قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ناو بێنێ، هێرشی كرده سه‌ر مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه‌ی و به گه‌نده‌ڵ و قاچاخچی و ڕێگر و بكوژی ڕۆژنامه‌نووس ناوی برد. ئه‌م لێدوانه پرسی تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی كه هه‌میشه ناوی سه‌نگاوی پێوه ده‌لكێنرێت، زیندوو كرده‌وه و كه‌سوكاری كاوه "برینیان كولایه‌وه" و داوای سهرلماندن ده‌كه‌ن.
پاش كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌می ڕابردوو (10ی كانوونی یه‌كه‌م) له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك نموونه‌یه‌ك له گه‌نده‌ڵی، گوتی، "ئه‌وانه گه‌نده‌ڵن، بهكامل بۆیاخه‌وه دێنه سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و باسی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن و به‌ره‌كانی جه‌نگ چۆڵ ده‌كه‌ن و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌ره‌كانی جه‌نگ ده‌فرۆشن و ڕۆژنامه‌نووس ده‌كوژن" به‌ڵام ناوی كه‌سی نه‌هێنا. دواتر مه‌حموود سه‌نگاوی وه‌ڵامی قسه‌كانی دایه‌وه به توندی و وا كه‌وته‌وه كه تاڵه‌بانی مه‌به‌ستی سه‌نگاوی بووه.
شیرین ئه‌مین هاوسه‌ری كاوه گه‌رمیانی رۆژنامه‌نووسی تیرۆركرا‌و، به"وشه"ی گوت، به ساڵێك پاش شه‌هیدكردنی كاوه، هه‌ریه‌ك له قوباد تاڵه‌بانی به‌ڵێنی دا به‌دواداچوونی ورد بكات له‌و ده‌ستانه‌ی له پشته‌وه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس كاوه گه‌رمیانی بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه پاش پێنج ساڵ له تیرۆركردنی كاوه ته‌نیا ئاسایشێكی یه‌كێتی به‌و تاوانه سزا دراوه.
"ئێمه تاوانی تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكه به‌رپرسانی باڵای حزبه‌كه هه‌ستابوون به هه‌ڕه‌شه‌كردن له كاوه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش كاوه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و دزییه‌كانی ئه‌وان ده‌هاته ده‌نگ و پارێزگاری له مافی هاووڵاتییان ده‌كرد. ئێمه هه‌موو یه‌كێتی به تاوانبار ده‌زانین نه‌ك چه‌ند به‌رپرسێك، بۆیه ئه‌گه‌ر شه‌ڕی باڵه‌كانیان به خوێنی كاوه گه‌رمیانییه‌وه بكه‌ن مایه‌ی قبووڵ نییه". شیرین وا ده‌ڵێ.
شه‌وی پێنجی كانوونی یه‌كه‌می 2013 كاوه گه‌رمیانی، به به‌رچاوی دایكییه‌وه له گه‌ڕه‌كی سه‌ركه‌وتنی شارۆكه‌ی كه‌لار گوله‌باران كرا، دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كردبوو، مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی چه‌ند جارێك رووبه‌ڕووی دادگا كرایه‌وه، ماوه‌یه‌كیش ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دواتر دادوه‌ر بڕیاری دا كه ده‌ستی له تیرۆركردنیدا نه‌بووه، هه‌روه‌ها عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی به تۆمه‌تی ده‌ستهه‌بوون له‌و تاوانه زیاتر له جارێك رووبه‌ڕووی دادگا كرایه‌وه و ئه‌ویش هه‌ر به بڕیاری دادوه‌ر بێ تاوان هه‌ژمار كرا.
وێڕای بڕیاری دادگا و تاوانباركردنی ئه‌ندامێكی بێ پۆستی یه‌كێتی به تاوانی تیرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی، هێشتا گومانه‌كان له‌سه‌ر مه‌حموود سه‌نگاوی له‌لای به‌شێك له چالاكانی مافی مرۆڤ به‌رده‌وامی هه‌یه، ئه‌م لێدوانه‌ی قوباد تاڵه‌بانی ئه‌و گومانانه‌ی زیاتر له‌ناو خه‌ڵكیدا زه‌ق كرده‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات جگه له‌وه‌ی وه‌ك به‌شێك له ململانێكانی ناو یه‌كێتی هه‌ژمار ده‌كرێ، چاودێران وای بۆ ده‌چن، به‌هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه ناوخۆیییه‌كانیان، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتبێ به‌رپرسه‌كانی یه‌كێتی، نهێنییه‌كانی یه‌كتر هه‌ڵماڵن.
هاوسه‌ری كاوه گه‌رمیانی له رێی "وشه"وه به پێویستی زانی، په‌یامێك ئاراسته‌ی قوباد تاڵه‌بانی و مه‌حموود سه‌نگاوی بكات، به‌وه‌ی: یان تاڵه‌بانی بیسه‌لمێنێ مه‌حموود سه‌نگاوی كاوه‌ی شه‌هید كردووه، یان سه‌نگاوی خۆی پاك بكاته‌وه له‌و قسه‌یه‌ی قوباد تاڵه‌بانی و بێتاوانی خۆی بسه‌لمێنێ، ئه‌گه‌رنا ئه‌مه جارێكی تر ده‌ستی تۆمه‌تی بۆ درێژ ده‌كاته‌وه و دۆسیه‌كه به كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه.
قوباد تاڵه‌بانی له په‌یامه‌كه‌یدا كه "به‌بێ ناوهێنان" ئاماژه بۆ مه‌حموود سه‌نگاوی ده‌كات و وه‌ڵامه‌كانی سه‌نگاویش ده‌یسه‌لمێنێ ڕێك باسی ئه‌وه، باس له‌وه ده‌كات كه سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ی به‌جێ هێشتووه و چه‌كه‌كانیشی فرۆشتووه كه به ئاماژه به "ناپاكی نیشتمانی" هه‌ژماری ده‌كات، ئه‌م لێدوانه له‌گه‌ڵ قسه‌كانی كاروان ئه‌حمه‌د برای كاوه گه‌رمیانی نزیكه، كاتێك پێش چه‌ند ڕۆژێك له چواره‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆركردنی براكه‌یدا به"وشه"ی گوت: ئه‌وانه‌ی ناپاكییان كرد و حه‌شدی شه‌عبییان هێنایه سه‌ر خاكی كوردستان، ده‌ستی چه‌په‌ڵیان سووره به خوێنی شه‌هید كاوه.
ڕۆژنامه‌نووس كاوه ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری "ڕایه‌ڵ" و په‌یامنێری هه‌فته‌نامه‌ی "ئاوێنه"، دوای ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر مه‌حموود سه‌نگاوی له گۆڤاره‌كه‌یدا بڵاو ده‌كاته‌وه، ناوبراو پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی پێوه ده‌كات و وێڕای جنێودان، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێ ده‌كات و دواتر له پێنجی كانوونی یه‌كه‌می 2013 تیرۆر ده‌كرێ. دادگا بڕیاری دا سه‌نگاوی بێ تاوان بێت و كارمه‌ندێكی ئاسایشی گه‌رمیانی یه‌كێتی به ناوی "توانا خه‌لیفه" /29 ساڵ/ به‌و تۆمه‌ته گیرا و حوكم درا.
وشه/ كوردۆ شابان- سه‌بری هۆرینی