لە سەرەتای دەست پێكردنی كردەوەگەلی رزگاركردنی مووسڵ لە 17 تشرینی یەكەمی 2016 تا ئێستە، زیاتر لە 36 هەزار و 609 كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و لە كەمپەكانی خازر و حەسەن شام و زێلكان نیشتەجێ كراون، كە دەكاتە 78% كۆی ئاوارەكانی مووسڵ و دەوروبەری.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان رای گەیاند كە رۆژانە زیاتر لە هەزار كەس خۆیان دەگەیننە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دواتر بۆ ناوچە ئارامەكان دەگوازرێنەوە و لە كەمپەكان نیشتەجێ دەكرێن.
هەر لە سەرەتای دەستپێكی كردەوەگەلی رزگاركردنی گەیارە لە مانگی ئاداری 2016، زیاتر لە 33 هەزار كەس لە ناوچەكانی گەیارە، شەرگات و حاجی عەلی ئاوارە بوون و لە كەمپی دیبەگە نیشتەجێ كران، ئەو ژمارەیەش دەكاتە 84% ئاوارەكانی ئەو ناوچانە و رۆژانە زیاتر لە 100 كەس ئاوارە دەبن و لەو كەمپەكان نیشتەجێ دەكرێن.
كۆی گشتیی ئەو ئاوارانەی لە ماوەی هەردوو كردەوەگەلی گەیارە و چوار هەفتەی یەكەمی كردەوەگەلی مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە، دەگاتە زیاتر لە 67 هەزار كەس، كە لە دانیشتوانی ناوچەكانی باكوری پارێزگای سەڵاحەدین (شارۆكەی شەرگات)، باشووری مووسڵ و دواتر لە ناوچەكانی تری دەوروبەری مووسڵ و بەری چەپی شارەكە پێك دێت.
دوای تەنگژەی سووریا لە ساڵی 2011 و هاتنی داعش بۆ عێراق لە ساڵی 2014 چەندان شەپۆڵی گەورەی ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە دواترینیان لە ماوەی چوار هەفتەی یەكەمی كردەوەگەلی مووسڵ بووە و تا ئێستە ملیۆنێك و 411 هەزار و 314 ئاوارەی ناوخۆی عێراق و 216 هەزار و 860 پەنابەری سووریایی لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی نیشتەجێ كراون، بە جۆرێك كە 40% ئاوارەكانی عێراق و 97% پەنابەرانی سووریا لە عێراق، لە هەرێمی كوردستانن.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و لایەنەكانی تری پێوەندیدار كار بۆ نیشتەجێكردنی ئەو ئاوارانە دەكات كە لە میانەی كردەوەگەلی مووسڵ هانای خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان دێنن.
سەرچاوە: krg