فڕۆكەیەكی كەنەدی تێكشكا

:: AM:10:06:14/12/2017 ‌
پۆلیسی فیدراڵی كەنەدا ئاشكرای كرد، فڕۆكەیەكی جۆری "ئەی تی ئاڕ 42"ی كەنەدی بەر لەوەی بفڕێ، لە فڕۆكەخانەی فۆن دۆ لاكی هەرێمی ساسكاتشیوانی ڕۆژئاوای كەنەدا كەوتە خوارەوە و بەوهۆیەوە 25 سەرنشینی فڕۆكەكە بریندار بوون و هیچ حاڵەتێكی گیان لە دەستدانی لێ نەكەوتووەتەوە.

هێزی دركی شاهانەی كەنەدا ئاشكرای كرد، فڕۆكەكە لە سەعات 18:15 خولەك بەكاتی كەنەدا و 12:15 خولەكی شەوی چوارشەم لەسەر پێنجشەم بەكاتی گرینچ، دوای ڕۆیشتنی بە نزیكەی كیلۆمەترێك لەسەر ڕێڕەوی فڕۆكەخانەی فۆن دۆ لاك كە 800 كیلۆمەتر لە ریجینای پایتەختی هەرێمی ساسكاتشیوان دوورە، تێكشكاوە.

لەلایەكی ترەوە پۆلیسی فیدراڵی كەنەدا لە بەیاننامەیەكدا ڕوونی كردەوە، 22 گەشتیاری ناو فڕۆكەكە و سێ لە تیمی فڕۆكەوانی فڕۆكەكە بریندار بوون، بەبێ ئەوەی هیچ حاڵەتێكی گیان لە دەستدانی لێ بكەوێتەوە، بەڵام برینی بەشێك لە بریندارەكان لە دۆخێكی ترسناكە و لە ڕێی ئاسمانییەوە بە پەلە سەرجەمیان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

فڕۆكەكە سەر بە كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی ناوخۆیییە بەناوی "وێست وێند ئاڤیشن" و ئەو فڕۆكەیە 45 سەرنشین هەڵدەگرێ و گەشتەكەی بەرەو شارەدێی ستونی رابیدس بووە كە فڕۆكەخانەیەكی بچووكی لێیە و بە ناوچەی كانی كانزایی بەناوبانگە.

دوای ڕووداوەكە تیمەكانی فریاگوزاری بە پشتیوانی سوپای كەنەدا بە پەلە گەیشتنە شوێنی فڕۆكەكە و بەهانای سەرنشینانی فڕۆكەكەوە چوون، تا ئێستەیش پۆلیس و تیمەكانی لێكۆڵینەوە هیچ زانیارییەكیان لەبارەی هۆكاری شكانی فڕۆكەكە نەخستووەتە ڕوو.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د