یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاری دا سانچێز مارتینێز بۆ ناوبژیوانیكردنی یاریی كلاسیكۆی نێوان هەردوو یانەی ركابەر ریال مەدرید و بەرشەلۆنە دیاری بكات كە بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێتە ئەنجامدان.
یانەی ریال مەدرید هەموو ئامانجی ئەوەیە لەم یارییەدا بە پشتبەستن بە یاریگە و جەماوەر سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە نێو ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا كە ئێستا بەكۆكردنەوەی 31 خاڵ و بەجیاوازی 8 خاڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە ریزبەندی چوارەمی یانەكان دێت.
مارتینێز ئەو ناوبژیوانەیە كە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید دڵیان پێی خۆشە، چونكە تا ئێستا ناوبژیوانی 6 یاریی یانەی شاهانەی كردووە كە تێیدا یانەكە 5 یاریی بردووەتەوە و لە یارییەكی تریشدا یەكسان بووە.
بۆ یانەی بەرشەلۆنەش مارتینێز ناوبژیوانی 4 یاریی كردووە و تێیدا تەنیا یەك یاریی بردووەتەوە و لە دوو یاریشدا یەكسان بووە و یارییەكیشی دۆڕاندووە.
تاكە شكستی یانەی بەرشەلۆنە لەژێردەستی مارتینێزی ناوبژیوان لە یاریی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا بووە كە چەند مانگێك پێش ئێستا بەڕێوە چوو و تێیدا یانەی ریال مەدرید بە 2 گۆڵی خاوێن یارییەكەی بردبووەوە.
وێنە: لیۆنێل میسی و سانچێز مارتینێزی ناوبژیوان