پەرلەمانتارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، كاروانێكی گۆشتی سنگی مریشكی چینی گەیشتووەتە عێراق كە ژەهراوییە و مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكات، بەڵام هەموو بەربەرستەكانی بڕیوە و لە بەغدایش بڵاو بووەتەوە.
عالیە نسەیف پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، بەگوێرەی زنجیرەی ژەهراویكردنی گەلی عێراق و زیادكردنی ژمارەی تووشاران بە نەخۆشیی شێرپەنجە، كاروانێكی گۆشتی سنگی مریشكی چینی گەیشتووەتە عێراق، پێشتر بازرگانان هەوڵیان دا لە ڕێی بەسرەوە بیهێننە ناو عێراق و هۆشداریمان دا، بەڵام دیارە لە دەروازەی ترەوە گەیاندوویانەتە عێراق.
زیاتر گوتی، كاروانە مریشكەكە لە بەنداوی مرسینی توركیاوە دابەزیوە و لە ڕێی سووریاوەیش گەیشتووەتە عێراق، بە شەنگال و مووسڵ تێپەڕیوە و پاشان گەیشتووەتە بەغدا و بە بیانووی دابەشكردنی ئەو گۆشتە بەسەر ئاوارەكان و هێزەكانی عێراق، لە هیچ بازگەیەك ڕانەگیراون و ئێستەیش لە بازاڕەكان بوونی هەیە و دەفرۆشرێتەوە، بەڵام ئەمانە بە تەواوی ژەهراوین و مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكەن.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە لایەنەكانی چاودێری بە وردی كاروانەكان بپشكنن و روحی هاووڵاتییان لە دەست بازرگانە چاوچنۆكەكان ڕزگار بكەن.