ئێران دەكەوێتە نێو ئەو گێژاوەی خۆی دروستی كردووە

:: PM:12:00:14/12/2017 ‌

بەرپرسانی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵكی ناوخۆ كپ بكەن و سەرجەم گەندەڵی و تاوانەكانی خۆیان بشارنەوە، چەندان ساڵە خەریكی خوڵقاندنی تەنگژە و ناسەقامگیرین لە وڵاتانی دراوسێ و سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەوڵەكانی ئەو بەرپرسانە بۆ ناسەقامگیری هەموو سنوورەكانی بەزاندووە و كار گەیشتووتە ئەوەی رۆژانە بە سەدان كەس لە سووریا، عێراق، یەمەن، لبنان، فەلەستین، پاكستان و ئەفغانستان و وڵاتانی تر بەهای ئەو فراوانخوازییە بدەن.

لە سووریا بە سەدان هەزار كەس كوژراون بە ملیۆنان كەس ئاوارە بوون، لە عێراقیش لەوەتەی هەژموونی ئێران زاڵ بووە، خەڵكی ئەو وڵاتە هیچ كات خۆشیان لە خۆیان نەبینیوە، رۆژێك داعش، رۆژێك حەشد و رۆژێكی تر شێوازێكی تری تیرۆر و ماڵوێرانی بەربینگیان پێ دەگرێت. لە یەمەنیش كە هەر ئێران بە هەڵگیرسێنەری سەرەكی ئەو ناكۆكی و شەڕ و ئاژاوانە هەژمار دەكرێت، خەڵكی وڵاتەكە رۆژ بەرۆژ دۆخیان خراپتر دەبێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیچی تر ناتوانێت لە دوورەوە چاولێكەری ئەو فراوانخوازییانە بێت.

لە وڵاتانی رۆژئاوا یەكێك لە گرنگترین ئەو وڵاتانەی بە كردەنی دەیەوێت رووبەڕووی ئێران بوەستێت ئەمەریكایە و لە نوێترین هەنگاویشیدا دەیەوێت رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش بەوە رازی بكات سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكانی ئێران دابنێت، بۆیە بە بەڵگە كار بۆ ئەو ئامانجەی دەكات.

شەوی رابردوو نوێنەری ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی رۆڵی ئێران لە ناسەقامگیریكردنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، بەڵگەی زۆر حاشاهەڵنەگریان لە بەردەستە كە دەیسەلمێنێت ئێران چەك و پێداویستی سەربازی بە حووسییەكانی یەمەن داوە. بەگوێرەی بەیاننامەیەك كە نیكی هیڵی نوێنەری ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەردەم رۆژنامەنووسان كۆمەڵێك بەڵگەی حاشاهەڵنەگر دەخاتە ڕوو.

لە بەڵگەنامەكان ئەوە دەسەلمێنرێت كە ئێران یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێل كردووە و رۆڵی كاریگەری هەبووە لە ناسەقامگیركردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بی بی سی دەڵێت لە ناو ئەو بەڵگەنامانە هەندێك بەڵگە هەن كە باس لە وردەكاریی پێدانی مووشەك بە حووسییەكان دەكەن.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا كۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەكەی هیڵی دوای ئەوە بەڕێوە دەچێت كە بڕیارە دوو نوێنەری كۆماریخوازی ئەمەریكا پڕۆژەیەك لەبارەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران بخەنە روو.

ماوەی رابردوو حووسییەكانی یەمەن بە مووشەك هێرشیان كردە سەر سعوودیە و دواتریش ئێران بەوە تۆمەتبار كرا كە لە لای ئەوەوە مووشەكەكە دابین كراوە .

لە دوای ئەو هەنگاوەی ئێرانیش حكوومەتی سعوودیە دەستی كرد بە گەمارۆدانی یەكجارەكی یەمەن و بەمەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هاتە دەنگ و بە سعوودییەیان گوت بەم كارەی نەبێتە هۆی ئەوەی كارەساتی مرۆیی لە ناوچەكە دروست بكرێت و داوایان لێی كرد گەمارۆكە بشكێنێت.

ئێران تەنیا لە یەمەن رۆڵی ناسەقامگیری نییە، بەڵكو لە عێراق، سووریا و لبنانیش ئەو رۆڵە نەرێنییە دەگێڕێت. دوایین هەوڵی ئێران بۆ ناسەقامگیری عێراق بریتی بوو لە پاڵپشتیكردن لە حەشدی شەعبی بۆ گرتنەوەی ناوچە كوردستانییەكان.

قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران خۆی رۆژانە لە عێراق دەسووڕێتەوە و بە پیلانداڕێژەری سەرەكیی ئاژاوەنانەوە و ناسەقامگیری عێراق هەژمار دەكرێت. بەهێزترین پاساوی ئێران بۆ شیعەكانی عێراق ئەوەیە سەرجەم شیعەكانی ناوچەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوننەكان، دەبێت یەكگرتوو بن و بۆ سەلماندنی ئەو پاساوەشی رۆڵی هەبووە لە یارمەتیدانی داعش.

 كاتێك داعش لە سووریاوە پێگەی خۆی بەرفراوان كرد و لە ماوەیەكی كورتدا دەستی بەسەر بەشێكی بەرچاو لە پارێزگا سوننە مەزەوەكانی عێراقدا گرت. ئێران بێ ڕۆڵ نەبوو و لە لایەك ویستی پیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات لە سووریا پێویستە رووبەڕووی داعش ببنەوە كە لەمەدا سەركەوتوو بوو و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشار ئەسەدی بیر كرد. لە عێراقیش ویستی نیشانی شیعەی بدات ئەگەر ئێرانیان لە پشت نەبێت، ئەوا سوننە دەیانخوات، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكانی شیعە رێی زیاتر بە هەژموونی ئێرانی بدەن كە لەمەشدا سەركەوتوو بوو و دەستكەوتی ئێران هەژموونی زیاتر و بۆ خەڵكی عێراقیش دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیری سیاسی و تەناهیی زیاتر.

پێ دەچێت ئەمەریكا بژاردەی سەربازی بۆ كاتێكی نادیار هەڵگرتبێت و لە رێیەكی یاسایی و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رووبەڕووی ئێران ببێتەوە. دۆناڵد ترەمپ پێداگری لە پاشەكشەپێكردنی ئێران لە ناوچەكە دەكات و هەوڵی ئاشكراكردنی بەڵگەنامەكانیش بە بەشێك لە سیاسەتی ترەمپ دژی ئێران هەژمار دەكرێت. 

ئێستە هەموو ناوچەكە بە هۆی سیاسەتەكانی ئێران لە چەرمەسەری و ئاڵۆزیدایە و پێ دەچێت ئاكامی ئەو ئاڵۆزییانە ئەوە بێت ئێران خۆیشی بكەوێتە ناو ئەو گێژاوەی خۆی دروستی كردووە. 





وشە - سلێمان تاشان