی تریان له به‌رده‌سته، ئه‌ویش كشانه‌وه‌یه له پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌مه پێویستی به یه‌كگرتوویی لایه‌نه‌كان هه‌یه نه‌ك یه‌كێك بكشێته‌وه و یه‌كێك له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌رده‌وام بێت .
ئه‌گه‌ر كورد له پرۆسه‌ی سیاسی بكشێته‌وه و توانای حكوومه‌تی هه‌رێم له ڕووی ئابووری به‌و خراپییه بێت، ئایه ده‌توانێ به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت؟
ئێمه نه‌مان شاردووه‌ته‌وه كه دۆخی ئابووریمان خراپه، به‌تایبه‌ت ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی ده‌چووه ده‌ره‌وه بۆ كه‌متر له نیوه دابه‌زیوه، بۆیه ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا پرسی بودجه‌ی هه‌رێم كه كه‌م كراوه‌ته‌وه، له‌و رووه‌وه فراكسیۆنه كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی به‌غدا له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان.
وشه/ هه‌ولێر- بڵند ئیبراهیم