یه‌كێتى و گۆڕان ڕێككه‌وتنێكى سیاسى و ڕێككه‌وتنێكى كارگێڕییان له‌نێواندایه له سنوورى پارێزگاى سلێمانى، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و ڕێككه‌وتنانه نه‌ك نه‌بوون به هۆكارێك بۆ باشبوونى ژیانى خه‌ڵك، به پێچه‌وانه‌وه بوونه‌ته هۆى قورستركردنى ئیشوكارى هاووڵاتییان، خۆیشیان ده‌ڵێن "ڕێككه‌وتنه‌كان وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراون".
یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ساڵى 2014 ڕێككه‌وتنى كارگێڕییان بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه واژوو كرد و ساڵى 2015 به ئاماده‌یى نه‌وشیروان مسته‌فا و جه‌لال تاڵه‌بانى، ڕێكخه‌ر و سكرتێرى كۆچكردووى هه‌ردوو حزب، ڕێككه‌وتنێكى سیاسی‌یان واژوو كرد، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و دوو ڕێككه‌وتنه نه‌چوونه‌ته خزمه‌تى خه‌ڵكه‌وه و پێوه‌ندییه‌كانى ئه‌و دوو حزبه سیاسییه‌ش له دۆخی نه شه‌ڕ نه ئاشتیدایه.
عه‌بدوڕه‌حمان عه‌بدوڵا ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند كه ڕێككه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراون و زۆر جاریش له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌و پرسه‌یان ورووژاندووه، به‌ڵام به‌گوته‌ی ئه‌و "سوودى نه‌بووه".
ئه‌و به‌پرسه‌ی گۆڕان دووپاتی كرده‌وه كه "پێوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و گۆڕان ده‌بێت باش بێت، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت بۆ هه‌ردوولا و خه‌ڵكى سنووره‌كه‌یش خراپه، به‌ڵام بێگومان ده‌كرا پێوه‌ندى ئه‌و دوو هێزه زۆر له‌وه‌ى ئێسته باشتر بووایه كه هه‌یه".
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ساڵى 2009 له‌سه‌ر ده‌ستى نه‌وشیروان مسته‌فا دامه‌زرا و ئێسته خاوه‌نى 24 كورسیى په‌رله‌مانى كوردستان و چوار وه‌زیرى دوورخراوه‌یه له كابینه‌ى هه‌شتى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌ندامه‌كه‌ى جڤاتى نیشتمانیى زیاتر گوتی، "ناتوانین نكۆڵى له‌وه بكه‌ین گۆڕینى پۆست و به‌رپرسیارێتییه‌كان به‌تایبه‌ت پارێزگارى سلێمانى كێشه‌ى بۆ ئیشوكارى هاووڵاتییان دروست كردووه، به‌ڵام وه‌ك گۆڕان هه‌موو هه‌وڵى كارێكمان بۆ باشتركردنى ژیانى خه‌ڵك و ئاسانكردنى ئیشوكاره‌كانیانه".
یه‌كێتى و گۆڕٍان دواى حه‌وت مانگ له هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان ڕێككه‌وتن و بڕیار بوو 50 پۆستى كارگێڕیى سنوورى پارێزگاى سلێمانى بدرێت به گۆڕان، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى به‌رده‌ست "وشه"، گۆڕان تا ئێسته نه‌یتوانیوه ته‌واوى پۆسته‌كانى وه‌ربگرێت.
"هه‌ندێ پۆست ماون كه تا ئێسته یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه و پشكى گۆڕانن و وه‌رمان نه‌گرتوون، به‌ڵام بارودۆخى یه‌كێتى و كێشه‌كانیان ڕێگره له یه‌كلاكردنه‌وه و گفتوگۆى ئێمه له‌گه‌ڵیان له‌وباره‌یه‌وه". به‌رپرسه‌كه‌ی گۆڕان وای گوت.
یه‌كێتى ئه‌گه‌رچى پۆستى پارێزگارى سلێمانى و چه‌ند پۆستێكى له سنووره‌كه داوه به گۆڕان، به‌ڵام به‌بێ ڕه‌زامه‌ندى خۆى ناهێڵێت بڕیاره‌كانى گۆڕان و به‌رپرسه كارگێڕییه‌كانی بچنه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، هه‌رچه‌نده گۆڕان براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بووه، ئه‌وه‌ش كێشه‌ى بۆ خه‌ڵكى سلێمانى و ئیشوكاره‌كانیان له فه‌رمانگه و دامه‌زراوه حكوومییه‌كان دروست كردووه.
سامان گه‌رمیانى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند، پێوه‌ندى یه‌كێتى و گۆڕان له ئاستێكى باشدایه و ئێسته سه‌ركردایه‌تییه‌كى هاوبه‌ش هه‌یه و بۆ هه‌موو پرسێكى نێوانیان گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
گه‌رمیانی ڕه‌تى كرده‌وه كه پێوه‌ندیى یه‌كێتى و گۆڕان بووبێته كێشه بۆ هاووڵاتییان و گوتى، "ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى له نێوان یه‌كێتى و گۆڕاندا هه‌یه له ململانێى سیاسى و هه‌ڵبژاردن له شوێنى تر بووایه، شه‌ڕى ناوخۆ ده‌هاته هه‌ڵگیرسان، به‌ڵام یه‌كێتى و گۆڕان ڕێككه‌وتنى سیاسى و كارگێڕییان كردووه و خزمه‌تى خه‌ڵك ده‌كه‌ن."
له‌باره‌ی جێبه‌جێ نه‌كردنى ڕێككه‌وتنه‌كانى نێوانیان، سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى یه‌كێتى گوتى، "یه‌كێتى به‌رده‌وام سووربوونى خۆى له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كانى له‌گه‌ڵ گۆڕان ڕاگه‌یاندووه و كاریشى بۆ كردووه".
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال